"له پاڵه‌وانێتییه‌كانی میسر، ئوردن، جه‌زائیر، هیندستان و پاكستان به‌شداریم كردووه"
خاتوونه وه‌رزشكار "زریان عه‌تار" له دایكبووی ساڵی 1994ی شاری سلێمانییه و ئێسته قوتابیی قۆناغی دووه‌می به‌شی بازرگانییه. ماوه‌ی 10 ساڵه یاریزانی پایسكلسواری یانه‌ی نه‌ورۆزه و له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ندان ناسناوی له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق و وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌ده‌ست هێناوه. ئه‌و له دیمانه‌یه‌كی "وشه"دا ده‌ڵێت، "به ئاواتم ڕۆژێك له جیاتی ئاڵای عێراق، ئاڵای كوردستان به‌رز بكه‌مه‌وه و له‌ژێر ئه‌و ئاڵایه خزمه‌ت به وه‌رزشی كوردستان بكه‌م".
ماوه‌ی چه‌ند ساڵه یاریزانی پایسكلسواریت و تا ئێسته چه‌ند ناسناوت به‌ده‌ست هێناوه؟
بۆ یه‌كه‌م جار له ساڵی 2009 وه‌ك یاریزانی پایسكلسواری ده‌ستبه‌كار بووم و تا ئێسته‌ش به‌رده‌وامم، له ماوه‌ی ئه‌م 10 ساڵه‌دا به‌شداری هه‌موو پاڵه‌وانێتییه‌كانی پایسكلسواریم له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق و ده‌ره‌وه كردووه، له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق به‌رده‌وام پله‌ی یه‌كه‌م و دووه‌مم به‌ده‌ست هێناوه، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی تر یان وڵاتانی عه‌ره‌بی ئه‌نجامی زۆر باشم به‌ده‌ست هێناوه.
ئه‌و وڵاتانه‌ی كه به‌شداریت له پاڵ ه‌وانێتییه‌كاندا كردووه، كامانه‌ن؟
زۆربه‌ی ساڵه‌كان سه‌ردانی دوبه‌یم كردووه و له‌وێ به‌شداری پاڵه‌وانێتی پایسكلسواریم كردووه. هه‌روه‌ها له میسر، ئوردن، جه‌زائیر، هیندستان و پاكستان به‌شداریم كردووه و ئه‌نجامی زۆر باشیشم به‌ده‌ست هێناوه و كۆمه‌ڵێك مه‌دالیام هه‌یه.
تا ئێسته له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی ده‌ره‌وه هیچ مه‌دالیای زێڕتان به‌ده‌ستهێناوه؟
تا ئێسته خاوه‌نی دوو مه‌دالیای زێڕم، ئه‌ویش ئه‌وكاته‌ی له دوبه‌ی و جه‌زائیر به‌شداری پاڵه‌وانێتی پایسكلسواری وڵاتانی عه‌ره‌بیم كرد و توانیم له‌م دوو وڵاته پله‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ست بهێنم، واته دووجار یه‌كه‌می هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌بی بووم. جگه له‌م دوو مه‌دالیایه، تا ئێسته چه‌ندان مه‌دالیای زیو و برۆنزم هه‌یه، واته چه‌ندان جار پله‌ی دووه‌م و سێیه‌میشم له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی ده‌ره‌وه به‌ده‌ست هێناوه.
هیچ جار په‌شیمان نه‌بوویته‌وه له‌وه‌ی كه وه‌ك كچه كوردێك به نوێنه‌رایه‌تی عێراق به‌شداری له پاڵه‌وانێتی وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌كه‌ی؟
ئێمه وه‌ك یاریزانانی كورد به توانا و ماندووبوونی خۆمان توانیومانه شوێنی خۆمان له هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بكه‌ینه‌وه، بۆیه هه‌میشه گوتوومه ئه‌گه‌ر عێراق یاریزانی كچی له ئێمه‌ی باشتر هه‌بووایه، هه‌رگیز جێی ئێمه له هه‌ڵبژارده‌كه‌یان نه‌ده‌بووه‌وه، هه‌رچه‌نده به یارمه‌تی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق توانیومانه به‌شداری ئه‌م جۆره پاڵه‌وانێتییانه له وڵاتانی عه‌ره‌بی و ده‌ره‌وه بكه‌ین و ئه‌نجامی باشیش به‌ده‌ست بهێنین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌میشه حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌و كاتانه‌ی كه به‌شداری هه‌ر پاڵه‌وانێتییه‌ك بكه‌م، له جیاتی عێراق، بۆ هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان به‌شداری بكه‌م و ئاڵای كوردستان به‌رز بكه‌مه‌وه.
له كاتی به‌شداریكردنت له پاڵه‌وانێتی پایسكلسواری وڵاتانی عه‌ره‌بی، هه‌وڵت داوه وه‌ك یاریزانی كورد خۆت به یاریزانه‌كانی تر بناسێنی؟
بێگومان له سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ پایسكلسواری هه‌وڵم داوه وه‌ك یاریزانی كورد خۆم به یاریزانانی وڵاتانی عه‌ره‌بی بناسێنم و ته‌نانه‌ت فێری قسه‌ی كوردیشم كردوون و ئه‌وان زۆر دڵخۆشیش بوون.
تا چه‌ند ئومێدت هه‌یه ڕۆژێك له ڕۆژان هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان دروست بكرێ و له ژێر ئاڵای كوردستان نازناو به‌ده‌ست بهێنیت؟
ئه‌وه هه‌ستێكی زۆر خۆشه و هه‌موو یاریزانێك خه‌ون به‌وه ده‌بینێت كه بۆ هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌ی یاری بكات و ناوه‌كه‌ی به‌رز بكاته‌وه، به‌ڵام تا ئاستێكی زۆر بێ ئومێدم له‌وه، چونكه جاران هه‌ڵبژارده‌یه‌كمان هه‌بوو به ناوی هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان بۆ پایسكلسواری، به‌ڵام ئێسته ئه‌م هه‌ڵبژارده‌یه هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه و نه‌ماوه.
خه‌ون و ئامانجت بۆ وه‌رزش به گشتی و یاری پایسكلسواری به‌تایبه‌تی چییه؟
به‌داخه‌وه له وڵاتی ئێمه زۆر یاریزانی باش هه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی پێكانه‌وه دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه و چاره‌سه‌ر نه‌كراون كه بتوانن یاری بكه‌نه‌وه، منیش ئێسته به‌هۆی پێكانه‌وه كه به ڕاهێنانی قورس په‌رده‌ی ئه‌ژنۆم دڕاوه، ئێسته ده‌بێ پشوو بده‌م بۆ ئه‌وه‌ی نه‌شته‌رگه‌ری بكه‌م، بۆیه تا دڵنیا نه‌بمه‌وه له ئه‌ژنۆكانم، ناتوانم ئامانجێك بۆ وه‌رزش دابنێم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاك بوومه‌وه، گه‌وره‌ترین خه‌ونی من ئه‌وه‌یه كه به‌شداری پاڵه‌وانێتی پایسكلسواری وڵاتانی ئه‌وروپی بكه‌م له ئیتالیا، ته‌نانه‌ت جارێكیان ناوم تۆمار كرد و ڤیزاشم بۆ هاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری ئه‌م پاڵه‌وانێتییه بكه‌م، به‌هۆی خراپی باری داراییم نه‌متوانی بچم، چونكه ده‌بوو له‌سه‌ر حیسابی خۆم بڕۆم. بۆ ساڵی دواتر دووباره ناوم پێشكه‌ش كرد و خۆم بۆ ئاماده كردبوو، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ساڵی یه‌كه‌م ڤیزام بۆ هاته‌وه و نه‌چووم، بۆیه دووه‌م جار ڤیزام بۆ نه‌گه‌ڕایه‌وه.
دیمانه/ محه‌مه‌د جه‌مال