پلانەكانی وەرزی داهاتووی ریال مەدرید چی دەبێت؟ پێرێز وەڵام دەداتەوە

:: AM:11:48:13/03/2019 ‌

فلۆرەنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی سەبارەت بە پلانەكانی یانەكەی بۆ وەرزی داهاتوو قسەی كرد دوای گەڕانەوەی زێنەدین زێدانی فڕەنسی بۆ راهێنەرایەتی یانەكە.

یانەی ریال مەدرید ئێوارەی پێرێ دووشەم بەفەرمی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی راهێنەری ئەرجەنتینی سانتیاگۆ سۆلاری راگەیاند و لە شوێنی ئەویش گەڕانەوەی زێنەدین زێدانی راهێنەری پێشووی یانەكەی راگەیاند.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەرۆكی یانەی ریال مەدرید باسی لە پلان و گۆڕانكارییەكانی وەرزی داهاتووی یانەكەی كرد و تێیدا رایگەیاند: بەدڵنیاییەوە لە هاوینی داهاتوودا گۆڕانكاری لە ریزی یانەكەمان دەكەین، بەڵام شۆڕشی گۆڕانكاری یاریزانەكان روو نادات.

پێرێز هەروەها رایگەیاند: پلانمان داناوە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا گۆڕانكاری لە ریزی یانەكەمان لە رووی یاریزانان بكەین و بۆ ئەمەش دەستبەرداری چەند یاریزانێك دەبین و چەند ئەستێرەكی نوێش دەهێنینە یانەكامانەوە.

سەرۆكی یانەی ریال مەدرید ناوی ئەو یاریزانانەی ئاشكرا نەكرد كە بۆ وەرزی داهاتوو هەوڵی گرێبەستكردنیان لەگەڵ دەدات، بەڵام پێشتر لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا پرسیاری لێ كرابوو كە لە هاوینی داهاتوو هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ نیمار دا سیلڤا یان كیلیان مباپێ دەدەن، ئەویش لە وەڵامدا گوتبووی هەوڵ بۆ هەردووكیان دەدەین.

رۆژنامەكانی ئیسپانیاش ئاشكرایان كردبوو كە زێدان داوای لە پێرێز كردووە بۆ وەرزی داهاتوو هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ 5 یاریزانی خولی ئینگلیزی بدەن كە ئەوانیش برێتین لە: ئیدین هازارد لە یانەی چێڵسی، كریستیان ئەریكسن لە یانەی تۆتنهام، رۆبێرتۆ فێرمینۆ و سادیۆ مانێ لە یانەی لێڤەرپوول و پۆڵ پۆگبا لە یانەی مانچستەر یونایتد.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م