ئەوقاف لەسەر هەڵگرتنی پرسە ڕوونكردنەوە دەدات

:: PM:07:58:12/01/2019 ‌
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان روونكردنەوە لەبارەی هەڵگرتنی پرسە دەدات و دووپات لەوە دەكاتەوە كە هیچ بڕیارێك بۆ هەڵگرتنی پرسە نییە.

ئەمڕۆ شەموو 12ی كانوونی دووەم، نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هیچ بڕیارێك نییە بۆ ئەوەی پرسە هەڵبگیرێت، بەڵام ڕێكخستنەوە بە نرخی قورئان خوێندن كراوە.

لای خۆیەوە غەریب ئەحمەد بەڕێوەبەری ئەوقافی ڕاپەڕین بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە كۆبوونەوەیەكی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی ڕاپەڕین بەئامادەبوونی لایەنە پێوەندیدارەكانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، بڕیارماندا لەسەر كەمكردنەوەی كاتی دانانی پرسە و كرێی قورئان خوێندن لە سنوورەكە.

زیاتر گوتی، لەسەر داواكاری هاووڵاتییان كە پێیان وابووە پرسە بارگرانی دادەنێت لەگەڵ مامۆستایانی سنوورەكە بڕیارماندا كە كاتی پرسە و كرێی قورئان خوێندنی پرسەكان كەم بكرێتەوە و لە هەفتەی داهاتووشدا، بڕیارەكە بە كۆنووسێك ئاراستەی لایەنە پێوەندیدارەكان و گوتاربێژانی سنوورەكە دەكرێت.

هەروەك دووپاتی لەوە كردەوە كە تا ئێستە كرێی قورئان خوێندن لە پرسەكان بەشێوەیەكی ناجێگری بووە و لەمەودوا لەهەر پرسەیەكدا بڕی 25 هەزار دینار دەدرێت بە هەر قورئان خوێنێك.

وشە/ شادان بەكر



وشە - سه‌رخێڵ هاشم