تۆتنهام نرخێكی خەیالی بۆ فرۆشتنی كین بە ریال مەدرید دیاری كردووە

:: PM:02:30:12/01/2019 ‌

یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی نرخێكی خەیاڵی و گەورەی بۆ دەستبەرداربوون لە هێرشبەرەكەی هاری كین بۆ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دیاری كردووە.

بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید ماوەیەكی زۆرە بەدوای ئەوەن گرێبەست لەگەڵ كین بكەن، بەڵام هەمیشە رووبەڕووی دانیێل لێفی سەرۆكی یانە ئینگلیزییەكە بوونەتەوە.

رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: سەرۆكی یانەی تۆتنهام لە دوایین بڕیاریدا رازی بووە كین بدات بە یانەی ریال مەدرید، بەڵام بەو مەرجەی لەبەرامبەریدا بڕی 350 ملیۆن یۆرۆ وەربگرێ.

لای خۆشییەوە فلۆرەنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید بڕیاریداوە پەلە لە هەوڵەكانی بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ كین نەكات و بەڵكو تا كۆتایی وەرز و ماوەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان بووەستێ.

كین لەم وەرزەی خولی نایابی ئینگلیزیدا تا ئێستا ركابەری لەسەر ناسناوی گۆڵكاری خولەكە دەكات كە لەگەڵ بیر ئۆبامیانگی هێرشبەری گابۆنی لە یانەی ئارسناڵ 14 گۆڵیان هەیە.

جێی باسە یانەی تۆتنهام پێشتر لە هاوینی 2013 رازی ببوو گاریس بێڵی ئەستێرەی ویڵزی بدات بە یانەی ریال مەدرید و ئەو كات وەك گرانترین یاریزان لە مێژووی تۆپی پێدا هەژمار كرابوو كە 100 ملیۆن یۆرۆ بوو، یانەكە دەیەوێ هەمان دەستكەوت لەگەڵ یانەی شاهانە دووبارە بكاتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م