دڵتەزێنترین رووداوە وەرزشییەكانی 2016

:: PM:12:36:26/12/2016 ‌

لە ساڵی 2016 كۆمەڵێك رووداوی وەرزشی گەورە روویاندا كە بوونە هۆی دڵەنگی بۆ هەوادارانی وەرزش لەسەرتاسەری جیهان.
ئەمساڵ كۆمەڵێك ئەفسانە و ئەستێرەی مەزنی وەرزشی و ناودار بەیەكجاری ماڵئاواییان كرد، بۆ خوێنەرانی (وشە) سێ لە دڵتەزێنترین رووداوە وەرزشییەكان دەخەینەڕوو.

كۆچی دوایی محەمەد كلایی ئەفسانەی مشتەكۆڵەی جیهان

محەمەد عەلی كلایی كە بە گەورەترین یاریزانی مشتەكۆڵەی جیهان دادەنرێت، لە رۆژی 3ی حوزەیرانی 2016 بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی 74 ساڵیدا لەیەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری فۆنێكسی ئەمەریكا كۆچی دوایی كرد، دوای ئەوەی چەند رۆژێك بوو بەهۆی كێشەی تەنگە نەفەسییەوە لە نەخۆشخانەكە خەوێنرابوو.

محەمەد ناوی خۆی كاسیوس كلایی بوو، بەڵام دوای بوونی بە ئیسلام ناوی خۆی بۆ محەمەد عەلی كلایی گۆڕی، كلایی سێجار ناسناوی پاڵوانی مشتەكۆڵەی جیهانی لە كێشی قورس بەدەستهێنابوو، هەروەها لە مۆندیالی 1960 ملوانكەی زێڕی بردبووەوە.
كلایی جگە لەوەی یاریزانێكی سەركوتووبوو، لە بواری پارێزگاری لە مافی كەمایەتییەكانی ئەمەریكا و جیهان رۆلێكی بەرچاوی هەبوو و هەمیشە بە وتەكانی جیهانی سەرسام دەكرد.

كۆچی دوایی كرۆیف ئەفسانەی هۆڵەندی و یانەی بەرشەلۆنە

كڕیف لە 24ی ئاداری 2016 لەشاری بەرشەلۆنەی ئیسپانی بۆ دواجار چاوی لەیەكنا و ماڵئاوایی لە هەوادارانی تۆپی پێ كرد، ئەو وەك یاریزان و راهێنەریش شۆڕشێكی گەورەی لە تۆپی پێی جیهاندا كردبوو.

كڕۆیفی ئەفسانەی یانەی ئەیاكس و بەرشەلۆنە و هەڵبژاردەی هۆڵەندا بە یەكێك لە باشترین یاریزانەكان لە مێژووی تۆپی پێ دادەنرێت، سەرجەم ژیانیشی تەنیا بۆ بواری تۆپی پێ تەرخان كردبوو.

كڕۆیف لەگەڵ یانەی ئەیاكس ئەمستەردام 3 خەڵاتی تۆپی زێڕین و 3 جامی ئەوروپای بردبووەوە، دوای پەیوەندیكردنیشی بە یانەی بەرشەلۆنە چەندان ناسناوی لەگەڵ ئەو یانەیە بەدەستهێنابوو، یەكەم كەسیش بوو وەك راهێنەر لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە سیستەمی تیكی تاكای دانابوو.

هەر لە ساڵی 2016 چەندان ئەستێرەی تری تۆپی پێ كۆچی دواییان كرد لەوانە كارلۆس ئەلبێرتۆی كاپتنی هەڵبژاردەی بەڕازیلی كە لەگەڵ هەڵبژاردەكەدا لە ساڵی 1970 جامی جیهانی بردبووەوە، هەروەها سیزار مالدینی ئەفسانەی یانەی میلانی ئیتاڵی و رۆبەرتۆ بێرفۆمۆ بەگریكاری ئەرجەنتینیش گیانیان لەدەستدا.

هەر لەمساڵدا جواو هاڤیلانگی سەرۆكی پێشووی یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا) لەنێوان ساڵانی 1974 تا 1998 گیانی لەدەستدا، هەروەها سیلڤیۆ كازانیگای دیزاینەری جامی جیهانیش چەند مانگێك پێش ئێستا كۆچی دوایی كرد.

گەورەترین رووداوی وەرزشی كە لە ساڵی 2016 روویدا كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكەی یانەی شابیكوینسی بەڕازیلی بوو كە بووە هۆی لەدەستدانی 71 كەس كە زۆرینەی یاریزانان و دەستەی هونەری و كارگێڕی یانەكە بوون لەگەڵ چەندان رۆژنامەنووسی بەڕازیلی.

یانەی شابیكوینسی گەشتبووە یاریی كۆتای جامی سوود ئەمەریكانا و بەنیازبوو لەم قۆناغەدا رووبەڕووی یانەی ئەتلەتیكۆ ناسیۆناڵی كۆڵۆمبی ببێتەوە، بەڵام لە وڵاتی كۆڵۆمبیا ئەو فڕۆكەیەی شاندی یانەكەی دەگواستەوە كەوتە خوارەوە و لەم رووداوەشدا تەنیا 3 یاریزانی یانەی شابیكوینسی رزگاریان بوو ئەوانیش پێكهاتبوون لە ئالان رۆشێل، هیلیۆ نیتۆ و جاكسۆن فولمان.















وشە - ئامانج ئه‌كره‌م