هاوشێوەی حكوومەت پەرلەمانی عێراقیش ژنان پەراوێز دەخات

:: PM:04:11:08/01/2019 ‌
 بڕیاری یەكخستنی هەردوو لیژنەی ژنان و ماڵبات و منداڵان لەگەڵ لیژنەی مافەكانی مرۆڤ و رێگرتن لە پەسند كردنی وەزیرە ژنەكان، ژنان لە ناوەندەكانی بڕیار دوور دەخاتەوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە ژنە پەرلەمانتارەكان خۆیان بۆ لیستەكان چەماندووەتەوە و دەنگ ناكەن.

شەشی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، پەرلەمانی  عێراق بڕیاری یەكخستنی هەردوو لیژنەی ژنان و ماڵبات و منداڵان لەگەڵ لیژنەی مافەكانی مرۆڤی راگەیاند و كردی بە لیژنەی مافەكانی مرۆڤ و ژنان و ماڵبات و منداڵان، ئەو هەوڵەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ناڕەزایەتی زۆری لێكەوتەوە بەتایبەت لەلایەن ژنانی پەرلەمانتار، ئەوان كۆك بوون لەسەر ئەوەی كە پیلانێكی مەترسیدار هەیە و بڕیاری پەراوێزخستنی رۆڵی ژن لە حكوومەت و پەرلەمان، بڕیارێكی هەڕەمەكی نییە، بە تایبەت دوای ئەوەی رێگری كرا لە پەرلەمانتارانی ژن بچنە لیژنەكە و زۆرینە پێك بهێنن.

لیژنە نوێیەكە لە حەوت ئەندام پێك دێت كە تەنیا سێ لەوان ژنن، تا ئێستەش دەستەی سەرۆكایەتییەكەی هەڵنەبژێردراوە، بەڵام مەترسییەكە لەسەر پەراوێزخستنی ژن لێرەدا گەورەتر دەبێت ئەگەر پیاوێك بكرێتە سەرۆكی لیژنەكە، دوای ئەوەی دوو كاندیدی ژن بۆ پۆستی وەزارەتیش دوو خرانەوە بەهۆی ئەوەی یەكیان برایەكەی و ئەوەی تریش هاوسەرەكەی پێوەندی بە داعش و حزبی بەعس هەبووە.

پشتكردنە رۆڵی ژنان و دوورخستنەوەیان لە كابینەكەی عەبدولمەهدی، هاوكاتە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی دەوڵەتی بۆ كاروباری ژنان بە پاساوی كەمكردنەوەی خەرجییەكان لەلایەن حكوومەتەكەی عەبادی، ئەگەرچی ئەوكات نەتەوەیەكگرتووەكان بەدەنگ هات و بە نووسراوی فەرمی داوای كرد بڕیارەكەی هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام حكوومەت هەر وەڵامیشی نەدایەوە.

ئەگەرچی لیژنەكەیان تەنیا حەوت ئەندام بوو، بەڵام بەگوێرەی زانیاری و داتاكانی كارو چالاكییەكانی لیژنەی ژنان و ماڵبات و منداڵان لە خولی رابردووی پەرلەماندا، توانی رێگری بكات لە مامەڵەی توندڕۆیی دژ بە ژنان، لەوانە رێگەدان بە هاوسەگیری كچانی تەمەن خوار 18 ساڵی، هاوكات رۆڵی لە ناساندنی ئازار و پێویستییەكانی ژنانی ئاوارە و بێوەژنان و ژنانی بێكار.

بە ئامانج گرتنی ژنان و دوورخستنەوەیان لە ناوەندەكانی بڕیار لەلایەن حكوومەت و پەرلەمانی عێراق لە كاتێكدایە، عەبادی لە حكوومەتی پێشتر تاكە وەزارەتەكەی ژنانی لە 2015 هەڵوەشاندەوە،  لەم خولەی حكوومەتەكەی عەبدولمەهدیش دوو ژن كە كاندید كران بۆ وەرگرتنی وەزارەت، بەهۆی تۆمەتبار كردنی هاوسەر و برایان لە پۆستەكە دوور خرانەوە.

مەنال مسلماوی ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگە دەڵێ، پەرلەمان تەنیا دوو لیژنەی بەیەكەوە گرێ نەداوە، بەڵكو دەنگی بە كاندیدی ژنیش نەدا بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەت، ئەوانیش سەبا تائیی كاندیدی وەزارەتی پەروەردە و ئەسما سادق كاندیدی وەزارەتی داد، تەنانەت ناوەكانیشیان نەهاتنە ناو هۆڵی پەرلەمان بەهۆی ناكۆكی سیاسی.

ئەو گوتی "عەبدولمەهدی بە فەرمی ناوی كاندیدە ژنەكانی نەخستە بەردەم ئەندامانی پەرلەمان". لە بارەی یەكخستنی دوو لیژنەكەش، مەنال پێی وایە ئەمە وا دەكات بە یەكجاری رۆڵی ژن لە ناوەندەكانی سیاسی و بڕیار پەراوێز بخرێت، بەمەش لیژنە یەكخراوەكەش ناتوانێت بە كاریگەری ئەركی سەرشانی راپەڕێنێت و وەرگرتنی بڕیاریش بۆ پشتگیری كردن لە پرسێكی پێوەند بە ژن یان مافەكانی ژنان قورس دەبێت چونكە زۆرنەی لیژنەكە پیاوانن، بۆیە گرنگە ژنان لیژنەیەكی تایبەت بەخۆیان هەبێت تا لایەنی كەم پشتگیری لە مافەكانیان بكەن، چونكە ژنانی عێراق تا ئێستەش لە دژوارترین دۆخدا دەژن بەهۆی شەڕ و ئاوارە بوونەوە.

بەگوێرەی دەستووری هەمیشەیی عێراق، ژنان 25%یان وەك كۆتا لە پەرلەمانی عێراق هەیە، واتە لە 329 ئەندامی پەرلەمان، 82 ئەندامی پەرلەمان ژنن. بەڵام لە سێ خولی رابردوو بەم خولەی ئێستەشەوە هیچ ژنێك كاندیدیش نەكراوە بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، هچ ژنێكیش سەرۆكی هیچ لیستێكی سیاسی نەبووە.

نوری مالیكی سەركردەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە 11ی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەری رابردوو، داوای لە عادل عەبدولمەهدی كرد وەزارەتی كاروباری ژنان و مناڵان دامەزرێنێت، بەڵام داواكەی هەر وەڵامیش نەدرایەوە.

كاتع روكابی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا دەڵێ یەكخستنی دوو لیژنەكە، كارێكی هەڵەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بوو، بە دیوەكەی تریش تێ نەگەیشتنی لیستەكانی پەرلەمانە لە لیژنەی ژنان كە بەلایانەوە لیژنەیەكی گرنگ نییە.

گوتی "وەك هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا هەموو هەوڵێكی خۆمان دەدەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری یەكخستنی دوو لیژنەكە كە هیچ پەیوەندییەك كاری هەردووكیان بەیەكەوە گرێ نادات.

فاتن روبێعی بەرپرسی دۆسیەی ژنان لە هاوپەیمانی چاكسازی دەڵێ بزر بوونی رۆڵی ژنانی سەركردە لە عێراق دەرئەنجامی لاوازی خودی ژنانە،  ئەوەتا وەزارەتی دەوڵەتی بۆ كارورباری ژنان وەزارەتێكی شكڵی بووە و هیچ رۆڵێكی نەبووە لە هەڵگرتنی ستەم لەسەر ژنان.

زیاتر گوتی "تەنانەت بڕیاری یەكخستنی دوو لیژنەكەی پەرلەمانیش هەر لەو سۆنگەیەوە بووە، چونكە لە خولەكانی پێشتریش لیژنەی ژنان هیچ رۆڵێكی نەبووە لە دەركردنی هیچ یاسایەك، ژنانی پەرلەمانتار هەمیشە ملكەچیان بۆ لیستەكانیان كردووە".

فاتن، پێی وایە كاندید نەكردنی هیچ ژنێك لە كۆی 22 وەزیر، بەڵگەی راستی دۆخی ژن لە عێراق دەگەیەنێت كە رووبەڕووی پەراوێز خستن و ستەم و بێبەش كردن بووەتەوە.

ئەگەرچی كۆتای ژنان هەیە و بەگوێرەی دەستوور 25%ە، بەڵام چالاكوانان مەترسی خۆیان ناشارنەوە لە بە ئامانج گرتنی ژنان لە ململانێیەكانی داهاتوو بە تایبەت لەسەر دەستە سەربەخۆكان، لەوێش پەراوێز بخرێن، مەترسی ئەوەیش هەیە لە ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش بە هەمان شێوە دوور بخرێنەوە، بۆیە دووپات لەوە دەكەنەوە ئەگەر كۆتا نەبووایە دۆخی ژن لە ناوەندەكانی بڕیار و سیاسی زۆر لەوەی ئێستە خراپتر دەبوو.



وشە - فه‌رمان سادق