به‌ڕێوه‌به‌ری گشتى نه‌هێشتنی ماده هۆشبه‌ره‌كان رای ده‌گه‌یه‌نێت كه ماده‌ی هۆشبه‌ر مه‌ترسی له‌سه‌ر كوردستان دروست كردووه و رێژه‌ى تووشبووانیش ساڵ به ساڵ زیاد ده‌كات.
لیوا كه‌یوان میرزا تۆفیق له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا داوای هه‌مواری یاسای 14ى ماده‌ی هۆشبه‌ر ده‌كات و پێی وایه دروستكردنى ناوه‌ندێكی چاكسازی چاره‌سه‌ری زۆر له كێشه‌كان ده‌كات. دووپاتیشی ده‌كاته‌وه، "هیچ به‌رپرسێكیش له‌سه‌ر تێوه‌گلان به بازرگانی به‌و ماده‌یه نه‌گیراوه".
ئه‌و به‌رپرسه‌ى نه‌هێشتنی ماده‌ى هۆشبه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه سزاكان توندتر بكرێن به‌وه‌ى مه‌ترسی له‌سه‌ر تێكدانی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌یه، به‌ڵام ده‌ڵێ، گرتن چاره‌سه‌ری كێشه‌كه ناكات ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه هۆشیار نه‌كرێته‌وه.
ماده‌ى هۆشبه‌ر به گشتى بووه‌ته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره بۆ سه‌ر عێراق، هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌شێك له عێراق له كوێی ئه‌و هاوكێشه‌یه‌دایه و بڵاوبوونه‌وه‌ی له‌ناو خه‌ڵك بووه‌ته هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره بۆ سه‌ر ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تى؟
ماده‌ى هۆشبه‌ر، ماده‌یه‌كی كوشنده‌یه و له كوردستانیشدا خواستى له‌سه‌ر دروست بووه. سنوورمان له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا و عێراق فراوانه، ئێرانیش سنووری له‌گه‌ڵ ئه‌فغانستان هه‌یه كه هێڵی كه‌وانه‌ى زێڕین دروست ده‌كات و ماده‌ی هۆشبه‌ر ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌وروپا، پرۆسه‌كه هه‌ر هه‌مووی به قاچاخ ئه‌نجام ده‌درێت.
له مه‌رزه فه‌رمییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هیچ حاڵه‌تێكی هێنانه ژووره‌وه‌ی ماده‌ى هۆشبه‌ر تۆمار نه‌كراوه مه‌گه‌ر به ده‌گمه‌ن كه‌سێك بڕێكی كه‌می به ده‌سته‌وه بگیرێت، ئه‌گه‌رنا بۆ كاری بازرگانی زۆر كه‌مه، بۆیه ئه‌وه‌ى دێته كوردستان به‌وه‌ى عێراقیشه‌وه، به رێى قاچاخ و كۆڵبه‌رییه، له‌مه‌شدا پاسه‌وانی سنوور وه‌ك پێویست نین و لاى ئێرانیش وه‌ك پێویست نین، ئه‌مه وای كردووه قاچاخچییه‌كان سوود له‌و بۆشاییه وه‌ربگرن و به ئاسانی ماده‌ی هۆشبه‌ر بهێننه ناوه‌وه، ئه‌مه‌ش زیانی له كوردستان داوه و گه‌نجی ئێمه‌یش بێبه‌ری نییه له‌و ئافاتهى دووچاری هاتووه.
به‌گوێره‌ى ئاماری 2018 بێت بوونی ئه‌و مادانه گه‌یشتووه‌ته ئاستى مه‌ترسی؟
بێگومان ماده‌ی هۆشبه‌ر مه‌ترسی دروست كردووه. به‌پێی ئاماری رۆژانه‌ى له به‌رده‌ست ئێمه‌دایه و به‌پێی یاسای ژماره 14ى ماده‌ى هۆشبه‌ر، ئێمه وه‌ك تاوانبار مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین و ده‌یانگرین، بۆیه به‌گوێره‌ى رێژه‌كان خه‌ڵكێكی زۆر تووش بوون و ساڵ دوای ساڵیش زیاد ده‌كات.
پێتان وایه گرتن چاره‌سه‌ری كێشه‌كه ده‌كات؟ له وه‌ختێكدا چاكسازییه‌كی تایبه‌ت به ماده‌ى هۆشبه‌ر نییه، هه‌روه‌ها زانیاری وا ده‌گوترێت كه له گرتووخانه‌كانیش تا دێت زیاتر بڵاو ده‌بێته‌وه و خه‌ڵكی تریش كه له‌سه‌ر تاوانی تر گیراون، ئێسته ئالووده بوونه؟
له گرتووخانه‌كانی سه‌ربه ئێمه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك یه‌ك گرامیش ماده‌ى هۆشبه‌ر نه‌چووه‌ته ژووره‌وه، له گرتووخانه‌كانی چاكسازی سه‌ربه وه‌زاره‌تى كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تى و وه‌زاره‌تى ناوخۆ، جارجار ئه‌و حاڵه‌تانه روویان داوه و كه‌سه‌كانیش گیراون و به نووسراوی فه‌رمی بۆ ئاسایش هاتووه.
پێوه‌ند به دروستكردنى چاكسازییه‌كی تایبه‌ت به ماده‌ى هۆشبه‌ر كه بتوانێ خه‌ڵك چاره‌سه‌ر بكات، زۆر گرنگ و پێویسته. پێشتریش داوامان كردووه و له هه‌ولێر زه‌وی دابین كراوه، به‌ڵام به‌هۆی ته‌نگژه‌ى داراییه‌وه نه‌توانراوه باڵه‌خانه‌كه‌ی دروست بكرێت، ده‌خوازین له كابینه‌ى نوێ‌دا ئه‌مه ئه‌نجام بدرێت. چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌و چاكسازییه دروست بكرێت، زۆر له كێشه‌كان پێوه‌ند به ماده‌ى هۆشبه‌ر چاره‌سه‌ر ده‌بن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ره‌نگه خه‌ڵك هه‌بێت كوڕی یان كچی ئالووده‌ی ماده‌ى هۆشبه‌ر بووبێت، پێی نه‌نگی بێت ئاسایشی لێ ئاگادار بكاته‌وه كاتێك دڵنیایه ده‌گیرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌نته‌ره هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ر، ره‌نگه خۆی منداڵه‌كه‌ی بباته ئه‌وێ.
كه‌واته له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری چاكسازی، پێویست ده‌كات یاسای 14ى چاكسازیش هه‌موار بكرێت به‌وه‌ى به‌پێی ئه‌و یاسایه كه‌سی ئالووده و بازرگان هه‌ردووكیان تۆمه‌تبارن؟
له عێراق یاسای نوێ ده‌رچووه و ئێمه‌یش پڕۆژه‌مان پێشكه‌ش به خولی پێشووی په‌رله‌مان كردبوو كه فریا نه‌كه‌وتن بیكه‌ن به یاسا، به‌ڵام به بۆچوونی من ده‌بێت یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ر هه‌موار بكرێته‌وه و سزاكه‌ی توندتر بكرێت، چونكه ماده‌ی هۆشبه‌ر مه‌ترسیداره و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تى ئێمه له بنه‌وه هه‌ڵده‌ته‌كێنێت.
هه‌ندێك زانیاری هه‌ن باس له بڵاوبوونه‌وه‌ی ماده‌ى هۆشبه‌ر له به‌شی ناوخۆیی كچان ده‌كه‌ن، یان به دیوێكی تردا زیاتر كچان ده‌كرێنه ئامانج؟
یه‌ك دوو حاڵه‌ت له‌ناو قوتابخانه‌ى دواناوه‌ندی كوڕان هه‌بووه نه‌ك له كچان، له به‌شه ناوخۆیی كچان و زانكۆكانیش هیچ حاڵه‌تێك تۆمار نه‌كراوه، به‌ڵام ژن هه‌ن كه گیراون، ژنى ئێرانی و عه‌ره‌ب و بیانی و كوردیش، ئه‌وانه له گرتووخانه‌كاندان.
ده‌ڵێی مه‌ترسییه‌كان زیادیان كردووه، به‌پێی ئه‌زموونی ئێوه ده‌بێ چی بكرێت؟
ده‌بێت گرنگی به‌لایه‌نی هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه بدرێت له رێى رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نی، یان بۆردی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ماده‌ى هۆشبه‌ر كه وه‌زیری ته‌ندروستى سه‌رۆكیه‌تى، یان له رێی قوتابخانه و مامۆستایانی ئاینی، هه‌رچی پێویستیش بێت ئێمه ئاماده‌ین هاوكارییان بكه‌ین.
ئاماره‌كان رۆژ دوای رۆژ زیاد ده‌بن، مه‌ترسی بوون به دیارده‌ى لێ ده‌كرێت؟
نه‌خێر، بڵاوبوونه‌وه‌ی ماده‌ى هۆشبه‌ر هێشتا نه‌بووه به دیارده، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وا به‌رده‌وام بێت ده‌بێته دیارده و ئاماره‌كانیش زۆر مه‌ترسیدارن. چونكه گرتنی خه‌ڵك چاره‌سه‌ری كێشه‌كه ناكات و گه‌نجی ئێمه‌ش هۆشیاری نییه و هه‌رچی بیده‌یتێ وه‌ریده‌گرێت و به‌كاری دێنێت، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستى خێزانیش ئه‌و هۆشیارییه نییه.
ده‌نگۆ هه‌یه ماده‌ى هۆشبه‌ر تێكه‌ڵ به كه‌ره‌سته‌ی نێرگه‌له ده‌كرێت، به دیوه‌كه‌ی تردا كامانه‌ن ئه‌و رێیانه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی ماده‌ى هۆشبه‌ر له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا؟
له سنووری هه‌ولێر تا ئێسته 370 تا 400 كافتریا هه‌ن و زیاتر له 250 كافتریا پشكنینیان بۆ كراوه و سه‌ردان كراون، ئه‌مه‌ش به‌رده‌وامی ده‌بێت، به‌ڵام تا ئێسته له هیچ كافتریایه‌ك ماده‌ى هۆشبه‌ر نه‌گیراوه. بۆ زانیاریت ئه‌گه‌ر خاوه‌ن كافتریاكه ماده‌ى هۆشبه‌ر بخاته ناو نێرگه‌له، ئه‌وا هه‌ر بۆی ده‌رناهێنێت، یه‌ك گرامیش بێت زۆری له‌سه‌ر ده‌كه‌وێت له دیوه داراییه‌كه‌ی، له كاتێكدا نێرگه‌له‌یه‌ك به پێنج تا 10 هه‌زار دیناره.
ئه‌وانه‌ى ماده‌ی هۆشبه‌ر به‌كار دێنن به‌نهێنی ده‌یكێشن نه‌ك له كافتریا و شوێنی گشتى، ئه‌وانه‌ى تا ئێسته ئێمه گرتوومانن، زیاتر له‌وانه‌ن كه له براده‌ره‌كانیان یان خزمێكیان فێری بوون، ئه‌مه‌ش زۆرترین رێى بڵاوبوونه‌وه‌یه تا ئێسته له كوردستان.
به‌مدواییه بڕیاری هه‌ڵگرتنی ڤیزا له نێوان عێراق و ئێران ده‌رچوو، پێت وایه چه‌نده مه‌ترسی هێنانی بڕی زیاتری ماده‌ى هۆشبه‌ر ده‌كرێت به‌وه‌ی ئه‌گه‌ری زۆره ژماره‌ى گه‌شتیاران زۆر زیاد بكات؟
ئه‌و مه‌ترسییه دروست ناكات، چونكه وه‌ك جاران پشكنینیان بۆ ده‌كرێت.
هیچ ئامارێكتان هه‌یه له‌باره‌ی ژماره‌ى بازرگانانی ماده‌ى هۆشبه‌ر له كوردستان؟
بۆ زانیاریتان بازرگانی ماده‌ى هۆشبه‌ر له كوردستان نییه، ئه‌وه‌ی هه‌یه زیاتر ورده فرۆشن كه بڕی چه‌ند گرامێك تا نیو كیلۆ له‌گه‌ڵ خۆیان دێنن. بازرگانه‌كانی كوردستان ئه‌وانه‌ن كه ره‌نگه چه‌ند گه‌نجێك گرووپێك دروست بكه‌ن و دابه‌شی سه‌ر یه‌كتری بكه‌ن.
به‌پێی راپۆرته میدیاییه‌كان، عێراق بووه‌ته سه‌نته‌رێكی باشی گواستنه‌وه‌ی ماده‌ى هۆشبه‌ر، كوردستان له كوێی ئه‌و هاوكێشه‌یه‌دایه؟
سنووری كه‌وانه‌ى زێڕین له ئێران بۆ عێراق و پاشان توركیا، ماده‌ى هۆشبه‌ر ده‌گوازرێته‌وه و به خاكی كوردستاندا تێناپه‌ڕێت تا لێی به‌رپرس بین و كۆنتڕۆڵی بكه‌ین، ئه‌و سنووره نێوده‌وڵه‌تییه و تا ئێسته له‌لایه‌ن هیچ كام له‌و ده‌وڵه‌تانه كۆنتڕۆڵ نه‌كراوه.
قسه له‌سه‌ر تێوه‌گلانی به‌رپرسان له بازرگانی ماده‌ى هۆشبه‌ر ده‌كرێت، به‌دیوه‌كه‌ی تر ده‌گوترێت ماده‌ى هۆشبه‌ر گیراوه و ده‌ركه‌وتووه به‌رپرسێكی له پشته‌وه بووه؟
كه‌سێك ئه‌گه‌ر به‌رپرس بێت و پاڵپشتى ماده‌ى هۆشبه‌ر بكات، ئه‌وه به‌رپرس نییه، به‌رپرس نابێت پشتگیری ماده‌ى هۆشبه‌ر بكات.
ببووره راتده‌گرم. ئه‌و قسه‌یه وه‌ك بنه‌ما راسته، به‌ڵام قسه له‌سه‌ر تێوه‌گلانی به‌رپرسانیش ده‌كرێت؟
تا ئێسته نه‌مبیستووه له سنووری ده‌سه‌ڵاتی ئێمه به‌رپرس هه‌بووبێت ده‌ستى له ماده‌ى هۆشبه‌ر تێكه‌ڵ كردبێت، چونكه قبووڵی ناكه‌ین و ئه‌و كه‌سه لاى ئێمه تاوانباره نه‌ك به‌رپرس، ئێمه به‌وانه ده‌ڵێین خه‌ڵكی نابه‌رپرس و چاوپۆشی‌یان لێ ناكه‌ین و نایشارینه‌وه، به‌ڵام تا ئێسته هیچ به‌رپرسێك لاى ئێمه له‌سه‌ر ماده‌ى هۆشبه‌ر نه‌گیراوه.
له سنووری سلێمانی ده‌زگه‌یه‌كی تری هاوشێوه‌ى ئێوه هه‌یه، ناكۆكی و ململانێ سیاسییه‌كانی نێوان حزبه‌كان كاریگه‌ری له‌سه‌ر هاوئاهه‌نگی نێوانتان دروست كردووه؟
پێوه‌ندیمان هه‌یه و رۆژانه پێوه‌ندی به یه‌كتره‌وه ده‌كه‌ین، هه‌ر زانیارییه‌ك هه‌بێت پێوه‌ندی ده‌كه‌ین، بۆیه ململانێی سیاسی كاریگه‌ری له‌سه‌ر پێوه‌ندییه‌كانی ئێمه نه‌كردووه.
له‌گه‌ڵ به‌غدا پێوه‌ندیتان چۆنه؟
به‌ڵێ هه‌مانه و یه‌كتر ده‌ناسین، به‌ڵام كارمان نه‌بووه تا به‌یه‌كه‌وه كار بكه‌ین.
ئه‌وان له ماوه‌ى رابردوودا هاوئاهه‌نگییان له‌گه‌ڵ سعوودیه و وڵاتانی تریش دروست كردووه بۆ راهێنان و ئاڵوگۆڕی زانیاری، ئێوه له كوێی ئه‌و هاوكێشهیهدان؟
هێشتا نه‌چووینه‌ته ناو ئه‌و هاوكێشه‌یه و ئه‌و هاوئاههنگییهمان نییه و ئیشمان له‌سه‌ر نه‌كردووه.
*ماده‌ی هۆشبه‌ر مه‌ترسی دروست كردووه و ساڵ دوای ساڵیش زیاد ده‌كات.
*بازرگانی ماده‌ى هۆشبه‌ر له كوردستان نییه، ئه‌وه‌ی هه‌یه زیاتر ورده فرۆشن.