گوگڵ نرخی هاوبەشی یوتیوب بەرز دەكاتەوە

:: AM:11:42:11/04/2019 ‌
كۆمپانیای گوگڵ نرخی هاوبەشی خزمەتگوزارییەكانی تەلەڤزیۆنی یوتیوب بەرز دەكاتەوە و ژمارەیەك كەناڵی تریشی بۆ زیاد دەكات، لەوانە دیسكەڤەری.

كۆمپانیای گوگڵ لە ماوەی 14 مانگی رابردوودا دووجار هاوبەشی مانگانەی كەناڵی تەلەڤزیۆنی یوتیوب بەرز دەكاتەوە، دوێنێ چوارشەم 10ی نیسان/ ئەپرێل، هاوبەشی مانگانەی كەناڵە تەلەڤزیۆنەكەی لە یوتیوب بۆ 49 دۆلار و 99 سەنت بەرز كردەوە.

بەرزكردنەوەی هاوبەشی مانگانەكە لە كاتێكدایە چواردە مانگ پێش ئێستەش گوگڵ هاوبەشیەكەی لە 35 دۆلاری مانگانە بۆ 40 دۆلار بەرز كردبووەوە، ئەمجارەش بە رێژەی 25% هاوبەشیەكەی بەرز كردەوە و گەیاندییە 50 دۆلار و كەناڵی تریشی خستە پاڵ خزمەتگوزارییەكانی تەلەڤزیۆنی یوتیوب لەوانە دیسكەڤەری و ئەنیمال پلانێت و تی ئێڵ سی.
لە ئێستەدا خزمەتگوزارییەكانی تەلەڤزیۆنی یوتیوب گەیشتووەتە 70 كەناڵ لە ئاستی جیهاندا.
گوگڵ رای گەیاند نرخە نوێیەكە لەم مانگەدا بۆ هاوبەشە نوێیەكان دەست پێ دەكات، بەڵام بۆ هاوبەشەكانی پێشتر لە 13ی ئەم مانگەوە دەست پێ دەكات.

روونیشی كردەوە كە هاوبەشی مانگانەی خزمەتگوزاری تەلەڤزیۆنی یوتیوب بۆ بەكارهێنەرانی مۆبایلی ئەپڵ 54 دۆلار و 99 سەنتە. 



وشە - فه‌رمان سادق