گەندەڵییەكانی سۆمۆ ئاشكرا دەبێ و پەرلەمان لە وەزیری نەوت دەپرسێتەوە

:: PM:03:45:10/01/2019 ‌
ئەندامانی پەرلەمانی عێراق واژوو كۆ دەكەنەوە بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری نەوت. لیستی "سادقون" لە پەرلەمان ئاشكرای دەكات وەزیری نەوت گوشاری خستووەتە سەر لێكۆڵەری گشتی لە وەزارەتەكەی بۆ شاردنەوەی گەندەڵییەكانی سۆمۆ.

ئەمڕۆ پێنجشەم 10ی كانوونی دووەم/ یەنایەر، لیستی سادقون لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات كە سەرقاڵی كۆكردنەوەی واژووی ئەندامانی پەرلەمانن لەسەر شاردنەوەی گەندەڵییەكانی سۆمۆ لەلایەن وەزیری نەوت و گوشار خستنە سەر لێكۆڵەری گشتی لە وەزارەتەكەی بۆ شاردنەوەی دۆسیەی گەندەڵییەكانی سۆمۆ.

سۆمۆ، كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق كە تاكە كۆمپانیایە لە عێراق لەلایەن حكوومەتەوە دامەزراوە و دەسەڵاتی فرۆشتنی نەوتی عێراقی پێدراوە.

لە ماوەی رابردوودا بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەكان، سۆمۆ مانگانە زیانی هەشت ملیۆن دۆلاری لە عێراق داوە بەهۆی تێكەڵكردنی نەوتی رەش و نەوتی سپی، ئەمەیش وایكردووە وەزیری نەوت گوشار بخاتە سەر لێكۆڵەری گشتی لە وەزارەت بۆ شاردنەوەی دۆسیەی گەندەڵییەكانی سۆمۆ.

عودەی عەواد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی، كە ئەمرٍۆ پێنجشەم لە پەرلەمانی عێراق ئەنجامی دا، ئاشكرای كرد كە ئاراستەیەك لە ناو پەرلەمان هەیە بۆ بانگهێشت كردنی وەزیری نەوت بۆ لێپرسینەوە لەسەر شاردنەوەی گەندەڵییەكانی سۆمۆ.

ئەو گوتی "ئەوەی لە وەزیری نەوت داوا كراوە ئەوەیە كە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێك بهێنێت لەسەر دۆسیە گەورەكەی گەندەڵییەكانی كۆمپانیای سۆمۆ كە بەشێكی لە میدیاكان بڵاو كراوەتەوە".

زیاتر گوتی "عەلا یاسری بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ و عەلی نزار بەڕێوەبەری بە بازاڕكردن هەوڵدەدەن لە میدیاكان وێنای گەندەڵییەكانی خۆیان جوان نیشان بدەن لە رێگەی تێكەڵ كردنی بەرپرسیاریەتی، ئایا كەسێكی  عاقڵ هەیە باوەڕ بە وەڵامەكانیان بكات؟".

ئەو پەرلەمانتارەی لیستی سادقون، هێمای بۆ ئەوەكرد وەك لیستی سادقون دەستیان كردووە بە كۆ كردنەوەی واژووی ئەندامانی پەرلەمان بۆ ئاشكرا كردنی گەندەڵییەكانی كۆمپانیای سۆمۆ و ئاگادار كردنەوەی رای گشتی لە شاردنەوەی دۆسیەی گەندەڵیەكانیان لەلایەن وەزیری نەوت و بەرگریكردن لێیان.



وشە - فه‌رمان سادق