هونەرمەندێكی ناوداری كورد كۆچی دوایی كرد

:: PM:08:41:17/03/2019 ‌
هونەرمەندی ناوداری كورد و یەكێك لە دامەزرێنەرانی تیپی میوزیكی باواجی كۆیە " سەردار ئەحمەد" ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم 17ی ئادار بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.

هونەرمەند سەردار ئەحمەد یەكێك بوو لە ئاواز دانەر و هونەرمەندی كورد ماوەیەكە نەخۆشە و دوایین جار لە لایەن كتێبخانەی گشتیی كۆیەوە لەمانگی شوباتی ڕابردوو خەڵاتی ڕێزلێنانیی پێدرا.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم، تارق حەیدەری قایمقامی كۆیە لە واڵی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك كۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە كۆییەی ڕاگەیاند و پرسە و سەرخۆشی خۆی ئارستەی هونەر دۆستان و خەڵكی كوردستان كرد.

مامۆستا سەردار لە ساڵی 1945 لە شاری كۆیە لەدایك بووە، لە ساڵی 1957 مامۆستا باكووری هەڵیدەبژێرێت و دەبێتە بە یەكێك لە ژەنیارەكانی قوتابخانەی كۆیەی كوڕان، بۆ یەكەم جاریش لە 1958 وەك كارەكتەرێكی لێهاتووی تیپی باواجی هاتووەتە سەر تەختەی شانۆ ساڵی 1962 چووەتە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی بەغدا.

یەكێك لە بەرهەمەكانی سەردار ئەحمەد لەگەڵ وریا ئەحمەد تۆمار كراوە و "وشە" وەك یادەوەرییەكی ئەو هونەرمەندە بڵاوی دەكاتەوە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم