به‌هۆی ئه‌وه‌ی هێمای "محمد رسول الله" كه مۆری په‌نجه‌ی پێغه‌مبه‌ری ئیسلامه وه‌ك دیاری له سعوودیه ده‌درێته هونه‌رمه‌ندان، هه‌رایه‌كی زۆری به‌دوای خۆیدا هێناوه و به‌شێكیشی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه دوایین بیره‌وه‌ری خه‌ڵك له‌سه‌ر ئه‌و مۆره داعشه، چونكه ئه‌وان كردبوویان به هێمای خۆیان و له‌سه‌ر ئاڵاكهیاندابوو.
سعوودیه له سه‌رده‌می محه‌مه‌د بن سه‌لمان جێنشینی شا كه له زۆربه‌ی بڕیاره‌كاندا له جێی خودی شا سه‌لمانیش بڕیار ده‌دات، گۆڕانكاریی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی كردووه و هه‌وڵی داوه له ڕووی فه‌رهه‌نگی و كولتوورییه‌وه، هاوشێوه‌ی گۆڕانكارییه ڕیشه‌ییه‌كانی له سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدا كردوویه‌تی جێ بكاته‌وه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌رگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بۆ وڵاته‌كه‌ی به كراوه‌یی به ڕووی هونه‌رمه‌ندانی هه‌موو بوارێكدا كردووه‌ته‌وه تا له‌وێ چالاكیی جۆراوجۆر بكه‌ن، وه‌ك چۆن هۆڵه‌كانی سینه‌مای كه ده‌یان ساڵ بوو داخرابوون كرده‌وه و چه‌ندان بۆنه و فێستیڤاڵی له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ڕێك خست و سه‌دان ملیۆن دۆلاری تێدا خه‌رج كرد.
یه‌كێك له چالاكییه‌كانی ئه‌و وڵاته كردوویه‌تی، كرانه‌وه‌یه به ڕووی مافه‌كانی ئافره‌تدا و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته جگه له‌وه‌ی شۆفێریی ژنان ئازاد كرا، ڕێگه درا ده‌یان هونه‌رمه‌ندی جیهانی و عه‌ره‌بی ڕوو له وڵاته‌كه بكه‌ن و به هه‌مان به‌رگی خۆیانه‌وه ئیدی نیمچه ڕووت بن یان هه‌ر چۆن، بچنه سعوودیه كه هه‌ڵای زۆریان دروست كرد به‌وه‌ی چۆن ده‌بێ وڵاتی مه‌ككه و مه‌دینه به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه بكات.
دوایین هه‌را له‌سه‌ر چالاكییه‌كانی سعوودیه، بریتییه له‌و به‌خشینی خه‌ڵاته‌ی به سومەیە خه‌شاب ئه‌كته‌ر و گۆرانیبێژ و سه‌ماكاری ناسراوی میسڕی درا له‌پای ئه‌و كارانه‌ی بۆ خزمه‌تی ئافره‌ت كردوویه‌تی كه بریتی بووه له پارچه‌یه‌ك زێڕی گه‌وره له‌سه‌ری نووسراوه "محمد رسول الله" و هه‌مان ئه‌و نووسینه‌یه كه مۆری سه‌ر مستیله‌ی په‌نجه‌ی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام بووه.
پێغه‌مبه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خوێنده‌واری نه‌بوو، كاتێك نامه‌یه‌كی بۆ هه‌ر هۆز یان پاشایه‌ك بناردایه، هاوه‌ڵێكی له‌سه‌ر پارچه‌یه‌ك چه‌رم بۆی ده‌نووسی و خۆیشی له دواییدا ئه‌و مۆره‌ی سه‌ر په‌نجه‌ی لێ ده‌دا. ڕێكخراوی تیرۆریستیی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی كه ساڵی 2011 دروست بوو له ساڵی 2014 به‌شێكی زۆری خاكی عێراق و سووریای داگیر كرد، ئاڵاكه‌یان پارچه‌یه‌ك قوماشی ڕه‌ش بوو، له‌سه‌ری به سپی ئه‌و مۆره‌ی په‌نجه‌ی پێغه‌مبه‌ریان دانابوو.
به‌دیاری به‌خشینی مۆری په‌نجه‌ی پێغه‌مبه‌ر به هونه‌رمه‌ند و سه‌ماكار، هه‌ڵای جۆراوجۆری له جیهانی ئیسلامی‌دا دروست كرد، به تایبه‌تی له‌لایه‌ن چالاكی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه و داوایان كردووه ئه‌وانه‌ی ئه‌و دیارییه‌یان به‌خشیوه، سزا بدرێن.
سومەیە خه‌شاب ئه‌و دیارییه‌ی وه‌ك ڕێزلێنانێك به‌هۆی گۆرانیی "بتستوقی" وه‌رگرتووه كه ماوه‌ی ڕابردوو وه‌ك به‌شێك له ئه‌لبوومه نوێیه‌كه‌ی بڵاوی كردووه‌ته‌وه.
ته‌نانه‌ت له ناو خودی خانه‌واده‌ی شانشینی سعوودیه‌ش دژایه‌تیی به‌خشینی ئه‌و خه‌ڵاته كراوه كه مۆری پێغه‌مبه‌ری له‌سه‌ره و سه‌تام خالید ئال سعوود له توویتێكدا نووسیویه‌تی: "ده‌سته‌ی به‌رهه‌مهێنه‌رانی سعوودیه ڕێز له سومەیە خه‌شاب ده‌گرێ و مۆری پێغه‌مبه‌ری له‌پای گۆرانییه‌كی نوێ پێ ده‌به‌خشێ، ئه‌مه گاڵته‌جاڕییه به هه‌موو مانایه‌كی وشه به تایبه‌تی له‌به‌ر ئه‌و هێمایه‌ی خه‌ڵاته‌كه هه‌ڵی گرتووه و ده‌شمه‌وێ بزانم ئه‌و ده‌سته‌یه چ پێوه‌ندییه‌كیان به هونهروه هه‌یه؟"
جاسم ئیسماعیل كه چالاكێكی سووریه ده‌ڵێ: "ئێمه له هزرماندا له‌و هێمایه‌دا دروشمی داعش ده‌بینین پێش وه‌وه‌ی خه‌یاڵمان بۆ مۆری پێغه‌مبه‌ر بڕوات، ده‌بوو سعوودیه تا ماوه‌ی چه‌ندان ساڵ تا ته‌پوتۆزی داعش لا ده‌چێ ئه‌و هێمایه‌یان به‌كار نه‌هێنایه و شه‌رمیان بكردایه كاتێك له‌ژێر ئه‌و هێما و ئاڵایه مرۆڤایه‌تی ئه‌تك كراوه و ئافره‌ت كراوه به كه‌نیزه‌ك و جیهادی نیكاحی پێ كراوه، ئێسته چۆن به هه‌مان هێما ده‌یانه‌وێ ڕێز له مافی ئافره‌ت و هونه‌ر بگرن؟"
سالم ده‌یسان ئه‌ویش هاووڵاییهكی سعوودییه، توویته‌كه‌ی به‌م شێوه‌یه كردووه: ده‌مانه‌وێ بۆمان ڕوون بكه‌نه‌وه چۆن ئه‌و خه‌ڵات و هێمایه ده‌درێته سومەیە خه‌شاب له‌كاتێكدا شایه‌نی ئه‌وه نییه پێ به خاكی سعوودیه‌دا بنێ، چجای ئه‌وه‌ی مۆری پێغه‌مبه‌ری پێ ببه‌خشرێ؟ ئه‌ی باشه نازانم ئه‌و كاره مه‌زنه چییه كردوویه‌تی كه شایه‌نی ئه‌و ڕێزلێنانه بێت. به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی كراوه سووكایه‌تییه به مه‌قامی پێغه‌مبه‌ر و هه‌رگیز به هیچ بیانوویه‌ك قبووڵی ناكه‌ین.
عائیشه كچێكی عێراقییه، ئه‌ویش هێنده‌ی چاوی له‌سه‌ر هێماكه‌ی داعشه، هێنده ئه‌وه نابینێ كه مۆری پێغه‌مبه‌ره و نووسیویه‌تی: "دایكی شه‌هید ده‌ناڵێنێ و چاوی له‌سه‌ر ئاڵای داعشه، ڕاقیسهیهكیش ئه‌و ئاڵایه‌ی بۆ ده‌كرێته زێڕ و پێشكه‌شی ده‌كرێ".
عومه‌ر عه‌بدولعه‌زیز چالاكێكی سعوودیی ناسراوه و له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه به تۆمه‌تبار له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێ، نووسیویه‌تی: ده‌بێ ئه‌و جیاوازییه به چاوی خۆمان ببینین، سعوودیه خه‌ڵاتی ڕێزلێنان ده‌به‌خشێته سومەیە خه‌شاب و له‌ولاشه‌وه گرتووخانه‌كانی پڕ كردووه له خانمانی چالاكی مه‌ده‌نی كه ته‌نیا داوای مافه‌كانیان كردووه.