حكوومه‌تی عێراق مانگانه له ناردنی 317 ملیار دینار بۆ دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه، به‌ڵام په‌رله‌مانتاران هۆشداری ده‌ده‌ن له ئه‌گه‌ری بڕینی ئه‌و بودجه‌یه و به پێویستی ده‌زانن، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی تۆكمه و به نووسراو له‌گه‌ڵ به‌غدا رێك بكه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌غدا له كاتی ناكۆكی وه‌ك كارتێك به‌رانبه‌ری به‌كاری نه‌هێنێت.
له سه‌ره‌تای ساڵی رابردووه‌وه حكوومه‌تی عێراق مانگانه 317 ملیار دیناری بۆ هه‌رێمی كوردستان ناردووه تا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی پێ دابین بكات، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش له‌و داهاتانه‌ی تری له فرۆشتنی نه‌وت و داهاتی ناوخۆ ده‌ستی كه‌وتووه، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی دابین كردووه.
به‌ڵام ئێسته قسه له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرێ كه حكوومه‌تی عێراق تا ئه‌و كاته‌ی له ناردنی 317 ملیار دینار به‌رده‌وام ده‌بێت كه بودجه‌ی عێراق په‌سند ده‌كرێت، دواتر له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و پشكه‌ی بۆ بودجه دیاری كراوه و ئه‌و ئه‌ركانه‌ی خراونه‌ته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وا بودجه و پشكی كوردستان دابین ده‌كرێت.
دكتۆر جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق، بۆ "وشه" باس له‌و بڕه بودجه‌یه ده‌كات كه حكوومه‌تی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستانی ده‌نێرێت و ده‌ڵێت، ئه‌م رێككه‌وتنه له سه‌رده‌می حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقدا بووه و به چاودێری ئه‌مه‌ریكا كراوه، له به‌رانبه‌ر ناردنی ئه‌و 317 ملیار دیناره، هه‌رێمی كوردستان هیچ شتێك به به‌غدا نادات.
ئه‌و باسی له‌وه كرد كه رێككه‌وتنه‌كه له سه‌رده‌می عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌رده‌وام بووه و تا ئێسته مانگانه ئه‌و بڕه پاره‌یه له به‌غداوه دێت، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا هیچ گه‌ره‌نتییه‌كیش نییه تا كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت، چونكه هێشتا حكوومه‌تی نوێی عێراق به ته‌واوی دانه‌مه‌زراوه و فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانیش رووی راسته‌قینه‌ی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه ده‌رنه‌بڕیوه.
ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه بودجه‌ی عێراقه كه ئه‌گه‌ر په‌سند بكرێت، ئه‌وا ئه‌و ئه‌ركه خراوه‌ته سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مانگانه 250 هه‌زار به‌رمیل له نه‌وته‌كه‌ی راده‌ستی به‌غدا بكات. به بۆچوونی ئه‌م په‌رله‌مانتاره، "شێوه‌ی گرێبه‌ستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و چۆنیه‌تیی فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌غدا جیاوازه، ئێسته‌شی له‌گه‌ڵدا بێت جۆری گرێبه‌سته‌كان لێڵن و ته‌نیا چه‌ند كه‌سێك ئاگاداری وردهكارییهكانن".
هاتنی ئه‌و 317 ملیار دیناره‌ی به‌غدا بۆ هه‌رێمی كوردستان تا ئه‌وكاته به‌رده‌وام ده‌بێت كه پێوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ئاسایی بن و به بۆچوونی كۆچه‌ر "ئه‌گه‌ر گرژییه‌ك له‌و پێوه‌ندییانه بێته كایه‌وه، ئه‌وا حكوومه‌تی عێراق یه‌كێك له‌و سزایانه‌ی له‌وانه‌یه ده‌ستی بۆ ببات، ئه‌وه‌یه یه‌كسه‌ر 317 ملیار دیناره‌كه نه‌نێرێت و له‌و كاته‌شدا دووباره ته‌نگژه‌ی دارایی له كوردستان سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه".
به بۆچوونی كۆچه‌ر، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له سێ بواردا ده‌بێت له به‌غداوه بودجه‌ی پێ بگات، یه‌كه‌میان پێوه‌ندی به‌و رێژه‌یه هه‌یه له بودجه بۆ دیاری ده‌كرێ، دووه‌میان له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان و سێیه‌میش ئه‌و قه‌رزه نێوده‌وڵه‌تییه‌یه كه حكوومه‌تی عێراق له سندووقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ری ده‌گرێت و پێویسته پشكی هه‌رێمی كوردستانی تێدا هه‌بێت.
هاوكات ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق، بۆ "وشه" باسی له‌وه كرد كه كۆمه‌ڵێك فاكته‌ر رۆڵیان هه‌بوو له‌وه‌ی حكوومه‌تی عێراق 317 ملیار دینار بۆ هه‌رێمی كوردستان ببڕێته‌وه و ئه‌و فاكته‌رانه‌ش به‌شێكی پێوه‌ندی به دۆخی تایبه‌تیی عێراق هه‌بوو، به‌شێكی پێوه‌ندی به پێشمه‌رگه و به‌شێكی تریش پێوه‌ندی به‌و ته‌نگژه‌یه هه‌بوو كه تووشی هه‌رێم بووبوو و حكوومه‌تی عێراق له ژێر گوشاری سندووقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌مه‌ریكا ئه‌مه‌ی قبووڵ كرد.
به‌گوته‌ی حاجی ره‌شید، "ئه‌مه دۆخێكی تایبه‌ت بووه و زۆر له‌و فاكته‌رانه‌ش كه وایان كرد ئه‌م بڕه پاره‌یه بۆ كوردستان بێته ناردن كاڵ بوونه‌ته‌وه، كه‌وایه ده‌بێ حكوومه‌تی هه‌رێم كار بۆ ئه‌وه بكات پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا رێك بخاته‌وه و پابه‌ندی ئه‌و مه‌رج و رێنوێنییانه بێت كه پێویسته به‌رانبه‌ر به‌غدا بیگرێته به‌ر، به پێچه‌وانه‌وه به‌غداش ده‌بێت پابه‌ندی ئه‌و مافانه بێت كه له ده‌ستوور بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستنیشان كراوه و گۆڕانكاری له‌و رێژه‌یه بكات كه له بودجه بۆ هه‌رێم ده‌ستنیشان كراوه".
هێشتا زۆر له كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كه پێوه‌ندیدارن به نه‌وت، پێشمه‌رگه، ماده‌ی 140 و پشكی بودجه یه‌كلا نه‌بوونه‌ته‌وه، دیار نییه داهاتووی ئه‌و پێوه‌ندییانه به كوێ ده‌گات.