ئه‌مڕۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ده‌گاته‌ به‌غدا و دواتر دێته‌ هه‌ولێر

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌ یاوه‌ری شاندێكی 30 كه‌سی له‌ به‌رپرسانی سیاسی و ئابووری وڵاته‌كه‌ی بگاته‌ به‌غدای پایته‌ختی عێراق و دواتریش سه‌ردانی هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان بكات.

باڵوێزخانه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ به‌غدا له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئاشكرای كرد، زه‌ریف دوای گه‌یشتنی بۆ به‌غدا له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق كۆ ده‌بێته‌وه‌ و به‌یانی ڕۆژی دووشه‌م له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیران و محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كۆ ده‌بێته‌وه‌.

دوای نیوه‌ڕۆی ڕۆژی دووشه‌م وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌شداری كۆربه‌ندێكی هاوبه‌شی نێوان بازرگان و وه‌به‌رهێنه‌رانی عێراق و ئێران ده‌كات كه‌ وه‌زیری بازرگانی عێراق سه‌رپه‌رشتی ده‌كات و زه‌ریف وتارێكی لێ ده‌خوێنێته‌وه‌، شه‌وی دووشه‌م له‌سه‌ر سێشه‌میش وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح كۆ ده‌بێته‌وه‌.

به‌یانی ڕۆژی سێشه‌م وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌گاته‌ هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای كوردستان كۆ ده‌بێته‌وه‌ و به‌هه‌مانشێوه‌ به‌شداری كۆربه‌ندی دووه‌می بازرگانی نێوان ئێران و هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، دوای نیوه‌ڕۆیش ده‌چێته‌ سلێمانی و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و شاره‌ كۆ ده‌بێته‌وه‌.

ڕۆژی چوارشه‌م زه‌ریف ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ربه‌لا و كۆربه‌ندێكی بازرگانی و ئابووری ده‌به‌سترێ و به‌شداری تێدا ده‌كات، له‌ دوا وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی ده‌چێته‌ شاری نه‌جه‌ف و ڕۆژی پێنجشه‌م به‌رنامه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی كۆتایی دێ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كۆماری ئیسلامی ئێران.


وشە - باز ئه‌حمه‌د


AM:08:44:13/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 158 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌