كارگەی جگەرەی سلێمانی درایە وەزارەتی رۆشنبیری و نۆژەن دەكرێتەوە

:: PM:09:35:12/01/2019 ‌
شوێنی كارگەی جگەری سلێمانی دەكرێتە ناوچەیەكی ڕۆشنبیری كولتووری، گوتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیریش دەڵێت، شوێنەكە بووەتە تاپۆی وەزارەتی ڕۆشنبیری و وەك سەنتەرێكی ڕۆشنبیری لێ دەكرێت.

فەرهەنگ گۆمەشینی گوتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە چوارچیوەی بەرنامەی وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ ژێرخانی پایتەختی رۆشنبیری، پێویستی بە هەندێك كار هەبوو بۆ ئەوەی هاوشانی نازناوەكە كۆمەڵێك كار بۆ شارەكە بكرێت و لەگەڵ پایتەختی ڕۆشنبیری دەوڵەمەند بكرێت.

زیاتر گوتی، گۆرینی موڵكداری لە وەزارەتی بازرگانییەوە بۆ وەزارەتی رۆشنبیری كراوە، دوای ئەوەی بڵاوكرایەوە كە ئەو شوێنە وەك موڵك دراوەتە هاووڵاتییان شوێنەكە تاپۆ كرا لەسەر وەزارەتی ڕۆشنبیری، شوێنی كارگە دەكرێتە سەنتەرێكی ڕۆشنبیری لەو چوارچێوەیەدا كۆمەڵێك سەنتەر دروست دەكرێن و چالاكی ڕۆشنبیری تێدا ئەنجام دەدرێت.

هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە شوێنەكە دەكرێت بە یەكەی كولتووری و شاری رۆشنبیری و ئەكادیمیاو هۆلی لی دروست دەكریت لە سەرەتایشدا بۆ ئەوەی كارەكە دەست پێ بكرێ‌ بڕی 500 ملیۆن دینار تەرخانكراوە بۆ پڕۆژەكە.

كارگەی جگەرەی سلێمانی مێژوویەكی كۆنی هەیە و پێشتر لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك كۆگا بەكار دەهێنرا.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم