داعش گوندێكی مەخمووری گرت و سوپای عێراق کشایەوە

:: AM:11:03:03/04/2019 ‌
بەرپرسێكی یەكێتی لە سنووری مەخموور ئاشكرای دەكات، داعش هێرشی كردووەتە سەر گوندێكی سنووری مەخموور گە لەژێر دەسەڵاتی سوپای عێراقە و دەستیان بەسەردا گرتووە.

ئەمڕۆ چوارشەم سێی نیسان، ڕەشاد گەڵاڵی لێپسراوی كۆمیتەی مەخمووری یەكێتی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ژمارەیەكی زۆر داعش چوونەتە ناو گوندی "گردگراوی" لە بناری چیای قەرەچووغ، دانیشتووانی گوندەكە لە 20 خێزان پێك دێن، گوندەكە چۆڵ دەكەن و ئاوارە دەبن.

لێپسراوی كۆمیتەی مەخمووری یەكێتی گوتی، بەهۆی ئەوەی هیچ هێزێكی عێراقی لە سنووری گوندەكە نییە، داعش زۆر بەئازادانە لە سنوورەكە دێن و دەچن و دێنە ناو گوندەكە، شەوی ڕابردووش ژمارەیەك داعش هەڵدەكوتنە سەر گوندەكە و بەهۆیەوە خەڵكی گوندەكە ڕادەكەن و گوندەكەیان چۆڵ دەكەن.

بەگوتەی ڕەشاد، گوندی گردگراوی گوندێكی كوردنشینە و دەكەوێتە بناری چیای قەرەچووغ سەربە شارەدێی قەراجی سەر بە شارۆكەی مەخموور.

دوای ئەوەی عێراق دەستی گرتووە بەسەر ناوچە كوردستانییەكان، ئێستە دۆخی تەناهی ئەو ناوچانە خراپە و ژمارەیەكی زۆری چەكدارانی داعش لە چیای قەرەچووغ ماون و سنووری هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقیان كۆنتڕۆڵ كردووە.



وشە - رامیار جەواد