بیر لەوە بکەره‌وه كه چۆن خۆت لە نەرم بوون و لاواز بوونی ئێسکەکانت بپارێزیت، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى ته‌ندروستى خۆیانیان لا گرنگە، چونكه به ڕاستى نه‌خۆشى پوکانەوەی ئێسك ئێسته پزیشكان به یه‌كێك له ترسناكترین نه‌خۆشیه‌كانى داده‌نێن.
توێژینه‌وه‌كان ده‌ریان خستووه كه خانمان زیاتر لە پیاوان کێشەی پوکانەوەی ئێسک و کەمی چڕی ئێسکیان ھەیە بە تایبەت دابەزین و کەمبوونەوەی ئاستی ئیسترۆجین لە لەشدا و ئەمەیش لە دوای نەمانی سووڕی مانگانەوە لە خانماندا دەردەکەوێت و ئەگەری لاواز بوون و پووکانەوەی ئێسکەکان زیاتر دەکات.
شارەزایان دەڵێن، "دەکرێت چەند ھۆکارێک یارمەتی ڕێگری کردن بدات لە پوکانەوەی ئێسکەکان وەک خواردنی خۆراکی تەندروست بۆ ئەوەیش ئەو کەسانەی ئەم کێشەیەیان ھەیە باشتر وایە ئەو خۆراکانە زۆر بخۆن کە بڕێکی باش کالسیۆمی تێدایه، هه‌روه‌ها دەرمان و ڤیتامینی پێویست بۆ پڕکردنەوەی پێویستی لەش بە کالسیۆم بەکاربھێنن".
جگە لەوانەیش پێویستە ئەو خۆراکانە بخۆن کە بڕێکی زۆر باش لە پرۆتینیان تیادایە وەک، گۆشتی سوور و گوێز و شیر و بەرھەمەکانی و ڕاھێنانی وەرزشی پێویست بە ڕێنوێنى و لەژێر چاودێری پسپۆڕی شارەزا ئەنجام بدرێت بۆ چالاک بوونی ئێسکەکان.
تا تەمەنی 30 ساڵی ئێسكی مرۆڤ بە تەواوی قەبارەی خۆی وەردەگرێت، لە دوای30 ساڵییەوە گەشەکردنی ئێسك دەوەستێت و دەبێ سەرنجمان لەسەر را‌گرتن و بەهێزکردنی ئێسكمان بێت، بۆیە بۆ بەهێزکردن و بەرگریکردن لە پوکانەوە و داخورانی ئێسك واباشه هەوڵ بدەین و هیچکاتێک ئەو هەوڵە درەنگ نییە و دەکرێ لە هەموو تەمەنێکدا پێڕەوی بکەین.
مەترسی پوکانەوەی ئێسك لەناو ژناندا زیاتره له پیاوان، هۆکارەکەیشی هەڵکشانی تەمەن و جوڵەی کەم و جگەرەکێشان و خواردنەوە کحولییەکانن.
پوکانەوەی ئێسك، مه‌به‌ست لێی ئه‌وه‌یه كه چڕی شانه‌ی ئێسكی كه‌متر ده‌بێت له ئاسایی، به له‌به‌رچاوگرتنی ڕه‌گه‌ز و ته‌مه‌نی كه‌سه‌كه داخوران، ئێسكه‌كه لاواز ده‌كات و ئه‌گه‌ری شكان زیاد دەکات به‌هۆی ساده‌ترین زه‌بر یان ته‌نانه‌ت چه‌ماندنه‌وه‌ی ئاسایی.