یەكێتی ناتوانێ‌ بە هەڵكردنی ئاڵایەك خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بشارێتەوە

:: PM:08:22:10/01/2019 ‌
حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پێیان وایە كە یەكێتی بۆ موزایەدە و شاردنەوەی شكستەكانی هەوڵی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك دەدات، بەڵام ناتوانێ‌ خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری پێ‌ بشارێتەوە.

گرووپی خیانەتكارانی ناو یەكێتی لە چەند شەوی ڕابردوو بۆ شاردنەوەی شكستەكانیان و راستكردنەوەی هەڵەكانیان لە كەركووك هەوڵی هەڵكردنی ئاڵای كوردستانیاندا و حزب و لایەنە سیاسییەكانیش ئەوەیان بە موزایەدەیەكی كورتی گرووپەكە ناوبرد.

لای خۆیەوە حەسەن شێخانی ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی بزووتنەوەی ئیسلامی لە كەركووك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هیچ رێككەوتن لە نێوان لایەنە كوردییە سیاسییەكانی كەركووك نەكرا بۆ هەڵكردنی ئاڵا. ئەو گوتی، ئەگەر پرسێكی لەو شێوەیە هەبووایە و بۆ موزایەدە نەبووایە ئەوە هەموو حزبە كوردستانییەكان كارەكەیان دەكرد.

روونیشی كردەوە كە یەكێتی بەبێ ئاگاداری لایەنەكان ئەو كارەی كردووە و هۆكارەكەیش ئەوەبووە كە ئەو حزبە دەیەوێ خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بەو كارانە بشارێتەوە، بەڵام هەرگیز ناتوانێ‌ كارێكی لەو جۆرە بكات.

بەرپرسەكەی ئەو حزبە كوردستانییە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئەگەر هەوڵێكی ڕاستەقینە بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان هەبوایە لە كەركووك ئەوە بە دڵنیاییەوە دوای سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا دەكرا و ئەو پرسە لەگەڵ بەغدا یەكلا دەكرایەوە، بۆیە ئەوەی ئێستە هەیە تەنیا یەكێتی بۆ موزایەدە كردوویەتی.
 
سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم