ئه‌گه‌ر به دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بگه‌ڕێین، كه ئه‌وه‌ی ده‌یبیستین و ده‌یبینن بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر، چ كاریگه‌رییه‌كی به‌سه‌ر مێشك و بیركردنه‌وه و ڕوانینمان بۆ ده‌وربه‌ر و ژیانمان ده‌بێ؟ ئه‌گه‌ر بینینی فیلمێكی ئه‌نیمه‌یشنی دروستكراو كه لاسایی جۆرێك له ململانێ بكاته‌وه و زۆر به‌ربڵاو بێ و زۆر بیبینینه‌وه، كاریگه‌ری چۆن ده‌بێ و چ ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی به تایبه‌تی له‌سه‌ر هزری منداڵ ده‌بێت.
منداڵ په‌ڕاوێكی پاكه و زۆر به خێرایی ئه‌وانه‌ی ده‌بینێ و ده‌یبیستێ وه‌ریده‌گرێ و له یادگه‌دا هه‌ڵی ده‌گرێت، بۆیه سه‌یركردنی فیلم كارتۆن و فیلمی ئه‌نیمه‌یشن و یارییه ڤیدیۆیییه‌كان به گوێره‌ی چه‌ندان توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه‌سێكی شه‌ڕانگێز و توندڕه‌وی لێ ده‌ربچێ، ئه‌مه له ڕووی په‌رچه‌كرداری بۆ ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی، له ڕووی ده‌روونی و ناخهوهیش كاریگه‌ری گه‌وره‌ی به‌سه‌ره‌وه ده‌بێت.
زۆر لیكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م پرسیاره كراوه و زۆر ئه‌نجامی جۆراوجۆریش له‌به‌رده‌ستن، به‌ڵام زۆرینه‌ی ئه‌نجامه‌كان دووپات له‌سه‌ر كاریگه‌ری نه‌رێنی بۆ سه‌ر ژیانی منداڵ ده‌كه‌نه‌وه، یه‌كێك له به‌ربڵاوترین ئه‌و فیلمانه‌ی كه زۆرینه‌ی منداڵان له‌سه‌ر گۆی زه‌وی سه‌یری ده‌كه‌ن و زۆریش هۆگری بوون، فیلم كارتۆنی تۆم و جێرییه، كاریگه‌ری ئه‌و فیلم كارتۆنه له‌سه‌ر ڕه‌وشت و په‌ی پێ بردنی منداڵ و فێربوونی زمانی دایك و چۆنیه‌تیی بیركردنه‌وه‌ی، كاریگه‌ری له دوای گه‌وره‌بوون و له ته‌مه‌نه جیا جیاكانی ژیان و لێكه‌وته‌كانی تا مه‌رگی مرۆڤیش خراوه‌ته ژێر وردبینی و سه‌رنجی توێژه‌ران.
له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیا و بڵاوبوونه‌وه‌ی مۆبایلی زیره‌ك له نێو هه‌موو ماڵه‌كان، ئه‌گه‌ر كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌ڤزیۆنیش ئه‌و فیلم كارتۆنه زۆر په‌خش نه‌كه‌ن، ئه‌وا له ڕێی پێوه‌ستبوونی مۆبایله زیره‌كه‌كان به ئینته‌رنێته‌وه كه له زۆربه‌ی ماڵه‌كان هه‌یه، منداڵانی پێگه‌یشتوو به ئاسانی ده‌توانن سه‌یری فیلم كارتۆنه‌كان به گشتی و تۆم و جێری به تایبه‌تی بكه‌ن.
كارۆلین فیتزپاتریك نووسه‌ری ئه‌م بابه‌ته و خاوه‌نی توێژینه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌م پرسه له وتاره‌كه‌ی كه له پێگه‌ی "
The conversation" بڵاوبووه‌ته‌وه، ده‌ڵێ: له‌گه‌ڵ هاوڕێ توێژهرهكانم لێكۆڵینه‌وه‌مان له‌سه‌ر هه‌زار و 800 منداڵ كرد كه ته‌مه‌نیان له نێوان سێ تا چوار ساڵ ده‌بوو، به وردیش كاریگه‌ری فلیمه كارتۆنییهكانمان له‌سه‌ر ڕه‌وشتی منداڵان خسته به‌ر سێره و لێی وردبووینه‌وه، له ئه‌نجام دا به ڕوونی ده‌ركه‌وت، كه سه‌یركردنی فیلم كارتۆنی تۆم و جێری و ئه‌و فیلمه كارتۆنییانهی توندوتیژی تێدایه ده‌بێته هۆی تێكدانی سۆز و به‌زه‌یی لای منداڵ كه تازه له قۆناغی تێگه‌یشتنه له‌و هه‌ستانه و كه‌سانی نا كۆمه‌ڵایه‌تی دروست ده‌كه‌ن و زۆریش كاریگه‌ری له‌سه‌ر مێشك داده‌نێن و وا ده‌كات، منداڵه‌كان به دره‌نگی له شته‌كان بگه‌ن و هه‌ستی په‌ی پێكردن و وه‌رگرتنی زانیاری‌یان خراپ ببێت.
به گوێره‌ی توێژینه‌وه‌كه 37%ی ئه‌و فیلم و ماده میدیاییانه‌ی بۆ منداڵان به‌رهه‌م ده‌هێنرێن، توندوتیژییان تێدایه، جا توندوتیژی به‌رجه‌سته‌كراو بێ یان به گوتن و قسه. 90%ی فیلم كارتۆنه‌كان و 68% یارییه ئه‌لیكترۆنییه‌كان، 60%ی دراما ته‌له‌ڤزیۆنییه‌كانی منداڵان، 15%ی ڤیدیۆی موزیك هاوپێچن له‌گه‌ڵ وێنه‌ی توندوتیژی، هه‌موو ئه‌مانه وا ده‌كه‌ن ڕێژه‌ی توندوتیژی له مرۆڤ زیاد ببێ و منداڵان وا تێبگه‌ن كه ژیان بریتییه له ململانێ و توندوتیژی، نه‌ك كێبه‌ركێی ته‌ندروستانه‌ی فێربوون و پێگه‌یشتن به ئامانجه‌كان.
منداڵ تا ته‌مه‌نی نزیك پێنج ساڵی ته‌نیا سه‌یر ده‌كات و ده‌بیستێ و له هزریدا تۆماری ده‌كات، واته ئه‌و ته‌مه‌نه قۆناغی په‌ی بردن و كۆكردنه‌وه‌ی زانیارییه له‌سه‌ر ژیان، بۆیه بینینی دیمه‌نی توندوتیژی، ئه‌گه‌ر ئه‌نیمه‌یشن و كارتۆنیش بێ، كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر دروست ده‌كات.
ئه‌و توێژه‌ره به هاوكاری هاوڕێكانی له‌سه‌ر ئه‌و هه‌زار و 800 منداڵانه تاقیكردنه‌وه‌یان كرد و به‌شی زۆرینه‌یان بۆ ماوه‌یه‌ی هه‌فته‌یه‌ك ڕۆژانه فیلم كارتۆنی توندوتیژیان پێشاندان و دواتر بر‌دیانن بۆ دایه‌نگا و خۆیان مامۆستایه‌تییان كرد، به ڕوونی بۆیان ده‌ركه‌وت، كه دوای ئه‌و هه‌فته‌یه به ئاسایی توندوتیژی به جوڵهكانیانهوه ده‌رده‌كه‌وێ، ململانێی جه‌سته‌یی و هاواركردنی توندوتیژانه به‌یه‌كتر گوتن و شه‌ڕكردن له نێوان یه‌كتر و كه‌مبوونه‌وه‌ی لایه‌نی سۆزداریان به ئاشكرا ده‌ركه‌وت.
به ده‌رخستنی ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كه گه‌یشتنه ئه‌و بڕوایه‌ی كه سه‌یركردنی فیلم كارتۆن و فیلمی ته‌له‌ڤزیۆنی و یارییه ئه‌لیكترۆنییه‌كان بۆ منداڵان زۆر مه‌ترسیداره، كه‌سانی دوور له خه‌ڵك و نامۆیان لێ ده‌رده‌چێ، به‌رده‌وام هه‌ست به تاوان ده‌كه‌ن و فێری درۆ ده‌بن و هه‌ست و سۆزیان لا نامێنێ و یاری به به‌رانبه‌ره‌كانیان ده‌كه‌ن و گرژی و توندڕۆ ده‌رده‌چن، ئه‌مه‌یش جیاوازی له نێوان منداڵانی كچ و كوڕ نییه، به‌ڵكوو له‌سه‌ر هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌كه هه‌مان ئه‌نجام ده‌سكه‌وتووه.