پێشەنگایەكی كتێب لە سلێمانی كرایەوە

:: PM:02:57:18/04/2019 ‌

ئەمڕۆ بە بەشداری 41 خانەی چاپ و بڵاو كردنەوە و بە نمایشكردنی زیاتر لە 20 هەزار ناونیشانی كتێب پێشانگای كتێب لە سلێمانی كرایەوە.

ئالان ڕەئووف، بەڕێوەبەری كتێبخانەی گشتی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پێشانگاكە لە ژێر ناوی پێشانگای كتێبی گەلاوێژ لەلایەن بنكەی ڕوناكبیری گەلاوێژ بە هاوبەشی لەگەڵ كتێبخانەی گشتی سلێمانی كراوەتەوە كە تیایدا 41 خانەی چاپ و بڵاوكردنەوە لە هەرێمی كوردستان و ڕۆژهەڵاتی كوردستان و شارەكانی عێراق كتێبەكانی خۆیان نمایش كردبوو.

زیاتر گوتی، 20 خانەیان لە كوردستان زیاتر لە 10 هەزار ناونیشانی كتێبیان نمایش كردبوو، هەروەها 13 خانەی عێراقی زیاتر لە 12 هەزار ناونیشانی عەرەبی و هەشت خانەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان 800 ناونیشانی كتێبیان بە زمانەكانی فارسی و كوردی نمایش كردووە.

كتێبەكانی ئەم پێشەنگایە بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی نمایشكراون كە تێیدا هاووڵاتییان و خوێنەرانی كتێب دەتوانن ئەو كتێبانەیان دەستبكەوێت كە چەندان سەرچاوەی تێدایە و بۆ یەكەم جارە لە پێشانگاكانی كوردستان دەست بكەوێت.

پێشانگاكە تا 25ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و ڕۆژانە لە سەعات نۆی بەیانییەوە تا سەعات شەشی ئێوارە كراوە دەبێت.

سلێمانی/ ئاریان محەمەد





وشە - سه‌رخێڵ هاشم