ئایا سڤیلییە گرێبەست لەگەڵ مۆراتا دەكات؟

:: AM:11:17:15/01/2019 ‌

بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی سڤیلییەی ئیسپانی دانی بەوەدانا كە هەوڵی گرێبەستكردنیان لەگەڵ ئەلڤارۆ مۆراتای هێرشبەری یانەی چێڵسی ئینگلیزی لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی ئێستای یاریزاناندا دابوو.

بەم دواییە دەنگۆی رۆیشتنی مۆراتا لە یاریگەی ستامفۆرد بریچ بەشێوەیەكی بەربڵاو لە رۆژنامەكان بڵاو دەكرێتەوە، چەند یانەیەكی گەورەش وەك بەرشەلۆنە و ئەتلەتیكۆ مەدرید و سڤیلییەی ئیسپانی و میلانی ئیتاڵی هەوڵی گرێبەستكردنیان لەگەڵ دابوو.

بەڕێوبەری وەرزشی یانەی سڤیلییە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (زە سەن)ی ئینگلیزی رایگەیاند: ئێمە یانەیەكی گەورە و سەرنجڕاكێشین بۆ زۆرێك لە یاریزانانی گەورە، مۆراتاش ئارەزووی پەیوەندیكردنی بە یانەكەمان دەربڕی بوو.

زیاتر گوتی: بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ مۆراتا پەیوەندیمان بە بەرپرسانی یانەی چێڵسییەوە كردبوو، بەڵام هەرزوو زانیمان گرێبەستكردن لەگەڵ ئەم هێرشبەرە كارێكی مەحاڵە بەهۆی زۆری نرخەكەیەوە بۆ ئەمەش خۆمان بەدەستەوەدا.

جێی باسە یانەی سڤیلییە دوای بێ هیوابوونی لە گرێبەستی مۆراتا هەفتەی رابردوو بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ مونیر حەدادی هێرشبەری یانەی بەرشەلۆنە كرد بە 2 ملیۆن پاوەن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م