ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رای دەگەیەنێت، شوێنی مانەوەی كرێكارانی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی ناتەندروستە و شوێنێكی پیسە و گونجاو نییە.
كاسترۆ مەعرووف ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، لەنزیكەوە ئاگەداری دۆخی خراپی كرێكارانی پاككەرەوەی نەخۆشخانەی شارە و شوێنی مانەوەیان ناتەندروست و گونجاو نییە.
زیاتر گوتی، شوێنی ئەو كرێكارانە لە ڕووی ژینگەوە باش نییە و لە شوێنێكی پیس و خراپدان، لەگەڵ بەڕێوەبەری كۆمپانیای پێوەندیدار قسەمان كردووە كە ئەگەر بەزووترین كات ئەو شوێنە چارەسەر نەكەن ئەوا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.
" پێویستە سەلامەتی كار و شوێنی مانەوەی كرێكار لە لایەن كۆمپانیاكان و لایەنی پێوەندیدار دەستەبەر بكرێت، ئەگەر كۆمپانیاكە پێوەی پابەند نەبێت پێداچونەوە بە گرێبەستەكەی دەكەین" كاسترۆ وای گوت.
پێشتر "وشە" بڵاوی كردەوە ئەركی پاكردنەوەی نەخۆشخانەی شار لە لایەن كۆمپانیای وەرزی خەزان دەبێت و گرێبەستی لەگەڵ حكوومەت هەیە بۆ پاككردنەوەی نەخۆشخانەكە و ماوەی چوار مانگە مووچەی كارمەندەكانی نەداوە.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی