هەر شۆفێرێک ئەم ئامێرە بەکاربێنێت 500 هەزار سزا دەدرێت

:: PM:08:40:20/03/2019 ‌

ئەمرۆ چوارشەم 20ی ئادار، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی هۆشداری ده‌دات  بە شۆفێران لە بەکارهێنانی ئامێری رادار بۆ ئاشکراکردنی شوێنی کامێراکانی تیژرەوی و سزاکەیشی بە 500 هەزار دینار دیاری دەکات.

ئەمرۆ چوارشەم 20ی ئادار، کاروان محەمەد گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "به‌پێی رێنمایی ژمارە شەشی ساڵی 2016ی وەزارەتی ناوخۆ کە بەواژووی وەزیری ناوخۆی هاتووە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ پێداگری دەکات، هەركەسێك ئامێری رادار بۆ ئاشكراكردنی كامێراكانی هاتوچۆ بەكاربهێنێت و لە ئۆتۆمبێلەكەیدا بگیرێت، بە بڕی 500 هەزار دینار سزا دەدرێت".

زیاتر گوتی، "هەروەها لە رێنماییەكەی وەزارەتی ناوخۆیشدا هاتووە کە هەر دووكاندارێك ئەو ئامێرە بفرۆشێت لەلایەن پۆلیسەوە دەگیرێت و رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە، خاڵە سنوورییەكان بۆ رێگری کردن لە هێنانی ئەم ئامێرە بۆ هەرێمی کوردستان تووندتر دەکرێت".

روونیشی کردەوە، "تا ئێستە چەند حاڵەتێكی بەكارهێنانی ئەو ئامێرە هەبووە و دەستی بەسەردا گیراوە و سزایش بۆ شۆفێرەكان كراوە".

ئەم بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە کاتێکدایە کە ئامێری ئاشکراکردنی کامێرای تیژرەوی لەلایەن شۆفێرانەوە بووە بە دیاردە. 


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان