هه‌نی، یه‌كێكه له خاتوونه مۆدێلیسته‌كانی سلێمانی و ماوه‌یه‌كی كه‌مه ده‌ستی داوه‌ته كاری مۆدێل، به‌ڵام ده‌یه‌وێ له داهاتوودا ببێت به هونه‌رمه‌ند یان ئه‌كته‌ری سینه‌مایی.
ئه‌و له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ده‌ڵێ، سه‌ره‌ڕای كاری هونه‌ری، دایكایه‌تی بۆ خوشك و براكانم به‌جێ ده‌گه‌یه‌نم.
هه‌نی كێیه؟
من "هه‌نی دلێر سه‌عید" دانیشتووی شاری سلێمانیم و خوێندنم تا قۆناغی ناوه‌ندی بڕیوه، ئێسته له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك ده‌ستم له خوێندن هه‌ڵگرتووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تم بۆ بڕه‌خسێت نیازم هه‌یه دووباره بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر خوێندنه‌كه‌م.
بۆ یه‌كه‌م جار كه‌ی ده‌ستت به كاری مۆدێل كرد؟
زۆر له مێژه حه‌ز له كاری مۆدێل ده‌كه‌م، به‌ڵام بۆم نه‌ده‌ڕه‌خسا ببم به مۆدێلیست، ئه‌مساڵ ده‌ستپێكی كاره‌كانم بوو و له داهاتووشدا به‌رده‌وام ده‌بم.
بۆچی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ت بۆ نه‌ده‌ڕه‌خسا زووتر ده‌ست بۆ ئه‌و كاره ببه‌ی؟
له‌به‌رئه‌وه‌ی له كوردستان پێش چه‌ند ساڵێك وه‌ك ئێسته كاری مۆدێل گرنگی پێ نه‌ده‌درا و ناوه‌كه‌یشی له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌وه ناشیرین كرابوو، به‌تایبه‌ت بۆ ژن ئه‌گه‌ر به‌شداری چالاكییه‌كی مۆدێلیان بكردایه، هه‌زاران كۆمێنت و قسه‌ی نابه‌جێ و نه‌شیاویان بۆ دروست ده‌كردن، بۆیه ژنان له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا كه‌متر خۆیان له‌م كارانه ده‌دا، به‌ڵام هیوادارم گرنگی زیاتر به مۆدێل بدرێ و خه‌ڵكیش جوانتر بیری لێ بكه‌نه‌وه.
كاری مۆدێل له كوردستان گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی كه دیزاینه‌ره‌كانمان له جیاتی بیانییه‌كان پشت به ژنانی كورد ببه‌ستن بۆ نمایشكردنی برانده‌كانیان؟
به‌دڵنیاییه‌وه ئێسته تا ئاستێكی باش له كوردستان گرنگی به‌كاری مۆدێل ده‌درێ، خۆشبه‌ختانه ئێسته دیزاینه‌ره‌كانمان گرنگی به كچان و ژنه مۆدێلیسته كورده‌كان ده‌ده‌ن و پشتیان پێ ده‌به‌ستن، به‌ڵام پێشتر بۆ ژنانی كورد كه‌مێك ئه‌سته‌م بوو بێنه ده‌ره‌وه و كارێكی له‌م جۆره بكه‌ن، بۆیه دیزاینه‌ره‌كان زیاتر پشتیان به كچانی بیانی ده‌به‌ست بۆ نمایشكردنی كاڵا و ماركه‌كانیان.
تا ئێسته وه‌ك ژنه مۆدێلیستێكی كورد به‌شداری هیچ فێستیڤاڵێكی جلوبه‌رگت كردووه؟
تا ئێسته به‌شداری هیچ فێستیڤاڵێكی گه‌وره‌ی جلوبه‌رگم نه‌كردووه هاوشێوه‌ی "هه‌فته‌ی نمایشی جلوبه‌رگی كوردستان" بێت كه ساڵی 2018 له هه‌ولێر به‌ڕێوه چوو، به‌ڵام له‌سه‌ر داوای ژنه دیزاینه‌ره به‌ناوبانگی شاری سلێمانی "سازان محه‌مه‌د" یه‌ك جار به‌شداری "فاشیۆن شۆم" كردووه له سلێمانی، ئه‌ویش چالاكییه‌كی گه‌وره‌ی نمایشكردنی جلوبه‌رگ بوو، زۆر سوپاسی ده‌كه‌م.
ئه‌و حه‌زه زۆره‌ت هه‌یه بۆچی تا ئێسته ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ت بۆ نه‌ڕه‌خساوه به‌شداری ئه‌و جۆره چالاكییانه بكه‌ی؟
له‌به‌رئه‌وه‌ی من ئه‌ركێكی زۆر قورسترم كه‌وتووه‌ته سه‌رشان، ئه‌ویش ئه‌ركی دایكایه‌تییه بۆ خوشك و براكانم، چونكه ئێسته له نازی دایك بێبه‌ش كراوم و دایكم له ژیاندا نه‌ماوه، بۆیه ئه‌و ئه‌ركه پیرۆزه كه‌وتووه‌ته سه‌ر شانی من و به شانازی و سه‌ربه‌رزییه‌وه جێبه‌جێی ده‌كه‌م، ئینجا بایه‌خ به كاری ده‌ره‌وه‌م ده‌ده‌م، به‌هیوام كه‌س له نازی دایكی بێبه‌ش نه‌بێ، چونكه من ئه‌و بێ نازییه‌م ده‌بینم.
ئه‌و ئه‌ركه قورسه‌ی كه‌وتووه‌ته سه‌ر شانت تا چه‌ند ڕێگره له به‌رده‌م خه‌ون و ئامانجه‌كانت؟
ڕاسته ئه‌ركی دایكایه‌تی زۆر قورسه، به‌تایبه‌تی بۆ ته‌مه‌نێكی بچووكی وه‌ك من كه شوێن و جێی دایكمم بۆ خوشك و براكانم پڕ كردووه‌ته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئه‌و ئه‌ركه نابێته گرفت بۆ خه‌ون و ئامانجه‌كانم، چونكه ئامانجی من ئه‌وه‌یه داهاتووی خێزانه‌كه‌م خۆش بێت و داهاتووی خۆشم به حه‌زه‌كانه‌وه تێپه‌ڕ ببێت.
حه‌ز و خه‌ونه‌كانت چین كه ده‌ته‌وێ پێیان بگه‌ی؟
حه‌ز و خه‌ونی من گه‌لێك زۆرن، ده‌مه‌وێ ببم به هونه‌رمه‌ند، له هه‌مانكاتدا وه‌ك ئه‌كته‌رێكی سه‌ركه‌وتوو به‌شداری بكه‌م له كاری نواندن و فیلمه سینه‌ماییه‌كاندا، به‌ڵام گه‌یشتنیشم به‌و خه‌ونانه كه‌مێك سه‌خته، چونكه له وڵاتی ئێمه و به تایبه‌تی كه‌سانی ده‌وروبه‌ر ده‌یانه‌وێ هونه‌رمه‌ند یان ئه‌و ژنانه‌ی ده‌ست بۆ ئه‌م كارانه ده‌به‌ن، بیانڕووخێنن و هانی ئه‌وه نادرێین سه‌ركه‌وتوو بین له كاره‌كانمان.
وشه/دیمانه‌ی محه‌مه‌د جه‌مال