باڵەكایەتی.. قورئانێك دۆزرایەوە و مێژووەكەی بۆ 550 ساڵ دەگەرێتەوە

:: PM:04:14:21/04/2019 ‌

لە گوندێكی دەڤەری باڵەكایەتی لە سنووری كارگێڕی شارۆكەی چۆمان قورئانێك دۆزرایەوە كە مێژووەكەی بۆ سەتان ساڵ بەر لە ئێستە دەگەڕێتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ی نیسان، تاهیر گرتەكی مامۆستای ئاینی و خەڵكی باڵەكایەتی بە "وشە"ی راگەیاند، ساڵانی زوو باپیرە گەورەمان بەناوی  "پیرە باوی" بە هاوكاری كچەكەی بەناوی رووقیا قورئانەكەی نووسیوەتەوە و تا ئێستە قورئانەكە ماوە.

زیاتر گوتی، لەسەردەمی رژێمی بەعس كاتێك گوندەكانی باڵەكایەتی و دۆڵی رووستێ  خاپوور كرا ئەو قورئانە لە مزگەوتی گوندی گرتەك بووە و بەهۆی گڕگرتنی مزگەوتی گوندەكە یەكێك لە كوڕەكانی باپیرە رەقیب توانی قورئانەكە لە سووتان رزگار بكات.

هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە مێژووی قورئانەكە بۆ سەرووی 550 ساڵ پێش ئێستە دەگەڕێتەوە، بەڵام قورئانەكە بە تەواوی نەنووسراوەتەوە.

ئەو دەڵێت، قورئانە دەستنووسەكە بووەتە پارچەیەكی شوێنەواری و مێژووی پیرۆز، چەندان وڵات و كەسایەتی داوایان كردووە پێیان بدرێت لەبەرانبەر بڕە پارەیەك.

پیرە باوی یەكێكە لە كەسایەتییەكانی دەڤەری باڵەكایەتی و 500 ساڵ پێش ئێستە لە گوندی گرتەكی دۆڵی رووستێ باڵەكایەتی ژیاوە، كەسێكی رۆشنبیر بووە و بایەخی بە خوێندن و خوێندەواری داوە.

چۆمان/ موڕشید برادۆستی





وشە - سه‌رخێڵ هاشم