یادی لە دایكبوونی زەردەشت دەكرێتەوە

:: AM:11:56:25/03/2019 ‌
بڕیارە سبەی یادی لە دایكبوونی زەردەشت بكرێتەوە لەلایەن زەردەشتییەكانی هەرێمی كوردستان  و سروود و ئاهەنگی تایبەت بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ دووشەم 25ـی ئادار، ئاوات حیسامەدین بەڕێوەبەری كاروباری زەردەشتییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سبەی لە ڕۆژی لە دایكبوونی ئەشوو زەردەشت بەڕێوە دەچێت.

بەرپرسەكەی زەردەشتییەكان گوتی، ڕێكخراوی یەسنا كارەكانی لە ئەستۆ گرتووە و یادی 3757 لە دایكبوونی ئەشوو زەردەشت دەكرێتەوە و ئاهەنگێكیش ساز دەكرێت.

ئاشكرای كرد، ئاهەنگەكە لە پەرستگای زەردەشتییەكان بەڕێوە دەچێت كە كردنەوەی ئاگر و سروودی زەردەشتییەكان و گۆڕانی شەو چەرەی كوردەواری بەڕێوە دەچێت و بۆ ماوەی سێ‌ سەعات بەردەوام دەبێت.

كردنەوەی ساڵوەگەڕی لە دایكبوونی ڕێبەری زەردەشتییەكان لە كاتێكدایە بەشێوەیەكی فەرمی مۆڵەتیان وەرگرتووە و لە هەرێمی كوردستان وەك ئاینێكی فەرمی ناسێنراون و كارەكانیان بەڕێوە دەبەن و بە گوتەی بەرپرسانی ئەو ئاینە، ئێستە ژمارەیان لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 200 هەزار شوێنكەوتووە.



وشە - رامیار جەواد