زەنگێكی زیرەك ئاشكرای دەكات كێ بە دەوری ماڵەكەت دەخولێتەوە

:: PM:03:12:09/01/2019 ‌
كۆمپانیایەكی فڕەنسی، داهێنانێكی نوێ لە زەنگی دەرگای ماڵەكان دەكات، بە جۆرێك لە یەككاتدا ڤیدیۆ بۆ مۆبایلەكەت دەنێرێت و ئاگادارت دەكاتەوە لەو كەسانەی بە دەوری ماڵەكە دەخولێنەوە.

كۆمپانیای نیتاتمۆی فڕەنسی، زەنگێكی زیرەكی داهێناوە كە یارمەتیت دەدات لە پاراستنی ماڵەكەت و چاودێری كردنی دز و كەسانی نەناسراو كە بە دەوری ماڵەكەت دەخولێنەوە.
زەنگە زیرەكەكە كە ئەم هەفتەیە لە پێشانگایەكی تەكنەلۆجی لە لاس فیگاس نمایشكرا و خرایەڕوو، رۆژنامەی "زە سەنی"ی بەریتانی، بڵاوی كردەوە كە ئامێرە نوێیەكە، زەنگە زیرەكەكە، بە تەكنەلۆجیای سەردەم بەستراوەتەوە بۆ پارێزگاری كردن لە ماڵەكان، بە جۆرێك زەنگەكە كامێرا و مایكڕۆفۆن و دەنگ گەورەكەرێكی دەنگیشی لەگەڵ دایە، لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بە مۆبایلی زیرەك دەبەسترێتەوە و دەتوانێت پەیوەندی بە مۆبایلەكە بكات و پارچە ڤیدیۆیشی بۆ بنێرێت.
 
كۆمپانیای دروستكەری زەنگە زیرەكەكە دەڵێ، دەتوانرێت بە ئینتەرنێت ببەسترێتەوە، بەمەش خاوەن ماڵ هەمیشە دەتوانێت چاودێری ماڵەكەی و دەوروبەریشی بكات، ئەگەر یەكێك لە دەرگا بدات، ئەوا زەنگەكە پەیوەندی بە مۆبایلە زیرەكەكە دەكات و زانیاری لە بارەی ئەو كەسەوە پێ دەدات، دەتوانێت دەستبەجێ گرتە ڤیدیۆیەكی كەسی سەردانكەر بگرێ و بۆ مۆبایلەكەی رەوان بكات.

گوتی "باشترین تایبەتمەندی زەنگەكە سیستەمی  "Person Detection"كە لە رێگەیەوە دەتوانرێت دەستنیشانی كەسانی نەناسراو بكات كە بە دەوری ماڵەكەت دەخولێنەوە و بە ڤیدیۆش وێنەیان بگرێت و بۆ مۆبایلەكە رەوانەی بكات، بەمەش رۆڵی كامێرای چاودێری دەبینێت".

زەنگە زیرەكەكە چاوەڕوان دەكرێت لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ بكەوێتە بازاڕ و نرخەكەیشی كەمتر لە 200 دۆلاری ئەمەریكی بێت.




وشە - فه‌رمان سادق