لە هەولێر ڕێ لە گوتاری توندڕەوی دەگیرێت

:: AM:11:53:25/03/2019 ‌
بڕیارە لە شاری هەولێر لە ڕێی خستنەڕووی چەند توێژینەوەیەكی زانستی، مەترسییەكانی گوتاری توندڕەوی بخرێتەڕوو و كە بەمەترسی ڕِاستەقینە دەزانرێت بۆ سەر ئاشتی كۆمەڵایەتی.

ئەمڕِۆ دووشەم 25ـی ئادار، زانا ئەحمەد توێژەر بۆ "وشە" گوتی، بڕیارە سبەی لە زانكۆی سەڵاحەدین كۆنفڕانسێك لە بارەی گوتاری رق و كینە و كاریگەری لەسەر ئاشتی كۆمەڵایەتی بەڕێوە بچێت.

ئەو توێژەرە ئاشكرای كرد، لەو كۆنفڕانسە مەترسییەكانی گوتاری توندڕەوی دەخرێتەڕوو و هەوڵ دەدرێت لە ڕێی ئەو توێژینەوانەی پێشكەش دەكرێن، ئەوە ڕوون بكرێتەوە بەشێوەیەكی زانستی تیشك بخرێتە سەر ئەو مەترسییانە.

لە داوەتنامەیەك بۆ دەزگەی "وشە" لەلایەن زانكۆی سەڵاحەدین تێیدا هاتووە، زانكۆی سەڵاحەدین لە هەولێر بە هاوئاهەنگی رێكخراوی دانایانی عێراق بۆ دادپەروەری گواستراوە یەكەم كۆنفڕانسی زانستی نێودەوڵەتی هاوبەش بە ناونیشانی "گوتاری رق و كینە و كاریگەری لەسەر پێكەوەژیانی كۆمەڵایەتی و ئاشتی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی" ئەنجام دەدات.

لە بەشێكی داوەتنامەكە ئاماژە دراوە، سبەی سێشەم لە سەنتەری رۆشنبیری زانكۆی سەڵاحەدین لە شاری هەولێر ساز دەكات. كۆنفڕانسەكە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق و وڵاتانی عەرەبی، چەندان توێژینەوە پێشكەش دەكرێن كە تیایاندا باس لە شوێنەواری گوتاری رق و كینە لەسەر ئاشتی ناوخۆیی و هەرێمایەتی دەكەن.



وشە - رامیار جەواد