ساڵێكە دۆسیەی تریفە سەردار لە دادگا یەكلا نەكراوەتەوە

:: PM:05:42:08/05/2019 ‌
 دۆسیەكانی كوشتنی ژنان لە كوردستان یەكێكە لەو دۆسیانەی لە درەنگترین ماوەدا لە دادگاكان یەكلا دەكرێنەوە، زۆر جاریش تا یەكلا دەكرێتەوە، دەیان كێشەی تری كۆمەڵایەتی لێ‌ دەكەوێتەوە یان ناچار دەبن بە سوڵحی عەشایەری دۆسیەكە یەكلا بكەنەوە.

دۆسیەی "تریفە سەردار" لە هەولێر نموونەیەكی ڕوونی ئەو كێشانەیە لە دادگا. ساڵی ڕابردوو لە 11ی ئایار ژنێك بەناوی تریفە سەردار لە هەولێر كوژرا، بەڵام هێشتا دادگا دوای ساڵێك دۆسیەكەی یەكلا نەكردووەتەوە و هەوڵی گۆڕینی مادە یاساییەكەیشی لە دادگا بەردەوامە.

ڕووداوەكە بەمشێوەیە بوو، ژنێك بەناوی تریفە سەردار /29 ساڵ/ لەناو ئۆتۆمبێلەكەی لە بەرچاوی دوو منداڵەكەی لەلایەن مێردەكەیەوە تەقەی لێ‌ كرا و كوژرا، ڕووداوەكە لە شەقامی 120 مەتری هەولێر ڕووی دا و لەگەڵ گرتنی هاوسەرەكەی تریفە، پۆلیس ڕای گەیاند، "بەپێی شایەتی منداڵەكانی، بكوژ بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی گیراوە كە سزاكە گرتنی تاهەتایی تا لە سێدارەدانە".

بەڵام دواتر لە دادگای تەمیزی هەولێر مادەكەی گۆڕا بۆ 411 و سزاكەی پێنج ساڵ گرتنە كە ئەگەر سیستمی شەو و ڕۆژی بۆ هەژمار بكرێ‌، ئەو پێنج ساڵە دەبێتە دوو ساڵ و نیو.

دوای ساڵێك بە دواداچوون و كێشەكە لە دادگا، محەمەد سەردار برای تریفە دوایین زانیاری لەسەر دۆسیەكە بۆ "وشە" دەخاتە ڕوو. 

محەمەد دەڵێ‌ "دۆسیەكە هێشتا لە دادگا یەكلا نەكراوەتەوە و چاوەڕێ‌ دەكەین لە دادگای تەمیزەوە بڕیاری لەسەر بدرێ‌، بۆیە هێشتا لە دڵەڕاوكێدا دەژین".

ئەو گوتی، "بەپێی هەموو بەڵگە و شایەتەكان، هاوسەری تریفە بكوژەكەیە و پێویستە ئەو هەوڵە ڕابگیرێ‌ كە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن تریفە خۆی تەقەی لە خۆی كردووە". هاوكات داوای كرد، میدیاكانی كوردستان هاوكاربن تا ڕێگربن لە بەلاڕێدابردنی دۆسیەی كوشتنی تریفە بكرێ.

محەمەد ئاماژەی بەوەدا كە هیچ پێوەندییەكیان بە خێزانی هاوسەرەكەی تریفەوە نەماوە و ناشیانەوێ‌ لەسەر ئەو پرسە سوڵحی عەشایەری بكەن، چونكە هەموو ڕێڕەوە یاساییەكان پێویستە تەواو بن، ئەگەر ئەو كاتە شتێك هەبوو خۆمان یەكلای دەكەینەوە.

تریفە هاوشێوەی كەیسەكەی سێوان نییە و هیچ گوتەیەكی پێش مردنی لێ‌ وەرنەگیراوە، چونكە وەك براكەی دەڵێ‌، "پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لە دەست داوە". 

"سەعات سێی دوای نیوەڕۆ پێوەندییان پێوە كردم بگەمە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوا بەهۆی ئەوەی خوشكەكەم كوژراوە، خێرا چوومە نەخۆشخانە و ئەو ژوورەی تریفەی لێ بوو، بەڵام مردبوو، چونكە پێش ئەوەی بگاتە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دابوو، بۆیە هیچ گوتە (ئیفادە)یەكی نییە، هەر ئەوكاتە پزیشكەكە پێی گوتم خوشكەكەت كوژراوە" محەمەد وای گوت.

نزیكەی 11 مانگ پێش ڕووداوەكە، تریفە و هاوسەرەكەی دەبێت بە كێشەیان و لە یەكەم ڕۆژی جەژنی رەمەزانی ساڵی رابردوودا هاوسەرەكەی بەشێوەیەك لە تریفە دەدات كە هەموو سەروچاوی شین دەكاتەوە.

ئێستە مێردەكەی تەریفە لە گرتووخانەیە و خێزانەكەیشی نایانەوێ‌ هیچ قسەیەك لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە بكەن. بەڵام پارێزەرێك دەڵێت، پێویستە دۆسیەی لەو شێوەیە لە دادگە دوا نەخرێ‌، چونكە جار هەیە كێشەی تری كۆمەڵایەتی لێ دەكەوێتەوە یان ڕێڕەوی یاسایی دەگۆڕێت و بە سوڵحی عەشایەری چارەسەر دەكرێ‌.

توانا عەلی پارێزەر بۆ "وشە" روونی كردەوە، "دواخستنی ئەو دۆسیانە كاریگەری زیاتری لێ‌ دەكەوێتەوە و زۆرجار دەبێتە هۆی كێشەی كۆمەڵایەتیی زیاتر، بۆیە پێویستە دادگە بە ڕوونی ئەو دۆسیانە یەكلا بكاتەوە.

ئەو گوتی، گۆڕینی مادەی یاسایی شتێكی ئاسایی نییە و پێویستە لەسەر بنەمای بەڵگە گۆڕانكاری تێدا بكرێ‌، نەك بە هەڕەمەكی بڕیاری لەسەر بدرێ‌.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم