سبەی بەفر دەبارێت

بەهۆی كاریگەری ئەو شەپۆلە هەوایەی دەریای ناوەڕِاست بۆ سەر هەرێمی كوردستان، سبەی بەفر و باران لە شارەكانی هەرێمی كوردستان دەبارێت.

ئەمڕۆ شەموو 12ـی كانوونی دووەم، بەپێی ڕاپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، كەشوهەوا بۆ ئەمڕۆ تا ڕادەیەك جێگیرە و ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی پەڵەهەور.

كەشناسی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كردووە، سبەی یەكشەم هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ژێر كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەكی دەریای ناوەڕاست و لە سەرجەم پارێزگاكان ئاسمان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو.

ئاشكرا كراوە، ئەو شەپۆلە بارانە لە كاتی ئێوارەی سبەی بەفرێكی كەم دەبارێت بۆ ناوچە شاخاوییەكان و بارانبارین لەناو شارەكان، هەروەها لە شاری سلێمانی كەركووك هەورە تریشقەی لەگەڵدا دەبێت.

ئەو ڕاگەیەنراوەی كەشناسی لە كاتێكدایە لە دواین ڕاپۆرتی كەشناسی بۆ ڕێژەی بارانبارین لە هەرێمی كوردستان، تا ئێستە لە هەندێك شوێنە گەیشتووە بە هەزار و 100 ملم و پێشبینی زیادبوونی ئەو ڕێژەیە بۆ هەزار و 500 ملم دەكرێت لەگەڵ بارینی بەفرێكی زۆر لە ناوچە شاخاوییەكان.

هەرێمی كوردستان كاریگەرە بەكەشوهەوای دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور، ساڵانە لە هەندێك شوێن زیاتر لە هەزار ملم باران دەبارێت.



وشە - رامیار جەواد


AM:10:48:12/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 8576 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌