دواجار بڕیاریاندا پێکەوە کۆنسێرتێک ساز بكه‌ن

:: PM:06:49:10/01/2019 ‌
ئه‌گه‌رچى پێشتر گۆرانیبێژ سامان عومەر ڕاى گه‌یاندبوو كه‌ بەنیاز نییە لەگەڵ كامەرانی برای پێكەوە گۆرانی بڵێن، چونكە ستایلی كاركردنیان لەگەڵ یەكتر زۆر جیاوازە، به‌ڵام بڕیاره‌ له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیك گۆرانیبێژ کامەران عومەر و سامان عومەر پێکەوە لە سلێمانی کۆنسێرتێک ساز بكه‌ن.

سەمەد هەورامی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هایما له‌ پێگه‌ى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك نووسیویه‌تى: "ڕێکخراوەکەمان کۆنسێرتێکی گۆرانی بۆ هەردوو هونەرمەند سامان عومەر و کامەران عومەر ساز دەکات، کۆنسێرتەکە لە سەرەتای مانگی ئایاردا لە هۆڵی سپی لە شاری سلێمانی ساز دەکرێت و بەشێک لە داهاتی کۆنسێرتەکە بۆ کاری خێرخوازیی تەرخان دەکرێت، ئێسته‌ زۆرێک لە کارەکان و ئامادەکارییەکانی کۆنسێرتەکە جێبەجێ کراوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کاتەکەی بەدیاریکراوی ڕادەگەیەندرێت".

کامەران و سامان دوو برای گۆرانیبێژن، ساڵانێکی زۆرە لەوبوارەدا دەرکەوتوون، چەندان بەرهەمی هونەریی تۆمار کراویان هەیە و بە دوو ستایلی جیاواز گۆرانی دەڵێن.

کامەران عومەر ساڵی 1957 لە شارۆكه‌ى چوارتا لە دایک بووە، دواتر خێزانەکەیان لە سلێمانی نیشتەجێ بوون، ساڵانێکی زۆرە لەبواری هونەرییدا دەرکەوتووە، لە ساڵی 1989 لەگەڵ هونەرمەندی دیاری عەرەب کازم ساهر لە کۆنسێرتێکدا دەرکەوتووە، چەندان ئەلبووم و ڤیدیۆ کلیپ و گۆرانی تۆمارکراوی هەیە. 

سامان عومەر لە شاری سلێمانی لە دایک بووە، یەکەمین گۆرانی لە ساڵی 1993 تۆمار کردووە، ئەندامی تیپی مۆسیقای فۆلکلۆر بووە، لە دوای ساڵی 1997 بە شێوەی سینگڵ تراک کاری هونەری دەرکات،  جگە لە کۆنسێرت، ئێسته‌ لە وڵاتی فینلاند دەژی و تا ئێسته‌ چەندان ئەلبووم و ڤیدیۆ کلیپ و گۆرانی تۆمارکراوی هەیە.


وشە - محەمەد میران