هۆكاری بڵاوبوونەوەی هێز لە سلێمانی ئاشكرا دەبێت

:: PM:08:12:31/03/2019 ‌

رووداوی دزینی تەواوی مووچەی كارمەندانی نەخۆشخانەی شار لەماوەی ڕابردوو لە سلێمانی وای لە هێزە تەناهییەكان كردووە لە جاران زیاتر جمووجۆڵیان هەبێت و سەرۆكی لیژنەی ناوخۆیش لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕوونكردنەوە دەكات.

ماوەیەكە بە دیاكراوی دوای ڕووداوی دزینی مووچەی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی شار هێزە تەناهییەكانی سلێمانی بەردەوام لەناو شارەكەدا بڵاوەیان پێ‌ كراوە، بەرزان حامید سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، كاتێك تاوانێك یان دزییەكی گەورە لە سلێمانی روودەدات وا پێویست دەكات هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش سات بە سات روونكردنەوە بدەن و ئەنجامەكان بۆ هاووڵاتییان بڵاو بكەنەوە، ئەمەیش بۆ ئەوەی متمانە لەنێوان ئەوان و خەڵكی زیاد ببێت.

زیاتر گوتی، رووداوی دزینی تەواوی مووچەی كارمەندانی نەخۆشخانەی شار ترسی لای هاووڵاتییان دروستكرد بەوەی نەوێرن پارەكانیان بە ئاشكرا لەگەڵ خۆیان هەڵگرن، بۆیە هۆكاری ئەوەی ئێستە هێز بڵاوە بۆ ئەوەی متمانە بۆ هاووڵاتییان بگەڕێننەوە.

روونیشی كردەوە كە ئێستە لەناو بازاڕی شاری سلێمانی مەفرەزەكانی پۆلیس زیادیان كردووە بەتایبەت لە نزیك بازاڕی دۆلارەكە، ئەوەیش هۆكارە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان و كاسبكاران ترسی ئەوەیان نەبێت پارەكانیان بە ئاشكرا لەسەر مێزەكانیان دانێن. 

سلێمانی یەكێكە لەو شارانەى كە بەردەوام ڕووداوی جۆراوجۆر و تاوانكاری تێدا ئەنجام دەدرێ‌، بەپێی ئامارەكانی بەرێوەبەرایەتی پۆلیس ئێستە دزی لەو شارە زیادی كردووە.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - سه‌رخێڵ هاشم