په‌ندی پێشینان ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه، هه‌موو گه‌لانی سه‌ر زه‌وی خاوه‌نی په‌ندی تایبه‌ت به خۆیانن كه گوزارشته له كولتوور و داونه‌ریتی ئه‌و ژینگه‌یه‌ی تێیدا ژیاون. له‌م دیداره‌ی "وشه" له‌گه‌ڵ دكتۆر كه‌یفی ئه‌حمه‌د دكتۆرا له ئه‌ده‌بی كوردی و شاره‌زا له په‌ندی پێشینان، قسه‌وباسی ورد له‌مه‌ڕ په‌ندی كوردی كراوه. ئه‌و پله‌ی زانستیی پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ره و له به‌شی كوردی زانكۆی كۆیه وانه ده‌ڵێته‌وه.
په‌ندی پێشینان چییه؟
په‌ندی پێشینان بریتییه له كۆمه‌ڵێك وشه و زاراوه یان رسته‌یه‌كی كورت و پوخت كه به‌شێوه‌یه‌كی جوان و ساده و ساكار له‌رووی زمانه‌وه رێكخراون و دراونه‌ته پاڵ یه‌ك، به‌ڵام له رووی واتا و ناوه‌ڕۆكه‌وه، واتای زۆر و به‌رفراوانیان هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌ك پێویستی به‌شیكردنه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی كه‌سانی ژیر و رۆشنبیر هه‌یه، هه‌یشیانه ساده و ساكاره و زۆربه‌ی خه‌ڵك له واتاكه‌ی ده‌گات، به‌ڵام هه‌موویان له رووی واتاوه ده‌وڵه‌مه‌ندن.
په‌ندی پێشینان شێوه‌یه‌كه له شێوه‌كانی ئه‌ده‌بی فۆلكلۆر، بریتییه له بیر و رێی بیركردنه‌وه له یه‌ك كاتدا، بیره، له‌به‌رئه‌وه‌ی پوخته‌ی به‌ری ره‌نج و ئه‌زموونێكمان ده‌داتێ كه كۆمه‌ڵێك مرۆڤ تێیدا ژیاون، هه‌روه‌ها رێیه‌كی بیركردنه‌وه‌یشه، چونكه تێڕوانینی كه‌سانێكمان ده‌خاته به‌رده‌ست و بۆمان روون ده‌كاته‌وه, كه كۆمه‌ڵێك مرۆڤ پێیدا تێپه‌ڕیون و تاقیان كردووه‌ته‌وه، لایه‌نی چاكه و خراپه و ئه‌نجامه‌كه‌ی راده‌گه‌یه‌نێت. گرنگیی په‌ندی پێشینان هه‌ر ته‌نیا لایه‌نه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی نییه، چونكه ته‌نیا ئاوڕی له‌و لایه‌نه نه‌داوه‌ته‌وه، به‌ڵكو ئاوڕی له بواره‌كانی رامیاری و ئابووری و ئاینیش داوه‌ته‌وه و باسی لێوه كردوون.
كه‌واته گرینگی په‌ندی پێشینان له چیدایه؟
به به‌شێك له كولتوور و شوناسی كوردی داده‌نرێ، هه‌روه‌ها به روون و ئاشكرا وانه و په‌ند وه‌رگرتنه له رووداو و كاره‌ساتی رابردوو، واته نابێ مرۆڤ هه‌ڵه‌كانی پێشووی دووباره بكاته‌وه, به‌ڵكو ده‌بێت وانه‌یان لێ وه‌ربگرێت، ته‌نانه‌ت خودای كاربه‌جێ له قورئاندا چه‌ندان په‌ندی هێناوه‌ته‌وه و بۆ مرۆڤی باس كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی میله‌تان وانه له هه‌ڵه و نه‌زانینه‌كانی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی پێش خۆیان وه‌ربگرن و بۆیان ببێت به ئامۆژگاری و په‌ند وه‌رگرتن.
له سه‌رده‌مانی كۆندا په‌ندی پێشینان چ ڕۆڵێكی هه‌بووه؟
په‌ندی پێشینان له سه‌رده‌مانێكی زۆر كۆن و له‌پێش دانانی یاسا و ده‌ستوور له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی میله‌تاندا وه‌ك به‌ندی یاسا كاریان پێ كراوه، له دوایدا بوونه‌ته به‌ندی ده‌ستوور و یاسای میله‌تان و هه‌یكه‌لی ده‌ستووری حوكمڕانی خۆیان له‌سه‌ر هه‌ڵبه‌ستووه و پێڕه‌ویان كردووه، واته له شارستانییه كۆن و پێشكه‌وتووه‌كاندا، وه‌ك فه‌لسه‌فه‌یه‌كی پیرۆز كه شایانی رێكخستنی ژیان بێت، سه‌یری په‌نده‌كان كراوه، یۆنانی و ئینگلیزه‌كان له‌و گه‌له پێشكه‌وتوو و خاوه‌ن شارستانی و مه‌ده‌نییانه‌ن كه په‌نده‌كانیان وه‌ك به‌ندی یاسایی سه‌یر كردووه و له‌ناو ده‌زگه یاساییه‌كاندا پێڕه‌ویان كردووه و كردوویانن به بنه‌مای به‌نده یاساییه‌كان.
ده‌كرێ بڵێین په‌ندی پێشینان ڕووداوێكی راسته‌قینه‌یه، یان دروستكراوه؟
راستییه‌كه‌ی په‌ندی پێشینان ئه‌ده‌بی فۆلكلۆره، فه‌لسه‌فه و تێڕوانین و هۆشمه‌ندی میله‌ت به رسته‌یه‌كی كورتی پڕ واتا ده‌خاته ڕوو، په‌ندی پێشینان پێوه‌سته و پێوه‌ندی به رووداوێكی دیاریكراوه‌وه هه‌یه، له‌وانه‌یشه ئه‌و رووداوه راسته‌قینه بێت و له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا رۆژێك له رۆژان رووی دا‌بێـت، یان رووداوه‌كه له داهێنانی هه‌قایه‌تخوان و گێڕه‌ره‌وه‌كان بێت.
ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه ئه‌و په‌ندانه بوونه‌ته جێی بایه‌خدان و ره‌زامه‌ندی هه‌موو چین و توێژه جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگه، نه‌وه دوای نه‌وه ئه‌و بایه‌خدانه زیاتر ده‌بێت، ئه‌مه‌یش زیاتر به‌هۆی لایه‌نه واقیعییه‌كه‌یه‌تی كه گوزارشت له ژیانی ئێسته‌یش بۆ خه‌ڵك ده‌كات.
په‌ندی پێشینان له ئه‌نجامی به‌سه‌رهاتی كاریگه‌ر و تاقیكردنه‌وه‌ی پیر و پێشینانه‌وه گوتراون و كه‌وتوونه‌ته سه‌ر زمانی هه‌موو ته‌مه‌نه‌كان، تا ئاستێك بوون به یاسا و ده‌ستوور و پێڕه‌وی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسی و ئاینی, بۆیه به به‌شێكی دانه‌بڕاوی رۆشنبیریی رۆڵه‌كانی كۆمه‌ڵ داده‌نرێن.
نه‌ته‌وه‌ی كورد تا چه‌ند خاوه‌نی سامانێكی گه‌وره‌ی په‌ندی پێشینانه؟
نه‌ته‌وه‌ی كورد خاوه‌نی سامانێكی زۆر گه‌وره‌ی په‌ندی پێشینانی خۆیه‌تی و سیمای خۆماڵی و ره‌سه‌نایه‌تییان پێوه دیاره، چونكه په‌نده كوردییه‌كان هه‌ڵقوڵاوی واقیعی ژیان و گوزه‌رانی تاك و كۆمه‌ڵگه‌ن و وێنه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ی سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌مان بۆ ده‌خه‌نه ڕوو، په‌نده‌كان هێنده كاریگه‌رییان هه‌یه، به جۆرێك له‌ناو هه‌موو ته‌مه‌ن و چینه جیاوازه‌كان و پیشه جۆراوجۆر و ره‌گه‌زه جیاوازه‌كاندا بڵاو بوونه‌ته‌وه، وه‌ك رۆشنبیریی گشتی له‌ناو كۆمه‌ڵدا سه‌یر ده‌كرێن، ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ناو قسه و گه‌نگه‌شه‌كانیاندا په‌ندی شیاو و له جێ و كاتی خۆیدا به‌كار دێنن، به كه‌سانی رۆشنبیر داده‌نرێن، بۆیه ئه‌و سامانه نه‌ته‌وه‌ییه وه‌ك به‌شێكی زۆر پڕ له به‌ها و به نرخی ئه‌ده‌بی فۆلكلۆری گه‌ل داده‌نرێت.
ده‌كرێ په‌ندی پێشینان وه‌ك فێرگه‌ی ژیان سه‌یر بكه‌ین؟
به‌ڵێ په‌نده‌كان وه‌ك فێرگه سه‌یر ده‌كرێن، چونكه چاوی خه‌ڵكیان به‌ڕووی ژیاندا كرده‌وه و له‌و تاریكی و نه‌زانینه‌ی تێی كه‌وتبوون له سه‌رده‌مه كۆن و تازه‌كاندا رزگاری كردن و بوونه ڕێنیشانده‌ر و پێشه‌وای ژیانێكی گونجاوتر، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌توانن به‌رپێی خۆیان ببینن و تووشی هه‌ڵه نه‌بن.
به‌ڕاستی په‌نده‌كان وه‌ك فێرگه‌یه‌كی ڕه‌سه‌نی ئێجگار به‌رزن بۆ ئێمه و هه‌موو نه‌وه‌كانی داهاتوومان، ده‌كرێ وه‌ك چرایه‌ك بیانگرین به ده‌سته‌وه و تاریكایی رێی ژیانی خۆمانی پێ رۆشن بكه‌ینه‌وه، له هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیانی (ئاینی، رامیاری و ئابووری، دارایی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقی، جه‌نگ و ئاشتی، بازرگانی، پیشه‌سازی، كشتوكاڵی، ئاژه‌ڵداری، فه‌رهه‌نگ و زانست و زانیاری، په‌روه‌رده و پێگه‌یاندن و.. هتد), سوودیان لێ وه‌ربگرین، ته‌نانه‌ت له پێش هه‌موو بابه‌ته‌كانی تری فۆلكلۆری په‌نده‌كان كه‌وتنه سه‌ر ڕووپه‌ڕی رۆژنامه و گۆڤاره‌كان و له‌لایه‌ن نووسه‌رانه‌وه گرنگییان پێ دراوه.
جیاوازیی په‌ندی پێشینان و قسه‌ی نه‌سته‌ق چییه؟
له‌ناو ئه‌ده‌بی فۆلكلۆریدا قسه‌ی نه‌سته‌قمان به‌رچاو و گوێ ده‌كه‌وێ و جیاوازییان له‌گه‌ڵ په‌نده‌كانی پێشینان هه‌یه، به‌ڵام به‌داخه‌وه زۆر كه‌سیش به هه‌ڵه و بێ ئاگایی تێكه‌ڵی یه‌كتریان كردووه، له وه‌ڵامه‌كانی پێشوودا په‌ندی پێشینانمان باس كرد.
قسه‌ی نه‌سته‌ق وه‌ك به‌شێك له‌ناو كولتووری نه‌ته‌وه‌كاندا خۆی ده‌نووێنێت، به‌ڵام ئه‌م قسانه سنوور ده‌به‌زێنن و تایبه‌ت نابن به گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیاریكراو، گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌و وته‌یه شتێكی ڕێك و جوان بێت، گرنگ نییه خاوه‌نه‌كه‌ی سه‌ر به چ ڕه‌گه‌ز و نه‌ته‌وه‌یه‌كه، بێ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك له سه‌رچاوه‌كه‌ی بپرسێ، ده‌كه‌وێته سه‌ر زاری تاكه‌كان و له هه‌ڵوێسته گونجاو تایبه‌تییه‌كاندا به‌كاری دێنن.
به كورتی قسه‌ی نه‌سته‌ق بریتییه له ئاخاوتنێكی خه‌ست و خۆڵ و چڕی مانادار كه ده‌درێته پاڵ كه‌سێك، نووسه‌رێك یان كه‌سێكی زانا و وشیار و ناودار، شێوه‌ی په‌ندی هه‌یه و له په‌ند ده‌چێت، به‌ڵام وه‌ك ئه‌ویش نییه، نووسه‌ر یان هه‌ر كه‌سێك ته‌واوی بیری خۆی له رسته‌یه‌ك كۆ ده‌كاته‌وه، به جۆرێك وه‌ك ئاوێنه ئه‌و بیره‌ی هه‌ڵیگرتووه تێیدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه.
*په‌ندی پێشینان و قسه‌ی نه‌سته‌ق به هه‌ڵه تێكه‌ڵ ده‌كرێن.