ئیڤانا: لە باشووری كوردستان ئازادی تەواو بۆ ژنانی مۆدێل ڕەخساوە

:: PM:07:57:09/04/2019 ‌

ڕۆژین سلێمان ناسراو بە "ئیڤانا" كە كار لە بواری مۆدێل دەكات، ساڵی 1995 لە شاری مهابادی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە دایك بووە و ئێستە لە هەولێر نیشتەجێیە. ئیڤانا لە دیمانەیەكی بۆ "وشە" دەڵێت، "ماوەی دوو ساڵە كاری مۆدێل دەكەم و ئامانجیشم ئەوەیە لەو ڕێیەوە بناسرێم."

دەستپێكی كاری مۆدێلت كەی بوو و چۆن دەستت بەو كارە كرد؟
لە منداڵیمەوە حەزم بە كاری مۆدێل كردووە و زۆریش هەوڵم دا تا دەست بەو كارە بكەم، ساڵی 2018 دەستپێكی كارەكەم بوو وەك مۆدێل و تا ئێستە بەردەوامم، چونكە ئامانجێكم هەیە و دەمەوێ لەو ڕێیەوە بناسرێم.

تا ئێستە بەشداری هیچ فێستیڤاڵ و چالاكییەكی گەورەی نمایشكردنی جلوبەرگت كردووە؟
بەداخەوە تا ئێستە بەشداریم لە هیچ فێستیڤاڵێكدا نەكردووە، چونكە ئەو جۆرە چالاكییانە لە ئێران دژی یاسایە و قەدەغەیە، بەڵام ئێستە لە باشووری كوردستان نیشتەجێم و ئەگەر دەرفەتم بۆ بڕەخسێت بەشداری دەكەم.

ئەگەر لە دەرەوە داوا بكرێی بەشداری ئەو جۆرە نمایشانە دەكەی؟
بێگومان ئەگەر لە دەرەوە داوام بۆ بێت 100% بەشداری دەكەم، جا هەر نمایشێكی جلوبەرگ بێت، تەنیا جلوبەرگەكە گونجاو بێت و زۆر پێچەوانەی داونەریت نەبێت، تەنانەت ساڵی پار لەلایەن كۆمپانیایەكی توركی داوام بۆ هات بەشداری نمایشكردنی جلوبەرگ بكەم لە دەرەوە، سەرەتا ڕازی بووم، بەڵام دواتر ڕەتم كردەوە، چونكە ترسم لێیان هەبوو و بە ئاسانی نەمتوانی متمانەیان پێ بكەم.

بۆچی ژنانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بۆ كاری مۆدێل پەنا بۆ باشووری كوردستان دەبەن؟
لەبەر ئەوەیە لە ئێران ناتوانن ئەو كارە بكەن، واتە ئەو جۆرە چالاكییانە لە ئێران دژی یاسایە و ڕێ بە ژنان نادرێ بەو ئازادییە بەشداری ئەو جۆرە چالاكییانە بكەن كە لە باشووری كوردستان بۆیان ڕەخساوە، بۆیە ئەوانەی حەز بە كاری مۆدێل دەكەن، بەناچاری پەنا بۆ باشووری كوردستان دەبەن بۆ ئەوەی كارەكانی خۆیان لێرە بەڕێوە ببەن. هەروەها لە باشووری كوردستان ئازادی تەواو هەیە بۆ ئەو جۆرە چالاكییانە.

تا ئێستە نەشتەرگەری جوانكاریت ئەنجام داوە؟
بەڵێ ئەنجامم داوە، تەنیا نەشتەرگەری جوانكاریم بۆ لووتم ئەنجام داوە و فیلەریشم بۆ لێوم كردووە، ئەوەش شتێكی ئاساییە، چونكە زۆربەی ژنان ئەو جۆرە نەشتەرگەرییانە ئەنجام دەدەن، بەتایبەتی ئەوانەی كاری مۆدێل دەكەن.

بیرت لەوە نەكردووەتەوە كە رۆژێك لەو كارە پەشیمان بیت؟ 
نەخێر نەك هەر پەشیمانبوونەوە‌ لە كاری مۆدێل‌، بەڵكو بیریشم لێ نەكردووەتەوە، چونكە بە حەزەوە دەستم بۆ ئەو كارە بردووە، حەزەكەشم هەر لە منداڵییەوە بۆ دروست بووە، هەرچەندە زۆرجار لەلایەن هەندێك كەسەوە بە قسەی نەشیاو و ڕەخنەی نابەجێ نیگەرانیان كردووم، بەڵام هەرگیز گوێم بە قسەی هیچ كەسێك نەداوە و هەمیشە خۆشەویستیشم بۆ كارەكانم زیاتر بووە.

وەك ئەكتەر بەشداری كاری نواندنت كردووە؟
تا ئێستە وەك ئەكتەر لە ڤیدیۆ كلیپێك و ڕێكلامی ئاو بەشداریم كردووە، بەڵام زۆر كۆمپانیای تر داوایان كردووم بەشداری ڕێكلام بكەم، بەڵام زۆربەیان ویستوویانە بەبێ بەرانبەر یان بە بڕە پارەیەكی زۆر كەم بەشداری بكەم، بۆیە ڕەتم كردووەتەوە نواندنیان بۆ بكەم.

ئەگەر لە داهاتوودا داوات لێ بكەن بۆ دراما و فیلمی سینەمایی، بەشداری دەكەی؟
بێگومان ئەگەر بۆ فیلمی سینەمایی یان دراما داوا بكرێم بەشداری بكەم، 100% بەشداری دەكەم، چونكە زۆر حەز بە كاری نواندنیش دەكەم و دەمەوێ لە ئایندەدا زیاتر خۆم پێش بخەم و بەناوبانگ بم، تەنیا ئەو جۆرە فیلم و درامایانە نەبن كە زۆر پێچەوانەی داونەریت و كولتوورن، واتە نامەوێ بەشداری ئەو جۆرە نواندنانە بكەم كە زۆر ڕۆمانسین یان گرتەی ڕووتبوونەوەی تەواوی جەستەیان پێوە دیارە.

وشە/ محەمەد جەمال













وشە - وشه‌