بۆچی یانەی بەرشەلۆنە نەیتوانی لە ئەتلەتیك بیلباو بباتەوە

:: AM:11:47:11/02/2019 ‌

لویس سوارێزی هێرشبەری یانەی بەرشەلۆنە هۆكاری یەكسانبوونی تیپەكەی لە یارییەكەی شەوی رابردوو بەرامبەر یانەی ئەتلەتیك بیلباو ئاشكرا كرد.

شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە لە گەڕی 23ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی سان مامیس بەبێ گۆڵ لەگەڵ یانەی ئەتلەتیك بیلباو یەكسان بوو.

لە یارییەكەدا ئاستی یانەی ئەتلەتیك بیلباو لە یانەی بەرشەلۆنە باشتر بینرا و ئەگەریش ئاستبەرزی ئەندرێ تیر شتیگنی گۆڵپارێزی ئەڵمانیش نەبووایە یانە كەتەلۆنییەكە یارییەكەی دەدۆڕاند.

لەمبارەیەوە سوارێز بە دەزگاكانی راگەیاندنی راگەیاند: پێموایە یەكسانبوونەكە ئەنجامێكی شایستە بوو بۆ هەردوو یانەكە لەگەڵ ئەوەی یانەی ئەتلەتیك بیلباو باش یارییان كرد و چەند هەلێكی تۆماركردنی گۆڵیان لەدەست دا.

بەرشەلۆنە ئەمە سێیەم یارییە لەسەریەك یەكسان دەبێت دوای ئەوەی بە ئەنجامی 2-2 گۆڵ لەگەڵ یانەی ڤالێنسیا یەكسان ببوو و دواتریش رۆژی چوارشەمی رابردوو لە یاریی چوونی قۆناغی پێش كۆتایی جامی شای ئیسپانیا بە ئەنجامی 1-1 گۆڵ بەرامبەر یانەی ریال مەدرید یەكسان ببوو.

سوارێز لەبارەی هۆكاری یەكسانبوونەكانی یارییەكانی چەند رۆژە رایگەیاند: لە ماوەی هەفتەیەدا 3 یاریمان ئەنجام دا و پێموایە ئەمە هۆكاری یەكسانبوونەكانە كە پاڵەپەستۆیەكی زۆرمان لەسەر بوو.

جەختیشی كردەوە كە بە دڵنیاییەوە ئەنجامی یارییەكانی داهاتوویان باشتر دەبێت و دەگەڕێنەوە سەر سیكەی سەركەوتنەكان.

جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە بەم یەكسانبوونە ژمارەی خاڵەكانیان بۆ 51 بەرز كردەوە و بە جیاوازی 6 خاڵ لەگەڵ نزیكترین ركابەری كە یانەی ریال مەدریدە، هەر لە پێشەنگی یانەكانی خولی ئیسپانیا مایەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م