ئەمڕۆ دووشهم 22ى نیسان، سهعات 11ى پێشنیوەڕۆ لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆی هەولێر، لە چوارچێوەی بەرنامەکانی چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆی مۆنۆدراما، شانۆیی "سورەییا" لهلایهن لقی دهۆکی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان نمایش کرا، ههروهها دوای نمایشی مۆنۆدراماکە بەئامادەبوونی ستافی بەرهەمەکە کۆڕێکی ڕەخنەیی بەڕێوەچوو.
بهپێى ئهو ڕاگهیاندراوهى دهست "وشه" كهوتووه تێدا هاتووه كه مۆنۆدرامای سورەییا لە نووسین و دەرهێنانی هەڵکەفت ئیدریس عابد، لە نواندانی ڕۆژ حیکمەت، یاریدەدەری دەرهێنەر بەرزان وەحید، هەرمان هاشم وەک بەڕێوەبەری بەرهەم و حەمید حوسێن وەک بەڕێوەبەری شانۆ بەشداربوون.
چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆی مۆنۆدراما، دوێنێ یەکشەم 21ى نیسان، دەستی پێ کرد و بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت و ڕۆژانە لە دووکاتی جیاوازدا دوو شانۆیی پێشکەش دەکرێت.
لە فێستیڤاڵی ئەمساڵدا 10 گرووپی شانۆیی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و ئێران بەشدارن، لە دوای هەر نمایشێکیش ئامادەبووان لەکۆڕێکی ڕەخنەییدا ڕای خۆیان لەسەر بەرهەمەکە دەخەنەڕوو، گرووپەکان لە وڵاتانی مەغریب، ئوردن، میسڕ، عەمان، ئێرانەوە بەشدارن، ههروهها لە ناوخۆی عێراق گرووپی شانۆیی شارەکانی بەغدا و هەولێر و دهۆک و سلێمانی ئامادە دەبن، لە فێستیڤاڵەکەدا چەندان سیمینار و بابەتی ڕەخنەیی پێشکەش دەکرێت، ئەمساڵ بڕیاره 10 شانۆی مۆنۆدراما پێشکەش بکرێت و لە کۆتاییدا خەڵات بەسەر باشترینەکاندا دابەش دەكرێ.