شەهد بریفكانی: كاغەزێكی سپی و قەڵەمێك بەسە بۆ ئەوەی خۆت پێ‌ بگەیەنی

:: AM:09:28:27/04/2019 ‌

كچێكی تەمەن 20 ساڵیی دهۆك بەناوی "شەهد بەدیع بریفكانی" كە قوتابی بەشی پلاندانانی زانكۆی دهۆكە، لە رێی وێنەكێشانی مرۆڤ بەشێوەی راستەوخۆ، ناوبانگێكی باشی بۆ خۆی پەیدا كردووە. ئەو لە رێی ئۆنلاینەوە "ئینتەرنێت" وێنەكان دەفرۆشێت و ئاواتی ئەوەیە پەیمانگەیەك بۆ پێگەیاندنی لاوان بكاتەوە.

چۆن هاتیتە ناو دنیای هونەر و بۆچی وێنەكێشانت هەڵبژارد؟

هەر مرۆڤێك كاتێك دێتە ناو كارێك، جا هونەر بێت یان وەرزش و سیاسەت، چیرۆكی خۆی هەیە. ئەوەی پێوەستە بە من تەنیا حەز و ئارەزوو بوو، بە تایبەتی كاتێك منداڵ بووم لە قوتابخانە هەندێك‌ كاری هونەری خەڵكی ترم دەبینی، وا بیرم كردەوە كە منیش دەتوانم وەك ئەوان فێر بم. وێنەكێشان هونەرێكی زۆر گرنگە، هەرچەندە وێنەكێشانی مرۆڤ ئەگەر بە شێوازی راستەوخۆ بێت كارێكی زۆر قورسە، بەڵام زیاتر لە دوو ساڵە لەو بوارەدا كار دەكەم و هەست دەكەم سەركەوتنم تێدا بەدەست هێناوە.
 
هیچ جیاوازییەك لە نێوان وێنەكێشانی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەیە؟

جیاوازی زۆرە، لە وێنەكێشانی راستەوخۆدا تاكتیك و كاری هونەری و ماندووێتی و وردبینی زۆری دەوێ، ئەمە وێڕای ئەوەی وێنەكێشانی راستەوخۆ پێویستی بە شارەزایی زۆر هەیە بە تایبەتی لەوەی نابێت دوا بكەوێت و خێرایی گرنگە و نەبوونی هەڵە، بەڵام دەكرێت لە وێنەكێشانی ناڕاستەوخۆدا زیاتر بیر بكەویتەوە و كاتی زیاتریشت هەیە بۆ ئەوەی وێنەكە تەواو بكەی.

چۆن فێری وێنەكێشان بوویت؟

وێنەكێشان یەكێكە لەو كارانەی زۆر حەزم لێیەتی، هەر رێیەك هەیە بۆ ئەوەی فێربم تاقیم كردەوە، بەڵام گرنگترین هۆی فێربوونم دەگەڕێتەوە بۆ یوتیوب و ئەو گرتانەی لەسەر هونەری وێنەكێشان بڵاو كراونەتەوە.
 
كێ‌ هاوكاریت دەكات؟

هەرچەندە تەنیا خۆم گرنگی بە فێربوون و كارە هونەرییەكان دەدەم، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا دایك و باوكم لە ڕووی دارایی و واتایی زۆر گرنگیم پێ دەدەن، بەگشتیی قەڵەمێكی رەساس و كاغەزێك هەبێت، پێویستیم بەهیچ جۆرە هاوكارییەكی تر نییە، چونكە هونەری وێنەكێشان زیاتر بەندە بە توانا و بیركردنەوە.

دەڵێن كوردییەكەت زۆر لاوازە هۆی ئەوە چییە؟

راستییەكەی ماوەیەك لە مووسڵ ژیاوم و دەرفەتی ئەوەم نەبووە فێری كوردییەكی باش بم، بەڵام ئێستە كە لە دهۆك دەژیم و خوێندكاری زانكۆم، وردە وردە فێری كوردی پەتی دەبم، لەگەڵ زمانی كوردی و عەرەبی هاوكات بە باشی فێری زمانی ئینگلیزی بووم.

تا ئێستە بەشداریت لە پێشانگەی وێنەكێشان كردووە؟

تا ئێستە بەشداریم لە سێ‌ پێشانگەی وێنەكێشان كردووە، ئەوانیش پێشانگەیەكی ناو قوتابخانە، پێشانگەیەكی تری خێرخوازی و پشتیوانی لە ژنان لە بەغدا، هەروەها پێشانگەیەكی تر لە دهۆك.

بۆ ناساندن و فرۆشتن، سوود لە چی وەردەگری؟

بە دڵنیاییەوە تۆڕەكانی كومەڵاتی بە تایبەتی ئینستاگرام بەهێزترین خاڵی ناساندن و سەرچاوەی فرۆشتنی بەرهەمەكانی منە، ئێستە زیاتر لە 50%ی وێنەكانم لە ئۆنلاین دەفرۆشم، خەڵكێكی زۆر داوای ئەوە دەكەن وێنەی خۆیان بۆ بكێشم، بەڵام بەهۆی نەبوونی كات تەنیا لە رۆژانی پشوو دەتوانم خزمەت بە خەڵك بكەم.

كار و پڕۆژەت چین بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بەم هونەرە بدەی؟

من زیاتر كار لەسەر ئەوە دەكەم بتوانم لە وێنەكێشانی راستەوخۆدا گەشە بكەم بۆ ئەوەی بتوانم خزمەتی زیاتر بكەم، هەروەها ئاواتم ئەوەیە پەیمانگەیەكی تایبەت بۆ فێربوونی كچان و لاوان لە بواری هونەر و موزیك بكەمەوە، دەمەوێت لە رێی وێنەكێشانەوە هەموو چیرۆك و گیروگرفتەكانی ژیان و خەڵكی تر بگەیەنم.

وشە/ دهۆك- نەوزاد هلۆری























وشە - وشه‌