نەتەوە یەكگرتووەكان داوای زوو پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان دەكات

شاندێكی یۆنامی لەكاتی سەردانیان بۆ پەرلەمانی كوردستان داوا دەكەن پێكهێنانی حكوومەتی نوێی كوردستان پەلەی تێدا بكرێت و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش ڕای گەیاند، دەبێت هەمووان بەیەكەوە كار بۆ چەسپاندنی زیاتری بنەماكانی دیموكراسی بكەین و هەوڵەكانیش بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان بەردەوامە.

بەشێكی زۆر لەو شاندە بیانیانەی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا كۆ دەبنەوە دووپات لەوە دەكەنەوە كە پێویستە حكوومەتی داهاتووی كوردستان بە پەلە پێكبهێنرێ‌، ئێستەیش دوو ڕێككەوتنی سیاسیی بۆ پێكهێنانی حكوومەت لەنێوان پارتی و گۆڕان و یەكێتی واژوو كراوە.

بەگوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەم 14ی ئادار، د.ڤالا فەرید ئیبراهیم، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان و مونا قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمان پێشوازیی كرد لە شاندێكی یۆنامی كە پێكهاتبوو لە لەورەنس لیۆ، ئەفسەری باڵای كاروباری سیاسیی یۆنامی لە بەغدا و مونیارادزی مۆتسی، بەرپرسی نووسینگەی یۆنامی لە هەرێمی كوردستان.

وەك لە هەواڵەكەدا هاتووە، لەورەنس لیۆ ئەفسەری باڵای كاروباری سیاسیی یۆنامی لە بەغدا پوختەیەكی لە كاروبارەكانی یۆنامیی لە عێراق و هەنگاوەكانی نووسینەوەی ڕاپۆرتێك لەسەر بارودۆخی سیاسیی كوردستان و پێوەندییەكانی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستانی بۆ سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان باس كرد.

لە دیدارەكەدا شاندەكەی یۆنامی لە عێراق رایان گەیاند: "هەرێمی كوردستان جێگەی بایەخی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و تیمەكانی نەتەوە یەكگرتوووەكانە لە عێراق، هەروەها نیگەرانیی خۆشیان دەربڕی لە دواكەوتنی پێكهینانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هیوایان خواست لایەنەیە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان پەلە بكەن لە پێكهینانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەم مەبەستە نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكار و پشتیوانی هەموو جۆرە لێكنزیكبوونەوەیەكە لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و هەروەها بەهێزبوونی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی".

هەروەك لە هەواڵەكەدا ڕوونكراوەتەوە، د.ڤالا فەرید ئیبراهیم، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پوختەیەكی سەبارەت بەكار و چالاكییەكانی پەرلەمان و رۆڵی لە دەركردنی یاسا و هەوڵەكانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بەهاوكاری و هاوئاهەنگی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بۆ پێكهێنانی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان كرد بۆئەوەی لیژنەكان بەزووترین كات دەستبەكاری خۆیان بكەن  بۆ خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی كوردستان.

هەروەها باسی لە هەنگاوەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد و دووپاتی لەسەر ئەوە كردەوە كە دەبێت هەمووان بەیەكەوە كار بۆ چەسپاندنی زیاتری بنەماكانی دیموكراسی بكەین. هەروەك ئاماژەی بە پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق كرد و رای گەیاند: " ئێستە پێوەندییەكانمان لەگەڵ پەرلەمانی عێراق و حكوومەتی عێراقی زۆرباشە و دەخوازین پێوەندییەكان بەرەوپێشتر بچن لەچوارچێوەی دەستووری عێراق".

هاوكات هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دووپاتی بەردەوامیی هەوڵەكانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كردەوە لەگەڵ سەرجەم فراكسیۆنەكان لە پێكهینانی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان و چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ باشتر خزمەتگەیاندن بەخەڵكی هەرێمی كوردستان لەرێگەی جێبەجێكردنی باشتری یاسا بەركارەكان و هەمواركردنەوەیان یا پێشكەشكردنی پڕۆژەیاسای تر كە بتوانێت خزمەتی زیاتر بە ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان بكات.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ئێستە گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی كوردستان بەردەوامە و تا ئێستە پارتی دیموكراتی كوردستان كە حزبی یەكەمی كوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێككەوتنی سیاسیی واژوو كردووە، بەڵام هێشتا هیچ وادەیەك بۆ پێكهێنانی حكوومەت دیار نەكراوە.

بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێن، تا كۆتایی لەسەر پێكهێنانی حكوومەت ناوەستن و لە داهاتوویەكی زۆر نزیكدا سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كارا دەكەنەوە و دواتر سەرۆكی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ڕادەسپێردرێ‌ بۆ پێكهێنانی حكوومەت.

هەرچی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستانە ئێستە سەرقاڵن بە دارشتنی پڕۆژەیەك بۆ هەمواركردنەوەی یاسایی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە تا ئێستە نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی ئێستەی كوردستان كاندیدە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.

جێی بیرهێنانەوەیە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو ئەنجام درا، پارتی دیموكراتی كوردستان 45 كورسیی بە دەستهێنا و ئەركی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كەوتە ئەستۆ.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم


PM:07:38:14/03/2019




ئه‌م بابه‌ته 99 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌