ئەمڕۆ خەڵكی كوردستان ئاگری نەورۆزی ساڵی 2719 هەڵدەكەن

:: AM:11:11:20/03/2019 ‌

ئەمڕۆ لە شارەكانی هەرێمی كوردستان ئاگری نەورۆز هەڵدەكرێ‌ و ساڵی كوردی دەبێتە 2719، خەڵكی كوردستان بە گڕوتینەوە چاوەڕێی هاتنی جەژنی نەورۆز دەكەن.

لە هەولێری پایتەختی كوردستان سەعات پێنجی ئێوارە لە دوو شوێنی جیاواز ئاگری نەورۆز هەڵدەكرێ‌. هەمزە حامید بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ی گوت، لە دوای سەعات سێ ئاهەنگەكان دەست پێ دەكات و لە سەر قەڵای هەولێر و پاڕكی شانەدەر سەعات پێنجی ئێوارە ئاگری نەورۆز هەڵدەكرێ‌.

هاوكات لە سلێمانی بڕیارە لە شەقامی سالم ئاهەنگەكانی جەژنی نەورۆز دەست پێ بكات و دەزگا تەناهییەكان هەموو ڕێوشوێنێكیان بۆ پاراستنی خەڵكی گرتووەتەوە ئەستۆ.

هەموو ساڵێك جەژنی نەورۆز لە ئاكرێ‌ جیاوازە و بۆ ئەمساڵیش بەهەمانشێوە سەعات پێنجی ئێوارە بە مەشخەڵی ئاگرەوە خەڵكی یادی جەژنی نەورۆز دەكەنەوە و لە دهۆك و دەڤەری بادینانیش چەندان چالاكی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێت.

هەرچەندە ئێستە كەركووك داگیر كراوە، بەڵام لەلایەن حزب و لایەنە كوردستانییەكانەوە هەوڵێك هەیە تا ئاگری نەورۆز هەڵبكرێ‌ و ئەگەریشی هەیە بەوهۆیەوە لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبیەوە ئاڵۆزی لە شارەكەدا دروست ببێت.

گۆڕینی ساڵ لە سەعاتێكی دیاریكراودا نییە و هەموو ساڵێك لە ساتێكی جیاوازدا دەگۆڕێت. ئێستە ساڵی 2718ی كوردییە و رۆژی پێنجشەم پێ دەنێینە ساڵی 2719ی كوردی.

ساڵی نوێی كوردی سەعات 58 خولەك و 27 چركەی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەم 21ی ئادار بە كاتی هەولێر و سەعات یەك و 28 خولەك و 27 چركە بە كاتی رۆژهەڵاتی كوردستان دەگۆڕێت.

ساڵێك بریتییە لە 365 رۆژ و پێنج سەعات  و 48 خولەك و 45 چركە و هەر كاتێك ئەمە تەواو بوو دەچینە ناو ساڵێكی نوێوە. هەڵبەت یاسایەكی تر هەیە لە گۆڕینی ساڵ و ئەویش هەر چوار ساڵ جارێك روو دەدات كە بە ساڵی كەبیسە ناسراوە و ژمارەی رۆژەكانی ساڵەكە دوای كۆكردنەوەی سەعەتەكان دەگەیەنرێتە 366رۆژ. دواجار لە ساڵی 2716 ژمارەی رۆژەكانی ساڵ 366 رۆژ بوو و بەو هاوكێشەیە بۆمان دەردەكەوێت ساڵی نوێی كوردی ژمارەی رۆژەكانی دەبێت بە 366 رۆژ.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم