خەرجی ساڵانەی خاوەنی فەیسبووك سەرسوڕهێنەرە

:: PM:06:20:13/04/2019 ‌
لە كاتێكدا مووچەی ساڵانەی تەنیا یەك دۆلارە، بەڵام كۆمپانیای فەیسبووك ساڵانە 22 ملیۆن دۆلار بۆ سەلامەتی و پاراستنی مارك زوگربێرگ خەرج دەكات. كۆمپانیایەكەیش پاساو بۆ ئەو خەرجییە زۆرە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە هەر زیان گەیاندێك بە مارك زیان گەیاندنە بە فەیسبووك.

ئەمڕۆ شەموو 13ی نیسان/ ئەپرێل، كۆمپانیای فەیسبووك خەرجی ساڵانەی پاراستن و سەلامەتی خاوەنەكەی بڵاوكردەوە كە بۆ دوو هێندە بەرز بووەتەوە.

بەپێی ئامارەكانی كۆمپانیایەكە بێت لە ساڵی 2018 بۆ پاراستن و سەلامەتی گیانی مارك زوگربێرگ كۆمپانیای فەیسبووك 22 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری خەرج كردووە لە رێگەی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا تایبەتەكانی دابینكردنی سەلامەتی و سكوێرتی.

كۆمپانیای فەیسبووك دەڵێ، لە ساڵی 2017 گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیاكانی دابینكردنی سەلامەتی و سكوێرتی بۆ مارك زوگربێرگ تەنیا نۆ ملیۆن دۆلار بووە بەڵام بۆ 2018 بڕەكە بۆ 22 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار بەرز بووەتەوە.

مارك كە یەكێكە لە 10 هەرە دەوڵەمەندەكانی دنیا كە سەرمایەكەی بەگوێرەی ماڵپەری بلومبێرگی تایبەت بە ئابووری، دەگاتە 70 ملیار دۆلار، مووچەی ساڵانەی لە كۆمپانیای فەیسبووك تەنیا یەك دۆلارە. كۆمپانیای فەیسبووك روونكردنەوەی زیاتری داوە، ئەوە دەخاتەڕوو ئەو 22 ملیۆن و 600 هەزار دۆلارە بۆ پاراستنی سەلامەتی مارك و خانەوادەكەی بووە، بەڵام تەنیا دوو ملیۆن و 600 هەزار دۆلار بۆ پاراستنی خانەوادەكەی خەرج كراوە و 20 ملیۆنەكەی تر بۆ خودی مارك بووە.

كۆمپانیایەكە پاساوی ئەو خەرجییە زۆرە بۆ پاراستنی گیانی مارك بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە مارك ئێستا وەك هاوتای فەیسبووك وایە، بۆیە هەر زیان گەیاندنێك بە مارك یەكسانە بە زیان گەیاندن بە فەیسبووك.


وشە - باز ئه‌حمه‌د