هۆكارەكانی پڕخاندن لە خەودا چییە؟

:: PM:03:39:09/01/2019 ‌
پڕخاندن یەكێكە لە حاڵەتە باوەكان  كە لە زۆر كەسدا روو دەدات، ئەم حاڵەتە بۆ چەندان هۆكار دەگەڕێتەوە بەتایبەتی نووستن لەسەر پشت. زۆر كەس وابیر دەكەنەوە كە پڕخاندن تەنیا لە كەسە بەتەمەنەكاندا روو دەدات، بەڵام بەپێی توێژینەوە پزیشكییەكان كە دەڵێت هەموو كەسێك ئەگەری پڕخاندنی هەیە لە كاتی نووستندا و زیاتر پێوەستە بە شێوازی نووستن.

لێرەدا باس لەو هۆكارانە دەكەین كە دەبنە هۆی پڕخاندن لەكاتی نووستندا.
یەكەم: راكشان لەسەر پشت، ئەگەر لەسەر پشت بنوویت بێگومان تووشی پڕخاندن دەبیتەوە، چونكە راكشان لەسەر پشت دەبێتە هۆی خلیسكانی زمان بۆ قورگ بەمەش رێرەوی هەناسەدان تەسك دەكاتەوە و دەبێتە هۆی پڕخاندن، باشتر وایە لەم كاتەدا لەسەر تەنیشتەكان بنوویت بۆ ئەوەی دووچاری پڕخاندن نەبیتەوە.

دووەم: جگەرەكێشان، ئەگەر كەسێكی جگەرەكێش بیت بێگومان تووشی پڕخاندن دەبیتەوە. ئەو كەسانەی جگەرەكێشن ئەگەری دروستبوونی پڕخاندنیان چوار هێندە زیاترە لە كەسانی ئاسایی. تا رێژەی كێشانی جگەرەت زیاتر بێت دەنگی پڕخاندنت زیاد دەكات، بۆیە باشتر وایە واز لە كێشانی جگەرە بهێنرێت بۆ ئەوەی لە پڕخاندن و نەخۆشییەكانی تر بە دوور بیت.

سێیەم: ماوەی دووگیانی، بێگومان ئەم ماوەیە چەندان گۆڕان لە بەشی دەرەوە و ناوەوەی لەشدا روو دەدات لە رێی گۆڕینی هۆرمۆنەكانەوە. سكپڕی بەهۆكارێكی باو دادەنرێت بۆ پڕخاندن. چونكە گۆرانكارییەكانی سكپڕی دەتوانن ببنە هۆی ئەستووربوونی شانەی قورگ و بەمەش رێڕەوی هەناسە تەسك دەبێتەوە و دەبێتە هۆی پڕخاندن لەكاتی نووستندا.

چوارەم: زیادبوونی كێش، هەموومان دەزانین كە ئەو ژنانەی كە دووگیانن بەردەوام كێشیان زیاد دەكات، ئەم زیادبوونی كێشە لە ماوەی دووگیانیدا سەرەڕای ئەوەی دەبێتە هۆی قورسبوونی لەش و كەمبوونەوەی توانای جووڵە، بەڵكو هۆكارێكە بۆ پڕخاندن بەهۆی تەسكبوونەوەی قوڕگەوە بەتایبەتی ئەو كاتانەی لەسەر پشت دەنوویت.

 پێنجەم: زیادبوونی تەمەن: كرداری پیربوون چەندان هۆكار و نەخۆشی بەدوای خۆیدا دەهێنێت وەك ئازاری جوومگەكان و كەمبوونەوەی لینجی ناڕێكی نووستن و دەركەوتنی خەت و چرچی پێست، هەروەها دەبێتە هۆی پڕخاندن، بەپێی توێژینەوە پزیشكییەكان پڕخاندن لە بەتەمەنەكاندا كاتێك روو دەدا كە زمان ئەستوور دەبێت و ماسولكەی قورگ دەگرن و بەشێوەیەكی ناڕێك خاو دەبنەوە لەكاتی نووستندا و ئەمەش پڕخاندن دروست دەكات.



وشە - ئاوات ئازاد