گریزمان پەشیمانە لە رەتكردنەوەی یانەی بەرشەلۆنە

:: AM:11:34:18/03/2019 ‌

یانەی بەرشلۆنە هاوینی رابردوو هەموو هەوڵێكی دا بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئەنتوان گریزمانی ئەستێرەی فڕەنسی و هێرشبەری یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید، بەڵام ئەو رەتی كردەوە یانەكەی جێبێڵێ و مایەوە.

رۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: گریزمان ئێستا حەز دەكات پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە بكات و پەشیمانیشە لەوەی داوای یانە كەتەلۆنییەكەی رەت كردۆتەوە.

گریزمان لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی رابردوودا نزیك بوو پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە بكات، بەڵام دواجار لە بەڵگە فلیمێكدا بە ناونیشانی (بڕیار) پێش دەستپێكردنی یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا ئارەزووی مانەوەی لە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید راگەیاند و گرێبەستێكی نوێشی تا ساڵی 2023 ئیمزا كرد.

دوای دەرچوونی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە ركابەرییەكانی ئەمساڵی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەسەر دەستی یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی، گریزمان لە بڕیاری مانەوەی لە ریزی یانەكەی پەشیمان بۆتەوە و جەختی كردۆتەوە كە دەیەوێ بۆ وەرزی داهاتوو یانەكە جێبێڵێ.

لای خۆیەوە رۆژنامەی (لیكیپ)ی فڕەنسی ئاشكرای كردبوو كە یانەی بەرشەلۆنە هێشتا پەیوەستە بە بیرۆكەی گرێبەستكردن لەگەڵ گریزمان، بەڵام ئەوەی كێشەیە لەبەردەم یانەكەدا ئەوەیە كە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەیەتی لەگەڵ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید كە بە 200  ملیۆن یۆرۆ دیاریكراوە، ئەم بڕە پارەیەش بە بڕوای بۆ یانە كەتەلۆنییەكە زۆرە.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م