تنۆك لەگەڵ كوڕێكی مەسیحی لە هۆڵەندا تووشی چی بووە.. چیرۆكەكەی بۆ "وشە" باس دەكات

:: PM:07:45:30/01/2019 ‌
كچێكی هەڵەبجەیی ماوەی چوار ساڵە كوڕێكی هۆڵەندی خۆشدەوێت و دەیەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ بكات، بەڵام باوكی ڕیگا نادات و دەڵێت، ئەگەر هاوسەرگیری لەگەڵدا بكەیت دەتكوژم، ئەو كوڕە هۆڵەندییە ئاینی خۆی گۆڕیووە و هەوڵی فێربوونی زمانی كوردی دەدات بۆ ئەوەی باوكی تنۆك ڕازی بكات بەو هاوسەرگیریە، بەڵام باوكی هەر ڕازی نابێت و دەڵیت، من كچم نیە بیدەمە بێگانە و دەبێت كوردێك ببێتە زاوای.

تنۆك ماوەی 21 ساڵە لە هۆڵەندا لەگەڵ خێزانەكەیدا دەژیت، باس لەوە دەكات دوو كولتووری جیاواز سەراپای ژیانیان تێكداوە، چونكە نەدەتوانێت وەك كچێكی كورد بە كولتووری هۆڵەندی بژیت، نەدەشتوانێت لەناو هۆڵندەییەكان بە كولتوورێكی كوردییەوە بەردەوامی بە ژیان بدات.

خێزانی تنۆك یەكێكن لە و خێزانە هەڵەبجەییانەی لە كاتی كیمیابارانی هەڵەبجەدا زۆرترین زیانیان بەردەكەوێت، چەند كەس لەناو خانەوادەكەیان لەدەست دەدەن، گەورەترینیشیان تێكچونی تەندروستیانە كە ئێستە بووەتە هۆی كەم بینینی تنۆك و دوو لەخوشكەكانی، تنۆك لە ڕێی چیرۆكی خۆشەویستی خۆی ئۆرڤان باسی مەینەتی خۆی و كچانی كورد بۆ "وشە" دەكات و دەڵێت، تەنیا دەدری من نییە ئەو كچانەی لە ئەوروپا گەورە دەبن دوو كولتووری سەری خواردوون.

زیاتر دەڵێت، من تەمەنم سێ ساڵ بوو كاتێك هاتینە هۆڵەندا هەموو ژیانم لێرەیە هەموو شتێكم لەگەڵ هۆڵەندییەكانە ئێمە لە باكوری هۆڵەنداین كەمترین كوردی لێبوو ئەو كات، لە قوتابخانە و زانكۆ و هەموو شوێنێك جگە لە خێزانەكەم كەسی ترم نەدەبینی كورد بێت، من وەك كچێكی كورد كە ماڵەوەمان زۆر وابەستەی دابوونەریتی كوردی بوون لەناو كۆمەڵگەیەكی زۆر كراوە دەژیام، هەر لەسەرەتاوە زۆرترین كێشەم هاتە بەردەم، گاڵتەپێكردنی هاوڕێ قوتابیەكانم بەهۆی ئەوەی زۆر تێكەڵ نابم و لەزۆر شت بەشداری ناكەم و ناچمە دیسكۆ، بەتایبەت كاتێك من چاوم زۆر كەم دەبینێ‌ و گاڵتەیان بە چاوم و چاویلكە و شیوازی جلوبەرگ و هەمووشتێكم دەكرد، ئەمە لەگەڵ گەورە بوونم گەورەتر بوو.

تنۆك تا دەگاتە قۆناغی دووەمی كۆلێژ خۆشەویستی ناكات و وەك خۆی باسی دەكات هەمیشە دوورە پەرێز بووە لە هەموو جۆرە پێوەندییەك، چونكە باوكی زۆر چاودێری كردوون و ڕێگەی نەداوە بەهیچ جۆرێك ئازادی وەربگرن، دووپاتی لەوە كردەوە ئەوەی بەرانبەر ئەو كراوە بۆ خوشكەكانی بەهەمانشیوە بووە و خراپتریش، ئەو دەڵێت، خێزانێك لە هۆڵندا هەولێربوون بە زۆر كچەكەی خۆیان بەژن داوە بۆ براكەیان وازیان پێ لە خۆشەویستەكەی هێناو و ژن بە ژنیان پێكردووە، دەڵێت ئەگەر ڕازی نەبووایە دەیان كوشت.

تنۆك دەڵێت ناوی ئەوروپا لە كوردستان زۆر گەورەیە، بەڵام هێندەی گەورەیەكەی كێشەی گەرەی لەخۆیدا كۆكردووەتەوە كە وردە وردە ناخی هەمووان دەخوات، دەیان ژنی كورد بە خراپترین شێوە توندوتیژی بەرانبەر دەكرێت، خێزانە كوردەكان نە دەتوانن كچەكانیان وەك كودێكی بوێری دڵخۆش گەورە بكەن نە دەشتوانن قبووڵی بكەن وەكو ئەوروپیەك بژیت، بێگومان بەشێكی كەم هەن ئازادی ڕەها دەدەن بەڵام ئەمە زۆر كەمە.

تنۆك خێزانە كوردەكان تاوانبار دەكات بەوەی ژیانی منداڵەكانیان تێك دەدەن و داهاتوویان دەكوژن بەوەی بێ ئەوەی ڕایان وەربگرن دەیان بەن بۆ وڵاتێكی جیاواز لەوێ جگە لەوەی كاتیان بۆ منداڵەكانیان نییە، چونكە ژن و مێرد بۆ ئەوەیە بژین دەبێت كار بكەن منداڵەكانین لە 24 سەعات سێ سەعات نابینن، ناشتوانن قبووڵی كولتوورە جیاوازەكەش بكەن، ئەوە وایكردووە بەشێك توشی نەخۆشی دەروونی بەشێك توشی لاڕێی ببن.

 تنۆك باسی چونە زانكۆی دەكات و دەڵێت، من كاتێك چومە زانكۆ باوكم ڕازی نەبوو بچمە بەشەناخۆیی، هەموو ڕۆژێك من سێ سەعات لە ڕێگەی چوون و سێ سەعات لە هاتنەوە دەڕۆم لە كاتێك وانەكانم زۆر قورسبوو منیش كاتی زیاترم دەوێ بۆ خوێندن، بەو جۆرە بەردەوام بووم تا كچی پوور و مامەكانم هەموویان لە هەڵەبجەوە بۆ خوێندن لە كوردستان چونە دهۆك و هەولێر، ئەوكات دایكم بە زۆر باوكمی ڕازی كرد تا منیش لە بەشەناوخۆیی بمێنمەوە.

لەقۆناغی دووەمی زانكۆ تنۆك ئۆرڤان دەناسێت وەك خۆی باسی دەكات لەسەرەتاوە یەكتریان خۆشویستووە، بەڵام ئەو ڕێگەی نەداوە داوای لێبكات و بكەوێتە ناو ئەو خۆشەویستەی، چونكە دڵنیابووە لەوەی باوكی ڕازی نابێت و ئەویش ناتوانێت بەردەوام بێت بەو خۆشەویستییە، لە قۆناغی سێیەم تنۆك ڕازی دەبێت و دەڵێت، هەوڵدەدەین بۆ ئەوەی هەموو سنوورەكان ببەزێنین، ئۆرڤان لە خێزانێكی مەسیحییە لەبەر تنۆك بووە بە مسوڵمان و ئێستە لە هەوڵێ فێربوونی زمانی كوردیە بۆ ئەوەی باوكی تنۆك ڕازی ببێت بەو هاوسەرگیریە.

تنۆك دەربارەی هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستەكەی دەڵێت، لە هۆڵەندا زۆر كەم ڕوو دەدات كچ و كوڕ بەو جۆرە هاوسەرگیری بكەن، چونكە لەوێ پێكەوە ژیان هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی تنۆك ناتوانێت بچێت لەگەڵی بژیت، بۆیە هاوسەرگیری دەكەن، دەشڵێت چەند جارێك ماڵی باوكی كوڕەكە بانگێشتیان كردووە و داوایان كردووە خێزانەكەی بناسن، بەڵام ئەو پێی گوتوون جارێ كاتیان نییە، تنۆك دەڵێت، نازانێت بەو درۆیە و تاكەی بەردەوام دەبێت لەلای ماڵی باوكی ئۆرڤان، بەڵام دەڵێت ناچارە نازانێت چۆن بۆیان ڕوون بكاتەوە باوكی ڕێگرە نایەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ بێگانە بكات، چونكە لەوێ ئەو جۆرە دابوونەریتانە نیە بە تایبەت لە دوای 18 ساڵ.

هه‌ولێر/ ئیڤان عه‌بدولڕه‌حمان


وشە - سه‌رخێڵ هاشم