میسی نزیك بۆتەوە لە گەیشتنی ژمارەیەكی پێوانەیی رۆناڵدۆ

:: AM:11:18:18/03/2019 ‌

لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی نزیك بۆتەوە لە گەیشتن بە ژمارەیەكی پێوانەیی ركابەرەكەی كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە خولی پلە یەكی ئیسپانیا.

رۆناڵدۆ هاوینی رابردوو یانەی ریال مەدرید و خولی ئیسپانیای جێهیشت و پەیوەندی بە خولی ئیتاڵیا و یانەی یۆڤێنتۆسەوە كرد.

میسی تا ئێستا لە خولی ئیسپانیا لە شكاندنی ژمارە پێوانەییەكان بەردەوامە و دوایین سەركەوتنیشی شەوی رابردوو بوو لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە لە گەڕی 28 بەرامبەر یانەی ریال بیتیس بە ئەنجامی 1-4 گۆڵ.

میسی لە یارییەكەدا 3 گۆڵ (هاتریك)ی تۆمار كرد، بەمەش تەنیا یەك هاتریكی تری ماوە تۆماری بكات بۆ ئەوەی بگاتە ژمارە پێونەییەكەی رۆناڵدۆ كە پێشتر لە خولی ئیسپانیا 34 هاتریكی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید تۆمار كردبوو.

هاتریكەكەی شەوی رابردووی میسی بەرامبەر یانەی ریال بیتیس ژمارە 33 بوو، بەمەش بەدڵنیاییەوە دەتوانێ بگاتەوە ژمارە پێوانەییەكەی رۆناڵدۆ و تەنانەت تێشی پەڕێنێ.

جێی باسە میسی لە وەرزی ئەمساڵدا لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە ئەمە 39مین گۆڵ بوو تۆماری بكات لە كۆی 37 یاریی رابردوو لەگەڵ دروستكردنی 18 گۆڵی تر بۆ هاوڕێكانی.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م