شیلان بەرانبەر بەقەرز لەلایەن مێردەكەیەوە كاری لەشفرۆشی پێ دەكرێت

:: PM:04:52:23/01/2019 ‌
ژنێك لە دەڤەری راپەڕین لەلایەن پیاوەكەیەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ كاری لەشفرۆشی پێ دەكرێت، دوای ئەو ماوەیەیش سكاڵا لەسەر ژنەكە تۆمار دەكرێ و ۆ ماوەی سێ ساڵ دەگیرێت، دوای تەڵاقدانیشی دادگا منداڵەكان دەدات بە باوكیان. ئەو ژنە ئێستە لەگەڵ ماڵی باوكی دەژین ماوەی زیندانییەكەی كۆتایی هاتووە، دەڵێت باوكی دوو منداڵەكەی پێی گوتووە بەو مەرجە دەهێڵێت منداڵەكانی ببینێت كە دووبارە كاری لەشفرۆشی بۆ بكاتەوە.

شیلان ناوی خوازراوی ئەو ژنەیە كە سێ ساڵی لە گرتووخانە بەڕێ كردووە بەهۆی كارێك وەك خۆی دەڵێت هاوسەرەكەی بەزۆر پێی كردووە، ئێستەش بۆ بینینەوەی منداڵەكانی دووبارە دەیەوێت ناچاری بكاتەوە، ئەو ژنە باسی چیرۆكی گرفتاربوونی لەگەڵ ئەو كارە بۆ "وشە" دەكات و دەڵێت، ئەگەر وام نەكردایە ئازاد منیش و منداڵەكانیشی دەكوشت، ئێستەیش دەیەوێ بە كوشتنی منداڵەكان هەڕشەم لێ بكات، بەڵام ناتوانێ‌، چونكە من جارێك دەستم سووتا بە ئاگری ئابڕوو، بە سۆزی دایك نەبوونم نایكەمەوە بە دوو.

شیلان بە ویستی خۆی هاوسەرگیری لەگەڵ ئازاد كردووە دەڵێت، سەرەتای ژیانیان وانەبووە و ئاسایی ژیاون، بەڵام دوای ئەوەی ئازادی هاوسەری خانوو و ئۆتۆمبێل دەكڕێت و تێكەڵاوی چەند كەسێك دەبێت و یاریی قومار دەكەن، هەموو شتێك لە ژیانی شیلان و منداڵەكانی دەگۆڕێت، هەموو ڕۆژێك داوایەك لە شیلان دەكات و پێی دەڵێت "تا بینەقاقام لە قەرزە و دەبێت بۆم بدەیتەوە، بۆیە ناچاری دەكات بە لەشفرۆشی قەرزەكانی بۆ بداتەوە". ئاماژەی بەوە كرد باوەڕكردن بەو قسانە ئاسان نییە، بەڵام هەڕەشە بە مەرگی منداڵیش زۆر گەورەیە.

شیلان باسی ئەو چوار ساڵە دەكات كە سێكسی بەبێ ویستی خۆی لەگەڵ چەند پیاوێكی جیاوازدا كردووە، بەگریانەوە گوتی، "هەر جارە و پیاوێكی بۆ دەهێنام و دەیگوت ڕەسمی بگرە نەهێڵی ئەو وێنە بگرێت، منیش بەقسەم كرد، دوای ئەو وێنانەی لە دژی من كە ژنی خۆی بووم بەكار هێنا، دەیگوت لەهەر كات من بمەوێ بۆ هەر كەس نەچی، ئەو رەسمانە بڵاو دەكەمەوە و دەڵێم ژنەكەم لەشفرۆش بووە".

بە تاوانی ناپاكی هاوسەرگیری ماوەی سێ ساڵ دەگیرێت، شیلان لەو ماوەیەدا بۆ تەنیا جارێكیش منداڵەكانی نەبینیوە، سەرەتا ماڵی باوكیشی حاشای لێ دەكەن ماوەی دوو ساڵ لە گرتووخانە یەك كەس سەردانی ناكات تا ساڵی كۆتایی دایكی سەردانی دەكات و هەواڵی مەردنی باوكی پێ دەدات، دوای مردنی باوكی براكەی و دایكی سەردانیان كردووە و پێیان گوتووە دوای ئازادبوونی قبووڵی دەكەنەوە.

دوای ئازادبوونی لەڕێی "سوڵحی عەشایەری" هەوڵی داوە منداڵەكانی وەربگرێتەوە یا مانگانە بیانبینێت، بەڵام ئازاد ڕازی نەبووە دواتر داوای كردووە بەتەنیا شیلان ببینێت، ئەو ئاماژە بەوە دەكات لەبەر منداڵەكانی ڕازی بووە بیبینێت، لە بینینەكەدا ئازاد داوای لێ دەكات لەسەر كاری پێشووی بەردەوام بێت، ئەگەر نەشیكەی منداڵەكان بە مردووی دەبینی.

شیلان بە هەنسكەوە گوتی، ڕازی بوو منداڵەكان ببینم بەو مەرجەی دووبارە كاری لەشفرۆشی بۆ بكەم، پێی گوتم، "ئەو سێ ساڵە نەمدەزانی چۆن ژیاوم، پەشیمانم لەوەی بەگرتم دای كەس نەبوو پارەم بۆ پەیدا بكات". شیلان ئەوەی ڕوون كردەوە كە ئازادی لە ماڵی باوكی دەركردووە و لەوكاتەوە ئازاد چەند جار هەوڵی داوە پێوەندی پێوە بكات و قسەی لەگەڵ بكات، بەڵام ئەو ڕازی نەبووە.

لەدوای ئازادبوونی، دووبارە داواكردنی شیلان دەیەوێت سكاڵا لەسەر ئازاد تۆمار بكات و ڕاستیی ناپاكی بۆ هەمووان دەربخات، بەڵام دەڵێت، هیچ بەڵگەیەكی نییە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت و دەڵیت، گرتنی سێ ساڵی ئەو بەهۆی لەشفرۆشییەوە هەموو وێنەیەكی ناپاكی باوكی منداڵەكانی لەبەرچاوی خەڵك سڕیوەتەوە و نازانێت لە چ ڕێیەكەوە بەدوای ڕاستییەكان بگەڕێت؟. دەڵێت لەچاوی هەموواندا ئەو ژنێكی لەشفرۆشە، بۆ كەسێكی واش ئاسان نییە بتوانێت لەژێر پەڵەی هەور ڕاستی دەربخات.
 

هەولێر/ ئیڤان عەبدولرەحمان


وشە - سه‌رخێڵ هاشم