هواوی مۆبایلێكی سيخوڕە؟

كۆمپانیای هواوی بۆ تەكنەلۆجیا، بەڵێن دەدات كە لە رێی ئامێرەكانییەوە سیخوڕی بەسەر بەكارهێنەرانەوە بۆ بەرژەوەندی دەزگای هەواڵگری چینی ناكات. فەرمانگە پێوەندارەكانی بەریتانیاش دەڵێن دەركەوتووە ئامێرەكانی هواوی سیخوری پێیەوە ناكرێت.

دوای ئەو هەرا گەورەیەی دژ بە كۆمانپای زەبەلاحی بواری تەكنەلۆجی هواوی بەرپا كرا، پاش ئەوەی وەزارەتی دادی ئەمەریكی تۆمەتباری كرد، لە ئەوروپاش هۆشداری توند لەبارەی بەرهەمە تەكنەلۆجییەكانی هواوی درا، ئەمەش كۆمانپایەكەی ناچار كرد گرەنتی بداتە وڵاتانی ئەوروپا.

هواوی بڕی دوو ملیار دۆلاری تەرخان كردووە بۆ پاراستنی بەكارهێنانی ئامێرەكانی بۆ كاری سیخوڕی، ئەمە لە كاتێكدایە لە كۆتایی ساڵی رابردوو حكوومەتی بەریتانی لە راپۆرتێكدا گومانی نیشان دا لەسەر سیخوڕیكردن بە ئامێرەكانی هواوی بۆ بەرژەوەندی حكوومەتی چین.

مەترسییەكە لەوێوە زیاتر لەسەر هواوی دروست بوو كە بەگوێرەی یاسای هەواڵگری نیشتمانی چینی لە ساڵی 2017، هەموو دامەزراوە و كۆمپانیاكانی چین ناچار كراون هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری وڵاتەكەیان بكەن.

هواوی گوتاری هەفتانەی دایە ئەندامانی لیژنەی زانست و تەكنەلۆجیای پەرلەمانی بەریتانی، ریان دینگ سەرۆكی كۆمەڵەی كارەكانی بازرگانی لە كۆمپانیای هواوی رای گەیاند كە هواوی پێشتریش سیخوڕی نەكردووە و لە داهاتووشدا نایكات.

ئەمە لە كاتێكدایە فڕەنسا و ئەڵمانیا لە ریزی ئەو وڵاتانەن كە رێ بە بەكارهێنانی بەرهەمە تەكنەلۆجییەكانی هواوی بدات لە ژێرخانی نەوەی پێنجەمی تەكنەلۆجی، بەڵام ئوسترالیا و نیوزیلەندا لە ریزی ئەمەریكان كە رێ بە بەكارهێنانی نادات.

ریان دەڵێ هواوی لە ژێر چاودێرییەكی ورد دایە، ئەگەر پێشتر بەشداری هەر كارێكی سیخوڕی كرد بێت، ئەوا ئێستە ئاشكرا دەبوو، ئەمەش كۆمپانیاكەی شكست پێ دەهێنا.

هواوی یەكێكە لە كۆمپانیا چینییە پێشەنگ و زەبەلاحەكانی تەكنەلۆجیا، جگە لە دروستكردنی مۆبایلی زیرەك و تابلێت، ئەوا بەرهەمی تەكنەلۆجی تریش دروست دەكات وەك سیستەمی نەوەی چوارەم، ئێستە لە هەوڵی پێشخستنی سیستەمی نەوەی پێنجەمدایە كە بە "5G" ناسراوە.



وشە - فه‌رمان سادق


PM:02:44:07/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 163 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌