خولی ئیسپانیا.. بەرشەلۆنە و ریال مەدرید سەركەوتنیان بەدەستهێنا

:: AM:09:13:14/01/2019 ‌

دوێنێ یەكشەم گەڕێكی تری یارییەكانی خولی ئیسپانیا هاتنە ئەنجامدان و تێیدا یانەكانی ئەتلەتیكۆ مەدرید و بەرشەلۆنە و ریال مەدرید سەركەوتنیان بەدەستهێنا.

یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە گەڕی 19ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی واندا میترۆپۆلیتانۆ مێوانداریی یانەی لیڤانتی كرد و یارییەكەشی بە گۆڵێكی بێ وەڵام لێ بردەوە، تاكە گۆڵی یارییەكەش لەلایەن هێرشبەری فڕەنسی ئەنتوان گریزمان بە رێگەی لێدانی سزا لە خولەكی 57 تۆمار كرا.

لە یارییەكی تردا یانەی سڤیلییە تووشی شكستێكی چاوەڕواننەكراو هات كاتێك لە دەرەوەی یاریگە و جەماوەری بە 2 گۆڵی بێ وەڵام بەرامبەر یانەی ئەتلەتیك بیلباو دۆڕا.

یانەی بەرشەلۆنەش لەنێو یاریگەی كامپ نوو مێوانداریی یانەی ئیباری كرد و یارییەكەشی بە 3 گۆڵی خاوێن لێ بردەوە، گۆڵەكانی یانەی بەرشەلۆنە لەلایەن لویس سوارێز 2 گۆڵ لە خولەكانی 19 و 59 و لیۆنێل میسی لە خولەكی 53 هاتنە تۆماركردن.

درەنگانی شەوی رابردووش یانەی ریال مەدرید دوای ئەوەی لە دوو یاریی رابردوویدا نەیتوانیبوو سەركەوتن بەدەستبێنێ، لەنێو یاریگەی بینتۆ ڤیامارین بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ لە یانەی ریال بیتیسی بردەوە.

گۆڵەكانی یانەی ریال مەدرید لەلایەن یاریزانان لوكا مۆدریچ لە خولەكی 13 و دانی سیبایۆس لە خولەكی 88 تۆماركران، تاكە گۆڵەكەی یانەی ریال بیتیسیش لە خولەكی 67 لەلایەن سێرخیۆ كانالیس تۆمار كرا.

بەمەش ئێستا ریزبەندی پێشەوەی یانەكانی خولی ئیسپانیا بەمشێوەی خوارەوەیە:

1- بەرشەلۆنە 43 خاڵ

2- ئەتلەتیكۆ مەدرید 38 خاڵ

3- سڤیلییە 33 خاڵ

4- ریال مەدرید 33 خاڵ

5- دیپۆرتیڤۆ ئەلاڤێس 32 خاڵ

6- خیتافی 28 خاڵ

7- ریال بیتیس 26 خاڵ

8- گیرۆنا 24 خاڵ

9- ئیسپانیۆڵ 24 خاڵ

10- ڤالێنسیا 23 خاڵ



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م