شاناز عەلی: كچە وەرزشكارەكان نیگەرانن لە كەمی بایەخپێدانیان

:: PM:10:12:30/03/2019 ‌

هەرچەندە دەڤەری راپەرین دەوڵەمەندە بە ژمارەیەكی زۆر لە ئارەزوومەندانی  بوارە جیاجیاكانی وەرزش  و لەلایەن گەنجانەوە زۆرترین گرنگی بە بواری وەرزش دەدرێت, بەڵام كچە وەرزشكارەكان نیگەرانن لە كەمی بایەخ پێدانیان لەلایەن بەرپرسانی وەرزشییەوە,  یەكێك لەو وەرزشكارە بە توانایانەش شاناز عەلییە, كە خاوەنی چەندین چالاكییە لەم بوارەدا و تا ئێستە چەندین وەرزشكاری بە توانای پێگەیاندووە و ئاماژە دەكات كە تاكە فێرگەن لە سنوورەكە بەشی چالاكی وەرزشی كچانی هەبێت.

شاناز عەلی, راهێنەری تیپی فوتساڵی  كچانی رانیە بۆ "وشە" گوتی، هەر لە تەمەنی منداڵیمەوە وەرزش یەكێك بووە لە خولیاكانم  و لە ساڵی 1998 دەستم كردووە بە یاریكردن،  لە ساڵی 2000 پێوەندیم كردووە بە یانەی وەرزشی رانیە و بووم بە یاریزانێكی باشی بالە تا ساڵی 2008, دواتر بە خۆشحاڵییەوە بووم بە راهێنەری تیپی بالەی كچانی رانیە بۆ ماوەی یەك ساڵ.

ئاماژەی كرد, دوای ئەوە بەردەوام بووم لە وەرزش و پەرەپێدانی ئامانجەكەم و تیپی فوتساڵی كچانم دامەزراند لە یانەی رانیە, هەر لە سەرەتای دەست پێكردنمانەوە ئامانجم ئەوە بووە كە كۆمەڵێك یاریزانی باش و سەركەوتوو پێ بگەیەنم بۆ ئەوەی بتوانین لە داهاتوودا شوێن دەستمان دیار بێت, بۆیە جێگەی دڵخۆشیە بۆ من كە ئێستە دەبینم ئامانجەكەم هاتووەتە دی و تاكە فێرگەین لە ساڵی 2012 ەوە تا ئێستە بەشی كچانمان هەیە  و بێ دابران چالاكی بەردەواممان هەیە.

شاناز  ئاماژەی كرد، دواتر خوێندنی وەرزشیم تەواو كرد و وەك مامۆستا دەستبەكار بووم, لە ساڵی 2012ەوە تا ئێستەش وەك راهێنەرێكی خۆبەخش لە فێرگەی تۆپی پێی رانیە كار دەكەم لەگەڵ كۆمەڵێك مامۆستا و راهێنەری باش, تا ئەمڕۆش بە پاڵپشتی هاوسەرەكەم بەردوامم لە وەرزش.

روونی كردەوە، لە كاتی دەوامی قوتابخانەكاندا ژمارەی فێرخوازەكانمان كەمترن بەراورد بە پشووی هاوینان كە ئەوكات هیچ دەوامێكی خوێندنیان نامێنێت و چالاكتر دەبن, ئێستە بەهۆی پاپەندیان بە دەوامی خوێندنەوە ناتوانین چالاكی زۆر بكەین، بەتایبەت بەشێك لە ئەندامەكانمان كە لە دەرەوەی رانیە دەخوێنن ناتوانن بەشدار بن, بەڵام خۆشبەختانە لە كاتی پشووی هاویناندا رێژەی یاریزانەكانمان زیاترە دوو بەرامبەری ئێستە, هەروەها یاریزانی كچ بەردەوام بەهۆی رێگرییە كۆمەڵایەتییەكانەوە لە زیاد و كەمدایە و ئێستە بە دیاریكراوی 25 تا 30 ئەندامی فێرخوازی وەرزشیمان هەیە.

 شاناز داوای كرد زیاتر پەرە بە ئاستی وەرزشی كچان بدرێت و لە قوتابخانە سەرەتاییەكانەوە دەست پێ بكرێت و مامۆستایانی وەرزش ئاگەدار بكرێنەوە, كە زیاتر هانی كچان بدەن بە تایبەتی ئەو كچانەی كە ئارەزووی وەرزشیان هەیە و , دواتر یانە و یەكێتییە وەرزشییەكان هان بدرێن كە بەشی كچانیشیان هەبێت و بەردەوامی بە وەرزش بدەن.

 سارا محەمەد, وەرزشوانێكی چالاكی گرووپەكەیە بە "وشە"ی گوت، زۆر خۆشحاڵم كە توانیومە پەرە بە تواناكانم بدەم و بە یارمەتی مامۆستا شاناز تا ئەم ئاستە بێم و بەردەوام بم, سوپاسی خێزانەكەم دەكەم و هیوادارم هەموو خێزانەكان هاوكاری كچەكانیان بكەن, كە بەداخەوە زۆربەی هاورێكانمان لەبەر رێگری ماڵەوە ناتوانن بەشداری بكەن لە گەڵمان یان وازیان لە یاری هێناوە.

لە بارەی هاوكاری چالاكییە وەرزشییەكانیانەوە سارا ئاشكرای كرد كە تێچووی چالاكییەكانمان زۆرجار لەسەر گیرفانی خۆمانە و هەندێ جاریش لەلایەن چەند كەسانێكەوە یارمەتیمان بۆ هاتووە.

رانیە/ شادان بەكر





















وشە - مه‌حموود ئیسماعیل