دیداری نێودەوڵەتی سینەما لە نیگای ژنان ده‌ستى به‌كاره‌كانى كرد

:: PM:06:58:14/03/2019 ‌
ئەمڕۆ پێنجشه‌م 14ى ئادار، بە بەشداریی چەندان خانمە هونەرمەندی کورد و بیانی، لە شاری هەولێر سێیەمین خولی دیداری نێودەوڵەتی (سینەما لە نیگای ژنان) ده‌ستى به‌كاره‌كانى كرد.

دیدارەکە ئەمڕۆ بە فیلمی دەوەن دەستى پێ كرد و دوابەدوای ئەوەیش چەند چالاکییەك ئەنجام دەدرێت.

نادیە عومەر بەڕێوەبەری پێوەندییەکانی دیدارەکە بۆ "وشه‌" گوتى، "سێیەمین خولی "دیداری نێودەوڵەتیی سینەما لە نیگای ژناندا" لە سینەما ئیمپایەری فاملی مۆڵ لە هەولێر ساز دەکرێت و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ئەمساڵ بە هاوکاریی كەرتی تایبەت و حكوومەت دیدارەکە بەڕێوەدەبەن".

زیاتر گوتى، " لەم دیدارەدا ئەو فیلمانە نمایشدەکرێن کە (چیرۆکنووس، سیناریست، دەرهێنەر و وێنەگرەكەیان) ژنن، ناوەڕۆکی فیلمە بەشداربووەکان تێڕوانینی ژنان بۆ ژنان دەخاتەڕوو و دەستەی بەڕێوەبەرانی دیدارەکەش ژنن".

سانا مەحموود شاجوانی كوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٩ سەرۆكی دیدارەكەیە، هونەرمەند نەرمین كاوانی سەرۆكی لیژنەی دادوەرانە، دوو فیلمی نوێی (كاردینای سپی) و (دەوەن نەوزاد) نمایش دەکرێن.

لەم خولەی "دیداری سینەما لە نیگای ژنان"، 16 فیلم لە كوردستان و عێراق و وڵاتانی عەرەبی و بەریتانیاوە بەشدارن، پێنج خانمی سینەماكار خەڵات دەکرێن، میوانداریی 100 خانمە هونەرمەند دەکرێت.

ڕۆژی یەکەم/

میوانەکانی فێستیڤاڵەکە کاتژمێر ١١:٠٠ی بەیانی ئامادە دەبن، کاتژمێر ٤:٠٠ی پاشنیوەڕۆ چالاکییەکانی (پێشانگای فۆتۆ، ژەنینی میوزیک لایڤ، خوێندنەوەی شیعر، ڕێزلێنان لە چەند خانمێک، چەند وتەیەکی کورت)، دواتر نمایشی فیلمەکان دەکرێت تا کاتژمێر ٨:٠٠ی شەو.

ڕۆژی دووەم/

کاتژمێر ١٠:٠٠ی سەرلەبەیانی لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان ماراسۆن (ڕاکردن) دەکرێت، کاتژمێر ٣:٣٠ی پاشنیوەڕۆ نمایشی فیلم دەست پێ دەکات، کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارە کاتی دابەشکردنی خەڵاتەکان دەبێت.

کاتژمێر ٧:٣٠ ی شەوه‌ ئاهەنگی مۆسیقا و گۆرانی دەست پێ دەکات تا کاتژمیر ١٠:٣٠ی شەو بەردەوام دەبێت.

ڕۆژی سیێەم/

ئەم ڕۆژە تایبەت دەبێت بە گەشت و سەیران بۆ پشتگیریی لە ژینگە و گەشتوگوزار.

لە کۆتاییشدا پێنج خەڵات دەدرێت بە (باشترین فیلم، باشترین خانمە دەرهێنەر، باشترین خانمە ئەکتەر، خەڵاتی ڕێزلێنان و خەڵاتی لیژنەی داوەران بۆ فیلمێك).




وشە - محەمەد میران