عاسم جیهاد گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق له دیمانه‌یه‌كی "وشه"دا ده‌ڵێت، سنوورداركردنی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاوی عێراق رێوشوێنێكی چاره‌سه‌رییه بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی نه‌وت و عێراق پێوه‌ی پابه‌ند ده‌بێت. جیهاد له‌باره‌ی زیانی ئه‌و هه‌نگاوه بۆ سه‌ر كۆمپانیاكان و كێڵگه نه‌وتییه‌كانی كه‌ركووك، رای گه‌یاند كه حیسابی هه‌موو شت كراوه و زیانی كێڵگه‌كانی نه‌وتی كه‌ركووك به‌هۆی نه‌بوونی رێگه‌ی هه‌ناردنه نه‌ك سنوورداركردنی به‌رهه‌مهێنان.
ئاخۆ عێراق ده‌توانێ پابه‌ندی ئه‌و ئاسته‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت بێت كه له‌لایه‌ن رێكخراوی ئۆپێكه‌وه بۆی دیاری كراوه؟
سه‌ره‌تا ئه‌و سنوورداركردنه پابه‌ندی پێوه‌ی كاتییه و بۆ شه‌ش مانگه كه دوای ئه‌وه وڵاتانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی ئۆپێك دووباره كۆ ده‌بنه‌وه بۆ باسكردنی كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنان، ئه‌وكات یان دووباره درێژ ده‌كرێته‌وه یان نا، بۆیه ئه‌گه‌ر بینرا ئامانجی خۆی پێكا، ئه‌وه وازی لێ ده‌هێنرێت.
مه‌به‌ستی ئه‌و سنوورداركردنه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاتانه‌وه بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی نه‌وت و قه‌باره‌ی خستنه‌ڕووی نه‌وت بوو له بازاڕه‌كانی دنیا، هه‌روه‌ها هاوسه‌نگكردنی خواست و خستنه‌ڕوو، دواتر كۆنترۆڵكردنی نرخی نه‌وت له ئاستێكی به‌رزدا، بۆ نموونه نرخی ئه‌مڕۆی برێنت گه‌یشتووه‌ته 58 دۆلار بۆ به‌رمیلێك، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه بۆ كۆكیی وڵاتانی ئۆپێك و عێراقیش به ئه‌رێنی له‌وباره‌وه مامه‌ڵه ده‌كات و پابه‌ندی بڕیاره‌كه‌یه و ده‌بێت، بۆیه عێراق رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو له دروستكردنی جۆرێك له هاوسه‌نگی له پاڵپشتیكردنی نرخی نه‌وت، ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت له 60 دۆلار تێپه‌ڕ بكات، بۆ بودجه‌ی عێراق باش ده‌بێت، چونكه بودجه‌ی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای 42-43 دۆلار دانراوه و به‌وه‌ش قه‌باره‌ی كورتهێنان كه‌متر ده‌بێته‌وه.
دیاریكردنی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی عێراق له‌لایه‌ن ئۆپێك، تا چه‌ند كار له كۆمپانیاكانی نێوده‌وڵه‌تی و ئاستی به‌رهه‌مهێنانیان ده‌كات، ئاخۆ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه قه‌ره‌بووی زیانه‌كانیان ده‌كرێته‌وه؟
نه‌خێر عێراق ناچاری ئه‌وه نابێت، چونكه ئه‌وكاته‌ی عێراق ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بڕیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وته‌كه‌ی دا، هه‌موو ئه‌وانه‌ی لێك دایه‌وه و حسێبی بۆ كردوون، به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه عێراق كه‌مكردنه‌وه‌ی 200 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ی بۆ دیاری كراوه، لێره‌دا عێراق حیسابی ئه‌وه‌ی كردووه كه ئه‌و كه‌مكردنه‌وه‌یه كار نه‌كاته سه‌ر ئه‌و كۆمپانیا بیانییانه و دواتر بڕیاره‌كه كاتییه بۆ شه‌ش مانگ و جێگیربوون و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وتیش له به‌رژه‌وه‌ندیی عێراق و بودجه‌كه‌یه‌تی كه رێژه‌ی كورتهێنان كه‌م ده‌كاته‌وه.
دواتر به‌شێك له به‌رهه‌می عێراق هه‌نارده ده‌كرێت و به‌شێكیشی بۆ پێویستی ناوخۆیی به‌كار دێت، بۆیه ئه‌و قه‌باره‌ی بۆ عێراق دیاری كراوه كه‌می بكاته‌وه، ده‌توانرێت له‌و رووه‌وه چاره‌سه‌ری بۆ بكرێت و كاریگه‌ری نه‌كه‌وێته سه‌ر زیادبوونی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و كۆمپانیایانه و كێڵگه‌كانی نه‌وتی، تا ئێسته هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی نه‌وتدا نییه.
به‌م دواییه باس له‌وه كرا كه عێراق گرێبه‌ستی نه‌وتی و غازی له‌گه‌ڵ میسر و كوێت كردووه، ئه‌وه مانای په‌ره‌پێدانی بازاڕی نه‌وتی عێراق به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه‌یه؟
ئه‌وه‌ی كوێت له میانی سه‌ردانی وه‌زیری نه‌وتی كوێت بۆ به‌غدا باس له رێكخستنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه نه‌وتی و پیشه‌سازییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات كرا، جگه له چاره‌سه‌ركردنی پرسی كێڵگه هاوبه‌شه‌كان له نێوان هه‌ردوو وڵات به‌پێی رێككه‌وتننامه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی، بۆیه باسی پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش كرا بۆ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ لایه‌نی سێیه‌م كه كۆمپانیایه‌كی راوێژكارییه بۆ تاوتوێكردنی چۆنیه‌تیی سوودوه‌رگرتنی هاوبه‌ش له‌و كێڵگانه، هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌ش كرا كه عێراق غاز به كوێت بدات به قه‌باره‌ی 50 ملیۆن پێی سێجا له رۆژێكدا، هه‌روه‌ها بانگهێشتنی كۆمپانیا كوێتییه‌كان بۆ وه‌به‌رهێنان له پڕۆژه‌كانی وه‌زاره‌تی نه‌وت، له‌باره‌ی میسریشه‌وه یاداشتێكمان واژوو كرد بۆ پێدانی نه‌وتی خاو به میسر و بانگهێشتنی كۆمپانیا میسرییه‌كان بۆ كاركردن له عێراقدا.
ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت به‌رز نه‌بووه‌وه و عێراق پێویستی به داهاتی زیاتر بوو له‌وه‌ی ده‌ستی ده‌كه‌وێت، ئاخۆ عێراق ده‌توانێت له‌و رێككه‌وتنه‌ی ئۆپێك ده‌ربچێت؟
ئه‌و رێككه‌وتنه وه‌ك چاره‌سه‌رییه‌كه بۆ جێگیركردن و به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له بازاڕه‌كانی دنیا، بۆیه عێراق به‌هاوكاری وڵاتانی تر كار بۆ چاره‌سه‌ره‌كه ده‌كات و دابه‌زینی نرخی نه‌وت زیانی بۆ هه‌مووان هه‌یه نه‌ك ته‌نیا عێراق، بۆیه عێراق ده‌توانێ جیا بێته‌وه له‌و رێككه‌وتنه، به‌ڵام عێراق سووره له‌سه‌ر سه‌قامگیری نرخی نه‌وت و رێوشوێنه‌كانی له‌وباره‌وه وه‌رگیراون.
ئایا كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌سه‌ر حیسابی كۆمپانیای نه‌وتی باكور و پارێزگای كه‌ركووك نابێت؟
ئێسته ئێمه كێشه‌مان له باكور هه‌یه له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ك، له‌وانه وه‌ستانی رۆیشتنی نه‌وت له رێگه‌ی لووله نه‌وتی كه‌ركووك- سه‌ڵاحه‌دین- نه‌ینه‌وا كه هه‌ناردنی نه‌وتی راگرتووه، هه‌روه‌ها وه‌ستانی كاركردنی پاڵاوگه‌ی بێجی، بۆیه پرۆسه‌ی به‌رده‌وامبوون له ده‌رهێنانی نه‌وت، پێویستی به‌وه‌یه كه ئه‌و نه‌وته ره‌وانه بكه‌یت، ئه‌ویش له رێگه‌ی هه‌ناردنی بۆ ده‌ره‌وه یان پاڵاوتنی بۆ پێویستی ناوخۆیی، ئه‌وه‌یه زیان به كێڵگه‌كانی نه‌وت ده‌گه‌یه‌نێت نه‌ك بڕیاری عێراق به كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت، واته زیانكه‌وتن به كۆمپانیای نه‌وتی باكور و هیتریش، جگه له ناكۆكییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و نه‌گه‌یشتن به رێككه‌وتن له‌باره‌ی هه‌ناردنی نه‌وتی عێراق له رێگه‌ی هه‌رێمه‌وه، ئه‌وانه به‌شێكن له كێشه‌كه نه‌ك پرۆسه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌باره‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی عێراق، چونكه ئه‌گه‌ر تۆ نه‌توانی نه‌وته‌كه چاره‌سه‌ر بكه‌یت، ئه‌وكات دووباره ده‌خرێته‌وه بیره نه‌وته‌كان و زیانی په‌ره‌پێدان و دارایی دروست ده‌كه‌ن.