حكوومەت مەرجی بۆ دابەشکردنی سێ مووچەکە هەیە

گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر دابەشكردنی سێ‌ مووچە بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوە دەدات و ئاشكرای دەكات، ئەگەر عێراق سێ‌ مووچە بنێرێت، ئێمەش دابەشی دەكەین.

ئەمڕۆ یەكشەم 28ـی نیسان، سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە، حكوومەتی هەرێم بەردەوام دەبێـت لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران لە كاتی خۆیدا بە گوێرەی داهاتی حكوومەت و ئەو بەشە بودجەیەی لەلایەن بەغداوە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران دێـت.

گوتەبێژی حكوومەت ڕوونی كردووەتەوە، بەغدا 60% ی بەشە بودجەی مووچەی فەرمانبەران دەنێرێت كە   460 ملیار دینارە، بەشێكی نەناردووە لەناویاندا مووچە و خەرجیی سیادیی پێشمەرگە كە حكوومەتی هەرێم خۆی 40%ـەكەی تر دابین دەكات و 400 ملیار دینارە، هەر كاتێكیش پارەی دیاریكراوی سێ مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە بێتە ناردن، دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.

دزەیی بۆ هۆكاری بەرزی نرخی بەنزین ڕوونی كردووەتەوە، نرخی بەنزین لە بازاڕەكان بەشێوەی ئازاد مامەڵەی پێوە دەكرێت، حكوومەتی هەرێمیش بۆ ئەوەی بەنزینێكی باش و كوالێتی بەرز بە نرخی گونجاو پێشكەش بە هاووڵاتییان بكات، كێبەركێی باشی لە نێوان بازرگانەكاندا دروست كردووە، لە ڕابردوو حكوومەت بەنزینی لە دەرەوە دەهێنا، بەڵام خەرجییەكی زۆر لەسەر حكوومەت دەوەستا.



وشە - رامیار جەواد


AM:11:30:28/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 10527 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌